۱۳۹۵/۰۶/۲۷

بیرەوەرییەکی مامۆستا هەژار سەبارەت بە د. شەڕەفکەندی برای

sharafkandi
دەعوەتێک بۆ کۆڕی زانیاری کورد لە فەرانسەوە هات کە لە کۆنگرەی رۆژهەڵات ناسانی دونیادا کە هەر بە چوار ساڵ جارێک دەبەسترێ، بەشدار بین. دوکتور کەماڵ مەزهەر و منیان دەسنیشان کرد. بە تەیارە گەیشتینە فڕگەی ئورلی. خانم “جویس بلۆ” لە گەڵ لاوێکی سەر خڕ، چاوە نۆری دەکردین. بیست و حەوت ساڵ بوو برایەکم لە کلاسی دووەمی ئیبتیدائی لە بۆکان بە جێ هێشتبوو. ئێستا لە فەرەنسەیە و بۆ دوکتورای شیمی دەخوێنێ. بە سەرە خڕەکەی لە دوور ناسیمەوە. بە دیتنەوەی گریانم هات. ژیانی ئەو چەند ساڵ لێک هەڵبڕانەم وەک شڕیتێکی سینەمائی هاتەوە بەر چاو…
سادقی برام کە بە ناو مەولانای خاڵی باوکمەوە کرابوو، تەمەنی هەشت مانگ بوو باوکم مرد. من هەم باوکی بووم هەم دایکی. چونکە دایکی لە پاش ساڵێک مەرگی بام مێری کردوە و بە جێی هێشت. منداڵێکی زۆر خوێن شیرین بوو. جاری وا هەبوو ژنانی دێ لێیان دەدزین. شێت دەبووین تا بۆیان دەهێناینەوە. هەموو دڵ و گیان و ئیمانم بە سەر خۆشەویستی ئەودا ساغ ببوەوە. کە ببوە چوار ساڵە کەمێک دەرسم پێ گوت. زۆر زیرەک بوو. کە هاتینە بۆکان لە مەدرەسە داممەزراند. هەمیشە لە نومرە کۆکردنەوەی حەوتانەشدا، هەر یەکەم بوو. لە بیرمە جارێک لە ماڵە ” ساڵحی شاتری” بووم لە سابڵاغ. گوتیان سادق لە بۆکان نەخۆشە، لە بیرم چوو کەوش دە پێ کەم بە تای گۆرەوی رام کردە دەر. لە کۆڵان کەوشەکانیان بۆ هێنام. بە پەلە خۆم گەیاندەوە لای. شەقی زەمانە وای هەڵداشتم کە سادقم لە کلاسی دووهەمی سەرەتائی بە جێ هێشت و لێم ببوو بە داخ و حەسرەتێکی گەورە. تەنیا جارێک کە لە شاری جزیری سووریا دەژیام، یانێ پاش یازدە ساڵ دووری، نامەیەکی سادقم لە تارانەوە بۆ هات. نووسیبووی: پارەکە خەبری تۆیان داومەتێ کە لە ” قبورالبیض”ی. باسی خۆی کردبوو کە دوای دیپلم وەرگرتنی، لە دانشگای پزیشکی قەبووڵ کراوە بەڵام چونکا عەبدوڵای برای دەستی باشی ناڕوا و پزیشکی مەخارج و ماوەی زۆری دەوێ وای هێناوە و لە دارولموعەلیمینی بەرزدا دامەزراوە. ئێتر خەبەرم لێ بڕا بوو. ئەوە دیسان لە فەرانسە دەیبینمەوە. زۆرم سپاسی خانمی ” جۆیس بلۆ” کرد کە ئەم دیاریە بە قیمەتەی نیشان داوم.
” جۆیس بلۆ” ژنێکی جوولەیەی فەرانسی بوو کە بە مینداڵی لە میسر ژیابوو. عەرەبی میسریانەی وەک بلبل دەزانی. کاری لە سەر ئەدەبیاتی کورد دەکرد. دەرسێکی باسی کوردی لە “سۆربۆن” دەگوتەوە. دە گەڵ دوکتور کامران عالی بەدرخان و خانمەکەیدا -هاتبوونە ناو پردان لە شۆڕش- ببووینە ئاشنا. هاتبوە بەغداش و دەعوەتم بۆ کردبوو. لە کٶڕی زانیاریشدا چەن ڕۆژێک پێکەوە بووین.
سادق ماڵێکی گرتبوو لە تەبەقەی هەمکەفی خانوویەکی حەوت تەبەقەدا لە نزیک “سۆربۆن”. قەرار درا من میوانی ئەو بم. لەو رۆژانەدا کە تازە چووم، سادق چاوەنۆڕ بوو ژنەکەی بە منداڵێکی ساواوە بێتە فەرانسە لە تارانەوە. رۆژانە دەچوە فڕگە و تا نیوەڕۆ نەدەهاتەوە. ڕۆژێک گوتی: تۆ لە ماڵ بە تەلەفۆنم کردوە یەخەچاڵم تازە کڕیوە، لە کار وێستاوە. دوو جار موهەندیس هاتوە لە ماڵ نەبووم. ئەو رۆژە موهەندیس نەهات. سادق لە داخان شەقێکی دە یەخەچاڵ هەڵدا، وەکار کەوت. موهەندیس هات گوتی: هیچ عەیبی نیە. (سادق) گوتی: بەڵێ، فێرە شەق تێهەڵدان بوو. نەمزانی بوو.
چێشتی مجێور لاپەڕەی ٤٧٠

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر