۱۳۹۴/۰۲/۲۸

بۆچی کورد دەنگ بە ئەکەپە دەدات؟ کەمال چۆمانی



زۆر کەس بردنەوەی دەنگی کوردان لەلایەن پارتیی داد و گەشەپێدانەوە (ئەکەپە) لە ناوچە کوردییەکان بە شکستی پارتیی دیمۆکراتیی گەلان (هەدەپە) دادەنێن، هەندێک لەوانە پێی نیگەرانن و هەندێکیش پێی دڵخۆشن. هەوڵدەدەم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە زۆر دۆستیش ئاراستەیان کردوم.
بەر لەوەی ئەو پرسیارە بکەیت، بگەڕێوە ساڵانی هەشتاکان لە سەردەمی بەعس دا. ژمارەی جاشەکان چەند بو و ژمارەی پێشمەرگەکان چەند بوو؟
لەوانەیە نەوەی دوای راپەڕین بیت، ئێستا لە خۆت بپرسە، حزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، حزبی دێمۆکراتی کوردستان، کۆمەڵەکان و هەمو حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، چەند پێشمەرگەیان هەیە، ئەی چەند کورد لە ریزەکانی هێزەکانی سەر بە دەوڵەت دان؟

دەی تۆ لەوانەیە لە رەوشی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاگادار نەبیت، خۆ ئاگاداری لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان. گەر دراو و درۆ و دەستەڵات نەبوایە، پێتوایە هەرگیز پارتی و یەکێتی ئەوەندە کورسییەیان هێنابوایە؟
لە خۆت پرسیوە بۆچی هێشتاش لە موسڵ کوردان دەنگدەدەن بە هێزەکەی ئەسیل نوجەیفیی؟ بۆچی ئەو هەزاران کوردە فەیلییەی بەغداد دەنگنادەن بە کورد؟ بۆچی لە کەرکوک کورد ناتوانێت تەواوی دەنگەکان بەدەستبێنێت؟
هەوڵدەدەم بەکورتی رونیبکەمەوە بۆچی کورد دەنگ بە ئەکەپە دەدات؟
# بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان لە هەر پارچەیەکی کوردستان و شێوازی چەوساندنەوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکان، جیاوازییەکی بەرچاویان هەبوە. بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان لە باکور جیاوازە لە بزوتنەوەی رزگاریخوازیی باشور و رۆژهەڵات، لەوێ شۆڕش لە نەبونەوە دەستیپێکرد. خەباتی گەورە و زەحمەتی پەکەکە هەر بەرانبەر دەوڵەت نەبوە، بەڵکو خەبات بوە بۆ بە کورد کردنەوەی ئەو ملیۆنان کوردەی کە تەنانەت زمانی خۆشیان لەبیرکردوە. لەوانەیە زۆرجار رەخنەبگریت بۆچی گوڵتان کیشەناکی سەرۆک شارەوانیی گەورەترین شاری کوردستان بۆچی ناتوانێت بە کوردیی قسەبکا، وانییە؟ دەزانیت لەیلا زانا تا تەمەنی ١٤ ساڵان کوردیی نەزانیوە؟
# تورکیا قەدەغەی خستبوە سەر زمان، ناسنامە، کەلتور و هەمو شتێکی کورد و کوردبون. تەنانەت قسەکردن بە کوردیی نەک هەر سزای لەسەر بو بە پارە و بە زیندان، بەڵکو بو بو بە شەرمیش. هەستناکەیت ئەوە خەباتێکی درێژتری دەوێت؟
# تورکیا، بە دەستپێکردنی شەڕی چەکداریی لەلایەن پارتیی کرێکارانەوە لە ١٩٨٤، دەستیکرد بە دروستکردنی دوبەرەکی لەنێوان کوردان دا. یەکەم هەنگاوی، کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەیان ساڵی تریش دەمێنێتەوە، دەستپێکردنی “پاسەوانی گوند” بو. پاسەوانی گوند، لە وێنەی جاشایەتییە لە سەردەمی بەعس. تا ئێستاش نزیکەی ١٠٠ هەزار پاسەوانی گوند هەیە کە تێکڕا نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس ژیانیان پەیوەستە بەو “پاسەوانی گوند”ەوە.
# ئەکەپە جیاوازیی دەکات لەنێوان ئەو شارەوانییانەی کە لەژێر دەستی هەدەپە دان و ئەو شارەوانییانەی لەژێر دەستی ئەکەپە دان. بیرت دێت کاتێک بەرهەم ساڵح سەرۆک حکومەت بو، لە هەمو شوێنێکەوە کێشەیان بۆ دروستدەکرد؟ ئایا نێچیرڤان بارزانی ئێستاش دەتوانێت وەک پێویست دەستەڵاتەکانی لە سلێمانیی بەکاربهێنێت؟
# رونتر، ئایا وەزیری دارایی حکومەتی بەغداد، هۆشیار زێباری نییە، ئەی بۆچی بودجە بڕدراوە؟ پێت سەیر نەبو کاتێک خەڵک دژی حکومەتی هەرێم خۆپیشاندانی کرد و لە سۆشیەڵ میدیا زۆر خەڵک پەسندی مالیکییان کرد بەسەر حکومەتی هەرێم دا؟
# ئەکەپە پارە و دەستەڵاتی لەبەر دەستە، لەڕێی ئەو دو وەسیلەیەوە، توانیویەتی زۆر ئاسان دەنگێکی زۆری خەڵکی کورد ببات.
# ئایا دەزانیت زیاد لە ملیۆنێک و نیو کورد لە ناوخۆی تورکیا دا ئاوارە بوە؟ ئەوانە زۆریان کۆچیان پێ کراوە بۆ شارە تورکەکان و لەوێ تەنانەت کوردییشیان بیرچۆتەوە. ئەی ئەو هەمو شارە کوردییەی ئێستا زۆرینە تورکن؟
# دەوڵەت دوژمنایەتییەکی زۆر خراپی لەنێوان کوردان دا دروستکردوە، لەلایەک لەنێوان پەکەکە و ئەو عەشیرەت و کەسایەتییانەی بونە بەشێک لە “پاسەوانی گوند”، لە لایەکی تریش لەگەڵ ئەو هێزانەی کە نزیک بون و نزیکن لە دەوڵەت و ئەکەپە، بە نمونە لەگەڵ هودا-پاڕ و زۆر کەسایەتیی دیکە.
# پارتیی دیمۆکراتیی کوردستان و مەسعود بارزانیی، هۆکارێکی دیکەن کە هەندێک لە کوردەکان دەنگدەدەن بە ئەکەپە، هەرچەندە کەم بن، بەڵام لەڕوی سیمبۆلییەوە مانابەخشە بۆ ئەکەپە.
# هۆکارێکی تر کە کەمتر لەلایەن لایەنگرانی هەدەپەوە ئاماژەی بۆ دەکرێت، ئەوەیە کە هەندێک لە بەرپرسانی هەدەپە زۆر سەرکەوتو نەبونە لە کاروبارەکانیان دا. هەر ئەمەشە وایکرد عەبدوڵا ئۆجەلان رەخنەیان لێبگرێت و داوایکرد کۆنفڕەنسی ئابوریی لە ئامەد ببەسترێت. هەدەپە -مەبەست لەو هێزانەشە کە هەدەپە درێژکراوەیانە- زیاتر جەختیان لەسەر مافە دێمۆکراسیی و نەتەوەییەکان بوە، زیاتر جەختیان لەسەر مافی ژن و مافی منداڵ و مافی ئینسان کردۆتەوە و خەباتیان بۆ کردوە، بەڵام خەڵک لەپاڵ ئەو مافانە دا، لە هەمو شتێک گرنگتر لایان، خۆشگوزەرانیی و ئابورییەکی بەهێزە. بۆیە لە چەند ساڵی رابردو دا، بەجدی هەوڵیانداوە ئەو بۆشاییەش پڕبکەنەوە، بەڵام ئەزمونی حوکومەتداریی و کارگێڕیی، قوڕسە. هەدەپە هێزێکی نوێیە لەناو سیستەمی حوکمڕانیی دا. هەرچەندە هەوڵی جدیی خۆیان دەدەن، بەڵام دەوڵەت هەرگیز هاوکار نییە لە بەرەوپێشبردنی پڕۆژە ئابورییەکان لە ناوچە کوردییەکان دا. ئەوانەی یەک جار سەردانی تورکیایان کردبێت، ئاسان بۆی روندەبێتەوە چۆن دەوڵەت سزای ناوچە کوردییەکانی داوە.
# بەکارهێنانی ئیسلام لەلایەن ئەکەپە بەسەرکەوتویی و زۆر بەخراپی هۆکارێکی هەرە کاریگەرە لەوەی خەڵک دەنگ بە ئەکەپە دەدات. هەرچەندە بەکارهێنانی هەر ئامرازێکی دینیی و گوتارێکی دینیی لە هەڵبژاردن دا بەپێی قانون قەدەغەیە لە تورکیا، بەڵام ئەردۆغان دەبینن قوڕئان بەکاردێنێت. هەدەپە هانای بۆ وەسیلەی وا نەبردوە، یان رونتر بڵێم سەرکەوتو نەبونە لەوەی گوێ لە بیر و تێڕوانینەکانی ئۆجەلان بگرن بۆ شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئیسلام. با نمونەیەک باسبکەین، لە پەیامی نەورۆزی ساڵی ٢٠١٣ دا، پەیامەکەی ئۆجەلان زۆر گونجاو بو لەگەڵ کڕۆک و ناوەڕۆکی ئیسلام، ئاماژەشی بە “ئیسلام” کردبو وەک دینی مەحەبەت و پێکەوەژیان، بەڵام هەدەپە نەیتوانیوە سود لەوە وەربگرێت. راستە لەناو هەدەپە دا کاندیدی وەک ئاڵتان تان و هودا کایا هەن، بەڵام لە بەرانبەر دا، میدیای دەوڵەت و ئەردۆغان زۆر خراپ لەسەر ئەو مەسەلەیە دژ بە هەدەپە ئیشدەکەن.
# میدیای هەدەپە، ئابوریی هەدەپە، پشتیوانیی سەرمایەداران لە هەدەپە، بە بەراورد بە ئەکەپە، لە ئاستی نەبون دایە.
دەنگدانی کوردان بە ئەکەپە روداوێکی نامۆ و نائاسایی نییە. هەرگیزیش ئەوانە بە خائین و جاش دانانێم کە دەنگدەدەن بە ئەکەپە، بەڵکو پێموایە دەبێت هەدەپە خەباتی خۆی فراوانتر و جدیتر بکات تا ئەو دەنگانەی ئەکەپە لە کوردان دەدزێت، بیباتەوە. رۆژ دوای رۆژ ئەو دەنگە دزراوانە دێنەوە. هەرچەندە هەندێک لەو دەنگانە خۆیان فرۆشتوە بە دەوڵەت و ئەکەپە، وەک ئەو کوردانەی لە ساڵانی هەشتاکان دا ئەنفالی کوردیان کرد، بەڵام هێشتاش خەباتی رزگاریخوازیی کوردستان زۆری ماوە بە مەنزڵ بگات. ئەوەی لە هەڵبژاردنی رابردو دا دژ بە هەدەپە بو، ئێستا کامپێین بۆ هەدەپە دەکات.
ئێن ئار تی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر