پیاوسه‌روه‌ری[۱](patriarchy) که چه‌مکی به‌رئاماژه‌ی زۆربه‌ی ره‌وته فێمێنیستییه‌کان له هه‌ڵسه‌نگاندنی نابه‌رابه‌ری ره‌گه‌زی و هه‌ڵاواردنی جینسی نێۆ کۆمه‌ڵگا جیاوازه‌کاندایه؛ له درێژایی مێژوودا وه‌کوو شێوازی زاڵ و سه‌رچه‌شنی یه‌که کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌وری نواندوه. «”پیاوسالاری” سیسته‌مێک له پێکهاته و کاروکرده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه که تێیدا ژنان له‌ژێر ده‌سه‌ڵات، سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی پیاواندا ده‌ژین.»(والبی، له زاری گیدێنز،۸۸، ل۱۷۰)
ئه‌م سیته‌مه هه‌ر له پێوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه تاکوو ناوه‌نده فه‌رهه‌نگییه‌کانی په‌روه‌رده، میدیا و ره‌سم و رێسای کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رکه‌وته و نیشانه‌ی ده‌بێت. “پیاوسه‌روه‌ری زمانی”، هه‌ڵهێنجان و ده‌رکه‌وته‌ی ئه‌و سیسته‌مه ره‌گه‌ز-ته‌وه‌رانه له پانتایی زماندایه؛ و ئه‌م پانتاییه هه‌ر له زمانی ئاخاوتنی رۆژانه‌وه تاکوو زمانی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌ده‌بی و جوانناسانه له‌خۆ ده‌گرێت. وه‌ک لایه‌نگرانی بهرسازێنگهری کۆمه‌ڵایه‌تی(social constructivism) ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ن، به پێکهاتهدهرهاتنی ئه‌زموون و ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤ، له چوارچێوه‌ی سه‌رچه‌شنه زمانییه‌کان و میکانیزمه‌کانی ده‌ربڕیندا دێته ئه‌نجام؛ که‌وایه به‌کارهێنانی رسته و رێزمانی پپیاوسهروهرانه، مرۆڤه‌کان له به‌ڕێوه‌بردن و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی گوتار و ئاراسته‌ی ههڵاواردنخوازانهی ره‌گه‌ز-ته‌وه‌ر ئالیکار و به‌شدار ده‌کات.
دکتۆر ئه‌میری حه‌سه‌نپوور له وتاری “به‌رهه‌مهاتنه‌وه‌ی پیاوسالاری له زمانی کوردی‌دا”(۱۳۹۰) لێکدانه‌وه‌یه‌کی ورده‌کارانه له‌مه‌ڕ میکانیزمه‌کانی زمانیی پیاوسه‌روه‌ری، له زمانی کوردی‌دا دێنێته ئاراوه و پێی وایه ئه‌گه‌رچی له زمانی کوردی سۆرانی‌دا، جنسییه‌تی رێزمانی، تا ڕاده‌یه‌ک غایبه به‌ڵام پێوه‌ندییه‌کانی پیاوسه‌روه‌ری له‌م زمانه‌دا به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ئاماده‌یه.(ل۹۵) حه‌سه‌نپوور ئاماژه به‌و راستییه ئه‌دات که له زمانی کوردی‌دا؛ وه‌ک زۆربه‌ی زمانه‌کانیتر، وشه‌ی “پیاو”(man) زۆر جار له جێگای مرۆڤ(human)به واتای گشتی داده‌نرێت(پیاو=مرۆڤ) و ئه‌مه‌ش وا ده‌کات که سه‌رچه‌شنی “پیاو” له شێواز و جه‌سته‌وه بگره تاکوو کردار و هه‌ڵسوکه‌وت وه‌کوو پێوه‌رێکی یۆنیڤێرساڵ و ته‌واوکۆ له به‌رچاو بگیردرێت و به‌م چه‌شنه ژن و جیهانی ژنانه له بازنه‌ی پێناسه‌ی مرۆڤ دوور بخاته‌وه:(پیاوه‌تی، پیاوانه، پیاوکوشتن، پیاوخراپ و…)
ئه‌م میکانیزمه ره‌گه‌ز-ته‌وه‌رانه له زماندا وا ده‌کات که ئاکار و کرداره په‌سه‌ند و پۆزه‌تیڤه‌کان هه‌میشه به نێوی پیاوه‌وه گرێ بدرێت و ببێته خاوه‌نی ئاوه‌ڵناوێکی پیاوانه(masculinize)؛ و به‌پێچه‌وانه‌وه ته‌واوی ره‌وشت و هه‌ڵسووکه‌وته ناپه‌سه‌نده‌کان له روانگه‌ی کۆمه‌ڵگاوه به وه‌سفێکی ژنانه و ئاوه‌ڵناوی ژنه‌وه ناودێر بکرێت(feminize). هه‌ر بۆیه ئاوه‌ڵناوی پۆزه‌تیڤی پیاوانه وه‌کوو “ئازا، به‌خشنده، دلاوه‌ر و به‌هێز” له‌هه‌مبه‌ر ئاوه‌ڵناوی نیگه‌تیڤی ژنانه‌دا؛ “لاواز، هه‌ڵخڵه‌تێنه‌ر، ده‌مامکدار، ئاڵۆش و ههزارڕهنگ”، جیهانێکی دووجه‌مسه‌ری (binary) له زماندا ده‌خوڵقێنن که وه‌کوو سه‌رچاوه‌یه‌کی خوێندنه‌وه(interpretative repertoire)، گوتار و ئاراسته‌ی ههڵاواردنگهرانه هه‌م له ئاستی زه‌یندا و هه‌م له پانتایی واقیعدا به‌رهه‌م دێنێت. حه‌سه‌نپوور وته‌نی وه‌سفه‌کانی «ژنانی، ژنانیله، مێچکه، کچڕهنگ، ئاریله، نێره‌مووک» بۆ پیاوان و هه‌روه‌ها ده‌سته‌واژه‌ی «دێڵه‌به‌با، ئاڵۆش، به‌ستۆکه، دێڵهدڕ» بۆ ژنان هه‌ڵگری چه‌شنێک سیاسه‌تی ره‌گه‌زی(politics of gender) له پانتایی زماندایه که ژێرده‌ستی و پاتراندنی کۆمه‌ڵایه‌تی(social exclusion) ژنان پاساو ده‌داته‌وه.
فۆلکلۆری کوردی و ئه‌ده‌بی زاره‌کی که به شێوهیهکهاوپێوهند له‌گه‌ڵ شێوه‌ژیانی شوانکاره‌یی و وهرزێڕیدا به‌رهه‌مهاتووه، پێگه‌ی کرداری و ژیانی واقیعی ژنانی له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا، له چوارچێوه‌ی فۆرمیدهربڕین و سیستهمیهێمایینی پارۆلدا نواندۆته‌وه و له حاڵه‌تی گشتیدا ده‌ستوپێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کانی سهردهمیخۆی به‌م شێوه‌یه به‌رهه‌م هێناوه‌ته‌وه:
- دۆس ئه‌و دۆسهسه مه‌شکه بژه‌نێ به‌ده‌م مه‌شکه‌وه شیرین پێکه‌نێ
- دۆسێکم گه‌ره‌ک عاقڵ و ژیر بێ حه‌فت کۆسی که‌وێ منی له‌بیر بێ
- به‌رزی فه‌رشه‌که‌ت دوو گه‌ز و نیوه جوانی وه‌کوو تۆم من قه‌د نه‌دیوه
- دڵ به‌لای یار و فه‌رش به داره‌وه که‌ێ ته‌واوی ئه‌که‌ی، بیته خواره‌وه
- ئه‌ونه دۆسم بوو وه‌ک گه‌ڵای داران ئێسته بێ دۆسم وێڵم له شاران (شیعری فولکلۆر)
بێجگه هه‌ندێ نموونه‌ی ده‌گمه‌ن له “به‌یت”
[۲]ه‌کاندا که سووژه‌ی گێڕانه‌وه ژنن و نیگا و ده‌نگی ژنانه تا راده‌یه‌ک تێدا ده‌نوێنرێته‌وه؛ له زۆربه‌ی به‌شه جیاوازه‌کانی فولکلۆری کوردی‌دا، سووژه‌ی گێڕانه‌وه و پێگه‌ی روانین بریتییه له روانگه و ئاوه‌زی پیاوانه؛ واته ئه‌وه پیاوه که به وه‌سفکردنی “فیگۆری ژن” وه‌کوو ئۆبژه‌ی مه‌یل و ئاماژه‌ی هه‌ست و جوانپه‌رستی و خۆشه‌ویستی، پێوه‌ندی “سه‌رده‌ست/ژێرده‌ست” له چوارچێوه‌ی دوانه‌ی “چاوه‌دێر/به‌رچاو”دا به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه. هه‌روه‌ها دابه‌شکردنی ره‌گه‌ز-ته‌وه‌رانه‌ی کار و جیاکردنه‌وه‌ی پێگه‌ی ژنانه له پیاوانه، شوناسێکی دیاریکراوی له ژن له چوارچێوه‌ی ناودێری ته‌ونکه‌ر، ته‌شیڕێس، مه‌ڕدۆش، چایچی و… به‌رساز ئه‌دات که کار و ئه‌رکێکی ساکار و سانای له ئاست کار و ئه‌رکی به گریمانه گرنگ و ناوه‌ندیی پیاوان بۆ دابین ده‌کات. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه ئه‌ده‌بی زاره‌کی کوردی له ئاست ئه‌ده‌بی نڤیساردا ره‌هایی و چه‌قبه‌ستوویی که‌متری تێدا به‌دی ده‌کرێت؛ به‌و واتایه‌ی که له وێناندنی ژن‌دا وه‌سفی ئه‌رێنی و باڵادهستیشی بۆ ره‌چاو کردوون. ئه‌وه‌ی که له هه‌ندێ به‌یت و بالۆره و مه‌ته‌ڵه‌کاندا ژن وه‌کوو به‌هار، سه‌رچاوه‌ی به‌خته‌وه‌ریی، ره‌گه‌زی سه‌ره‌کیی ژیان و به‌رهه‌مهێنه‌ری سه‌ره‌تایی وه‌سف کراوه ئاماژه‌ده‌ری ئه‌و راستییه‌ن که فه‌رهه‌نگی زاره‌کی به هۆی ناستاندربوون و نه‌که‌وتنه ژێر رکێڤی داموده‌زگایه‌کی پشتئه‌ستوور به ده‌سه‌ڵات، سه‌ربزێوانه تر و ئاوه‌ڵا تر توانیویه هه‌ست و هزری که‌مایه‌سییه‌کان و دژبه‌رانی فه‌رهه‌نگی زاڵ له خۆ بگرێت و ده‌رده‌دڵ و ده‌نگی ناڕه‌زاییان ببیسێت. له ره‌وتی شارنشینی و چوارچێوهمهندکردنی ئاکار و ره‌وشتی کۆمه‌ڵگادایه که کردار و وته به‌رهه‌ڵستکار و به‌ناو دژهفهرههنگهکان(counter culture) به شێنه‌یی له رووبه‌ری باسوخواسه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ده‌سڕدرێنه‌وه و فۆرم و رێسای ستاندارد و یه‌کگرتوو جێگیر ده‌بێت. ئه‌وه‌یه که له ره‌وتی په‌ره‌ئه‌ستاندنی شارنشینی و زاڵبوونی فه‌رهه‌نگی هه‌موانه‌کی سه‌ر به چینی وردهبۆرژوازیدایه که زمانی یه‌کگرتوو، نه‌ته‌وه‌ی یه‌کگرتوو، فه‌رهه‌نگی گشتگیر و له ئاکامدا فۆرمیداهێنان و ده‌ربڕینی یه‌کسان جێگای فه‌رهه‌نگی تاڕاده‌یه‌ک چه‌ندجه‌مسه‌ری و بێناوهندی زاره‌کی ده‌گرێته‌وه.
به‌گشتی له شرۆڤه‌ی پێگه‌ی ئه‌ده‌بی زاره‌کی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ جێگای راسته‌قینه‌ی ژن‌دا دوو روانگه‌ی جیاواز له ئارادایه؛ یه‌که‌م وه‌ک ئاماژه‌مان پێدا روانگه‌یه‌ک که پێی وایه له هه‌ندێ بواردا(که بواری جینسی که‌متر ده‌گرێته‌وه)، ژنی کورد توانیویه باس له هه‌ست و خۆشه‌ویستی خۆی بکات و له پێگه‌ی عاشق‌دا ره‌وایه‌تی ئه‌ویندارێتی خۆی راشکاوانه و به‌پێی زه‌وقی ژنانه بگێڕێته‌وه. دووهه‌م ئه‌و روانگه‌ی که له‌سه‌ر پیاوانه‌بوونی زمان و ره‌وایه‌تی ده‌ربڕین به‌گشتی پێداگری ده‌کات و ئه‌و نموونانه‌ش وه‌کوو پاشکۆیه‌کی ره‌وایه‌تی پیاوسهروهرانه بۆ بهجیاوازناسینی ژن و به‌ئۆبژه‌کردنی له‌و رێگایه‌وه ده‌خوێنێته‌وه. ئه‌م پرسیاره‌ش له هه‌رحاڵدا له ئارادایه که داخۆ ئه‌وه ده‌رفه‌ته هه‌رچه‌ن گچکهیهش تا چه‌ند توانیویه له ئه‌رزی واقیدا مه‌جالی ده‌رکه‌وتنی ئازادانه‌ی ژنان و ههڵسووڕاوبوونیان له پانتایی ئابووری و ده‌سه‌ڵاتدا ده‌سته‌به‌ر بکات؟
له ئه‌ده‌بی کلاسیک‌دا ئه‌گه‌رچی وه‌سف و وێنه‌کان، له قاوغی فۆرمیئهدهبی و زه‌رووره‌تی شیعریدا دێنه ئه‌فراندن؛ به‌ڵام هه‌مان نیگای واقماوی پیاو(the male gaze) بۆ ئۆبژه‌ی بهرنیگای ژن به‌رده‌وام ده‌بێته‌وه و فیگوری ژێرده‌ستی ژنانه‌ی تێدا به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه. وه‌سفی ژن وه‌کوو چاوبهستهکارێکی ورووژێنه‌ر(Seductress)، په‌یمانشکێن، مه‌حبووب و نازدار، سه‌رچه‌شنی جوانی و خۆشه‌ویستی، شه‌م، گوڵ، به‌ر و میوه‌ی مه‌زه‌دار و … که له پێوه‌ری زه‌وق و هه‌ستی پیاوانه‌دا واتا به خۆوه ده‌گرن، ستایلی ژیانی ژنانه و هه‌ڵسووکه‌وتیان دیاری ده‌کات و هه‌رچه‌شنه تاکانێتی(singularity) و ئیمکانێکی جیاواز به‌ده‌ر له ره‌وشت و رێبازی دابین‌کراو، ده‌سڕێته‌وه. نواندنه‌وه‌ی ژنان له ئه‌ده‌بی کلاسیک‌دا وه‌کوو ره‌گه‌زێکی زه‌ریف و ناسک (the fair sex) و هه‌روه‌ها بوونه‌وه‌رێکی خاوه‌ن جوانی، خۆی له خۆیدا به‌پێی جیاوازی نێوان جوانی(beauty) وه‌کوو بابه‌تێکی ساکار، گچکه و سنووردار له ئاست بابه‌تی واڵا(sublimity)وه‌کوو بوارێکی بێ‌سنوور، شکۆدار و به‌هێز به‌ڕێوه ده‌چێت.(کورسمایر، ۹۵، ل ۴۱)
روانگه‌ی ره‌خنه‌گرانه پێی وایه هه‌رچه‌شنه دیتن و نیگایه‌ک، ده‌سه‌ڵاتی بهئۆبژهکردن و ره‌وایی پێناسه‌کردنی بابه‌تی بینراوی له‌گه‌ڵدایه؛ و هیچ چه‌شنه روانینێک ناتوانێ خۆی له بێلایه‌نی و بێمهبهستی بپارێزێ. «دیتن به‌دیهێنه‌ری نیگای واقماوه، که رێگایه‌که بۆ هوشیارکردنه‌وه‌ی ئۆبژه‌ی دیتن[واته ژن]، له‌و راستییه که ئه‌و ئۆبژه‌یه‌کی چاولێکردنه. دیتن بابه‌تێکی سیاسییه، هه‌روه‌ها که هونه‌ری ڤیژواڵ وه‌هایه- هیچ جیاوازییه‌کی نییه که ئه‌و روانینه بۆ بینینی چ بابه‌تێک بێته ئاراوه.»(هه‌مان، ل ۴۸)
پێگه‌ی “پیاو” له ده‌ربڕینی ئه‌ده‌بیدا پێگه‌یه‌کی دیار و راشکاوانه نییه، هه‌م به‌و بۆنه‌وه که واتای پیاو له نێو فیگۆری گشتیی مرۆڤدا رۆچووه و هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارت وته‌نی به شێوه‌یه‌کی ئوستووره‌یی هه‌وڵی نێوسڕینهوه(ex-nomination) له ده‌سه‌ڵات و ئاماده‌یی بهردهوامیپیاوی خاوه‌ن ده‌نگ له وتار(speech)ه‌کاندا ده‌درێت. له ره‌وتی ئاندۆژێنکردن وهاوگرتووکردنی بووتیقای ئه‌ده‌بیدا هه‌وڵی سه‌لماندنی گشتگیربوونی جوانناسی و فۆرمیدهربڕین ده‌خرێته گه‌ڕ به‌و چه‌شنه‌ی که وێنا و واتای ئه‌ده‌بی؛ به‌پێی ئه‌م بانگه‌شه‌یه، سه‌رتر له هه‌رچی ئاماژه‌ی ته‌نگه‌به‌رانه‌ی ئیتنیکی و ره‌گه‌زی به‌رهه‌مده‌هێنرێت و له ئاراسته‌ی نیگایه‌کی دیاریکراوی لاگیرانهدا بۆ شته‌کان ناڕوانێت.
عاشق کوژ و جەببارە بە دوو دیدەیی کەحلی
سەد حۆری سەری شۆڕە لە بەر قامەتی نەخلی (تاهیر به‌گی جاف)
رۆژێ نه‌بوو ئه‌م دوولبه‌ره بێره‌حمه وه‌فا کا
جارێ نه‌بوو ئه‌م کافره شه‌رمێ له خودا کا (شێخ ره‌زا)
زوڵفی بۆ دەفعی هوجوومیلەشکەری سوڵتانی خەت
کەوتە خاک و سەرکەشی دانا وەکوو عەهدی “ٲلست“ (حاجی‌قادری کۆیی)
حەیاتم گەر هەمووی بەختی حەیا بێ، شاد و دڵخۆشم
هەتا هەم بۆیە هیچ یادی کەسانی بێحەیا ناکەم (کاکه‌ی فه‌لاح)
زوڵف و روخ و لەب، عاریز و خەت، زائیقەبەخشن
وەک زوهرە لە شەو، مەی لە قەدەح، گوڵ لە چەمەندا (وه‌فایی)
من بە فرمێسکی رنووی کوێستانی کورد پەروەردە بووم
کوڵمیئاڵ و چاوی کاڵ و سینگی بەفرینم دەوێ (هێمن)
لەیلەکەی، بێمەیلەکەی، مەحبووبەکەی، عەییارەکەم
شۆخەکەی، پڕحەملەکەی، بێرەحمەکەی، غەددارەکەم (کوردی)
هەوای ماچی لەبت رێی بەندەری زوڵفی بە دڵ ون کرد
موسافیر بۆ سیاحەت سوویی چین چوو، تووشی ماچینهات (سالم)
بەژن و باڵاکەت نموونەی هەیکەلی یۆنانییە
لار و لەنجەت مۆسیقایە، بەستەیە، گۆرانییە (هه‌ردی)
چمە لە مەی، لە نەی، لە جام، ئەگەر بە لەنجە بێتە لام
بە روویی تابدارەوە، بە چاوی پڕ خومارەوە؟ (زێوه‌ر)
یار کە فەرمووی بێرە باغی روومەوە بۆ گوڵ چنین
بێخود! ئیتر ئیزن و پرسی باخەوانم بۆ چییە (بێخود)
مایل نە بە حوور و نە به غیلمانی بەهەشتم
گەر بێتوو بکەم من لەگەڵ ئەو شۆخە مولاقات (ئه‌حمه‌د موختار جاف)
له رهوایهتیهاوبهشی کۆی ئه‌م نموونه شیعریانه‌دا سووژه‌ی پیاوانه له شوناسێکی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌ره‌و ههبوونایهتییهکی سروشتی و ژه‌ڤه‌رمێژوویی ده‌گۆڕدرێت؛ واته زه‌وق و خواستی پیاوانه له پێناسه‌ی بابه‌تی خوازراوی مه‌یلی خۆیدا و هه‌روه‌ها له ده‌ربڕینی هه‌ست و ده‌روونی بینه‌رانه و کارتێکهرانهیدا ده‌ست بۆ فۆرم و شێوازێکی دیاریکراوی کلاسیک ده‌هاوێت که هه‌م کێش و سه‌روای وه‌کوو قاوغی فۆرم؛ و هه‌م ته‌عبیر و ته‌مسیل و وێنه‌کانی وه‌کوو سه‌نایعی ئه‌ده‌بی چوارچێوه‌یه‌کی ژهڤهررهگهزی ده‌گرێته خۆ. ده‌نگی رهوایهتگهر که زانایه‌کی گشتی و باڵاده‌ستێکی ته‌واوه، ژن واته مه‌عشووق و ئۆبژه‌ی خوازراو، له چوارچێوه‌ی وشه و ده‌سته‌واژه‌گه‌لێک وه‌کوو گوڵی باخ، شوێنی سیاحه‌ت، هه‌یکه‌لی یۆنانی، زوهرە لە شەو، مەی لە قەدەح، گوڵ لە چەمەن،حۆری، نه‌خل قامه‌ت و سه‌رو ئه‌ندام و… پێناسه ده‌کات. ئه‌م چه‌شنه وه‌سفانه تایبه‌تمه‌ندییه‌کی جه‌وهه‌ری بۆ ئۆبژه‌ی پێناسه‌کراو به‌دی دێنێت که وه‌کوو سه‌رچه‌شنێک ته‌نانه‌ت خوو و رهوشتهکهشی به شێوه‌یه‌کی له‌پێش(pre-exist) دیاری ده‌کات؛ هه‌ر بۆیه ناو و ئاوه‌ڵناوی وه‌ک عاشقکوژ، جەببار، بێمەیل، مەحبووب، عەییار، شۆخ، پڕحەمل، بێرەحم، غەددار، رووی تابدار و چاوی پڕخومار و … بۆ به‌رسازدانی وێنه‌ی مه‌عشووق به‌کار ده‌هێنرێت که خۆی له خوێدا ده‌سته‌واژه‌گه‌لێکی لاگیرانهن و به‌پێی لۆژیکی دووجه‌مسه‌ری، پاتراندن و هه‌ڵاواردن به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه. ژن له‌م وێنانه‌دا له دوو شێوازی جیاوازی ئاوه‌ڵناوی په‌سیڤی ژنانه(گوڵ، شه‌راب و شوێنی سیاحه‌ت) و ئاوه‌ڵناوی نیگه‌تیڤی پیاوانه (خوێن‌ڕێژ، دڵڕه‌ق و غه‌دار)دا وه‌سف ده‌کرێت که هه‌ردووی ئه‌و وه‌سفانه له ژێر نیگای واقماوی پیاو و بۆ را‌گرتن و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی پێوه‌ندی “سه‌رده‌ست/ ژێرده‌ست” له نێوان پیاو و ژن‌دا ده‌گاته ئه‌نجام.
کچ پەرچەمیچین چینە، دوو مەمکی لەسەر سینە
وەک شانەیی ھەنگوینە بۆ لەززەتی دنیا کچ
جەزلی سەمەر و سایە بۆ سەولەتی ئەعدا کوڕ
نەخلی سەمەر و مایە بۆ دەوڵەتی دنیا کچ
کوڕ زیبی دەبوستانە، کچ شەمعی شەبوستانە
بۆ بەزمیتەماشا کوڕ، بۆ خەڵوەتی تەنھا کچ
موو سونبولی ئاشوفتە، دوڕدانەیی ناسوفتە
دەم غونچەیی نەشگوفتە تێفکرە کوڕە یا کچ! (نالی)
نالی له‌م شیعره‌دا به جوانی جیاوازی کوڕ و کچ له فه‌رهه‌نگ و ئاوه‌زی نه‌ریتی و پیاوسهروهرانهدا دیاری ده‌کات و هه‌وڵ ئه‌دات به دووپاتکردنه‌وه و پێداگری له‌سه‌ر جیاوازییه‌کانی ئه‌و دوو ره‌گه‌زه به‌پێی فه‌رهه‌نگی دوانهبینانهی باو، سنووره جینسییه‌کان له ژێر کاریگه‌ری وههمیتێکدهرانهی ئه‌وانه‌ی ده‌یانهه‌وێت جوانی کوڕ و کچهاوسهنگ بشوبهێنن رزگار بکات.
[۳] دابه‌شکردنی رۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی کوڕان بۆ “زیبی ده‌بوستان” و ده‌وری کچان بۆ “شه‌معی شه‌بوستان”، حوزووری کوڕ له سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆی کۆمه‌ڵگا ده‌سته‌به‌ر ده‌کات و له پانتایی ئه‌رک و هه‌ڵسووڕانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا وه‌کوو “بهزمیتهماشا” جێاگایهکی شیاوی بۆ ته‌رخان ئه‌دات. به‌ڵام کچ که وەک “شانەیی ھەنگوین” بۆ لەزەتی دونیای پیاوانه به‌کار ده‌هێنرێ له چه‌قی خوێندن و ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتوه‌رگرتن ته‌ریک ده‌که‌وێت و له به‌ر رووناکایی بینین و به‌رچاوکه‌وتن، به‌ره‌و خه‌ڵوه‌تی ته‌نیایی دوور ده‌خرێته‌وه؛ خه‌ڵوه‌تێک که بریتی نییه له فه‌زایه‌کی تاکانه و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رانه، به‌ڵکوو بریتییه له ئه‌نده‌روونی و حه‌ره‌مسه‌رای ژێرکۆنترۆڵی هێزی بهڕهوادانراوی پیاوسه‌روه‌ری.
«ئه‌م بیرۆکانه جیاوازی نێوان مه‌یل و چێژ ره‌ت ده‌که‌نه‌وه، و چه‌شنێک نیگای واقماوی شههوهتخوازانه و تهمادارانه له دڵی جوانیدا جێده‌که‌نه‌وه که بێمهبهستیی جوانیناسانه(disinterested aesthetic)ی لێ داماڵراوه.»(هه‌مان، ل۴۹)
لێره‌دا ره‌خنه‌گرانی فێمێنیست نواندنی ژن وه‌کوو سه‌رچاوه‌ی جوانی و له‌زه‌ت ته‌نیا له ئاست بابه‌تی جوانیناسانه و فۆرمیداهێنانی گشتیدا ره‌چاو ناکه‌ن، به‌ڵکوو پێوه‌ندی نێوان مه‌یلی ئاڵۆشپهرستانه و چێژی جوانیناسانه له‌قاو ئه‌ده‌ن. که‌وایه ره‌وته ره‌خنه‌ییه‌کان به پێچه‌وانه‌ی بووتیقای ئاندۆژێنیی، له‌و بڕوایه‌دا نین که به‌کارهێنانی رێبازی زاڵ که هه‌مان بووتیقای پیاو-ته‌وه‌رانه‌یه بتوانێ ده‌نگی ژنانه بنوێنێت و گوزارشت له جیهانی په‌راوێزکه‌وتووی ژنان بدات.
«مێژوونووسانی فێمێنیستی هونه‌ر، وه‌کوو مێژوونووسانێک که له ژێر کاریگه‌ری مارکسیزمدان، به‌م پێیه ره‌خنه به‌ره‌وڕووی فۆرماڵیزم ده‌که‌نه‌وه که به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان، و هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندان، کانتێکستی فه‌رهه‌نگیی خۆیان ده‌نوێننه‌وه. که‌وایه هیچکام له هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند، به جیاواز له به‌ستێنی خۆیان ناخوێنرێنه‌وه. بۆیه یه‌کێ له ره‌خنه‌گرانی فێمێنیست به ره‌خنه‌گرتن له چه‌مکی “فورمیواتامهند”(meaningful form) ده‌پرسێ «ده‌بێت فۆرم بۆ چ که‌سێک واتامهند بێت تا ئه‌وه‌ی وه‌کوو هونه‌ر بناسرێ؟».»(اشنایدر،۱۳۹۴، ل ۹۹)
به‌ستێنی زمان و نهزمیهێمایین هه‌م دهستووپێوهندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌نوێنێته‌وه و هه‌میش رۆنان و به‌رده‌وامییان مسۆگه‌ر ده‌کات. نهزمیزمانی نێرینه له به‌کارهێنان و به‌ڕێوه‌چوونیدا واقیعی پیاوسهروهرانه به‌رساز ئه‌دات و له هه‌بوونایه‌تی داسهپێنهرانهی خۆی وه‌کوو رێزمانێکی لاگیرانه و رهگهزتهوهرانه نێوسڕینهوه ده‌کات. گرنگی نهزمیزمان وه‌کوو ریزبه‌ندیی و رێسای ناخودئاگا له‌و ئاسته‌دایه که ته‌نانه‌ت ره‌گه‌زی مێینه له تۆڕی نهزمینێرینهدا رێسای دابینکراوی پیاو به‌ڕێوه ئه‌بات و له هه‌ڵبڕینی ده‌نگی ژنانه‌ی خۆیدا دۆش داده‌مێنێته‌وه. فێمێنیسته رادیکاڵه‌کان و لایه‌نگرانی نڤیساری ژنانه (women writing) له‌و باوه‌ڕه‌دان که ده‌کرێت له ژێر ده‌سه‌ڵاتی فالووس-ته‌وه‌رانه(phallocentric)ی زمانی زاڵدا که جه‌ختی له‌سه‌ر نه‌زم؛ چه‌قبه‌ستوویی وهاوگرتووییه، زمانێکی پهراوێزکهوتهی په‌رده‌پۆشکراو بدۆزینه‌وه که هه‌بوونایه‌تی خۆی له دژهناوهندییبوون، چهندێتیخوازی، خۆڕسکێنهری، ناهێڵهکیبوون و دژهدهسهڵاتخوازیدا ببینێته‌وه. ئه‌وانه‌ی به‌دوای ده‌نگ و نڤیساری ژنانه‌دا ده‌گه‌ڕێن هه‌وڵ ئه‌ده‌ن به بنه‌ماشکێنی بووتیقای ئاندرۆژێنیست، خه‌یاڵکردی رهگهزمهندانه و ئهستهتیکای پێش-ئۆدیپیی ژنانه که له سۆز و کوڵی جه‌سته‌ی ژنانه‌وه ئاخێز ده‌گرێت، بوورووژێنن و زمان و ئۆتۆریته‌ی دابین‌کراو و داسه‌پاوی پیاوانه به‌ره‌وڕووی ته‌نگژه بکه‌نه‌وه.
گرفتارم به نازی چاوه‌کانی مه‌ستــی فـــه‌تتانت
بریندارم به تیری سینهسۆزی نیشی موژگانت
به تاڵێ پهرچهمیئهگریجهکانت غاره‌تت کردم
دڵێکم بوو ئه‌ویشت خسته ناو چاهی زه‌نه‌خدانت
به قوربان! عاشقان ئه‌مڕۆ ههمووهاتوونه پابۆست
منیشهاتم بفه‌رموو بمکوژن بمکه‌ن به قوربانت
ته‌شه‌ککور واجیبه بۆ من ئه‌گه‌ر بمرم به زهخمیتۆ
به شه‌رتێ کفنه‌که‌م بدرووی به تای زوڵفی په‌ریشانت
له کوشتن گه‌رده‌نت ئازاد ده‌که‌م گه‌ر بێیته سه‌ر قه‌برم
به ڕۆژی جومعه بمنێژی له لای نه‌عشی شه‌هیدانت
که‌سێ تۆ کوشتبێتت ڕۆژی حه‌شرا زه‌حمه‌تی ناده‌ن
ئه‌گه‌ر وه‌ک من له ئه‌م دونیایه سووتابێ له هیجرانت
هه‌میشه سوجده‌گاهم خاکی به‌ر ده‌رگایه‌که‌ی تۆیه
ڕه‌قیب ڕووی ڕه‌ش بێ ناهێڵێ بگا ده‌ستم به دامانت
له شه‌رت و هه‌م وه‌فاداری خۆ تۆ مه‌شهووری ئافاقی
فیدای شه‌رت و وه‌فات بم، چی به‌سه‌رهات مه‌یلی جارانت؟
ئه‌من ئه‌مڕۆ له مڵکی عاشقیدا نادره‌ی ده‌هرم
به ڕهسمیبهنده گی «مه‌ستووره» واهاتووهته دیوانت (مه‌ستووره‌ی کوردستانی)
بێگومان ئه‌گه‌ر ناوی مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵان وه‌کوو که‌سێک که خاوه‌نی هه‌ست و جه‌سته‌ی ژنانه بووه، له سه‌ربه‌ندی ئه‌م شیعره‌دا بسڕینه‌وه که‌س گومان له پیاوانه‌بوونی ده‌ربڕینه‌کانی ئه‌م ده‌قه ناکات؛ ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و راستییه‌ی که به‌کارهێنانی زمان له شێوازی گشتگیری نه‌ریتیدا، ده‌نگ و گوتارێکی پیاوسهروهرانه به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه که به شێوه‌یه‌کی ئوستووره‌یی کانتێکستی مێژوویی و ئه‌زموونی ره‌گه‌زیی مه‌ستووره‌ی شاعیر له ژهڤهرزمانی بووتیقای پیاوانه‌دا سرووشتی و یونیڤێرساڵ ده‌کاته‌وه. وێنه و ده‌سته‌واژه‌گه‌لێک وه‌کوو نازی چاوه‌کانی مه‌ستــی فـــهتتان، تیری سینهسۆزی نیشی موژگان، تاڵێ پهرچهمیئهگریجه، چاهی زه‌نه‌خدان، تای زوڵفی په‌ریشان، شه‌هید، ره‌قیب، شه‌رت و وه‌فا و… گوزارشت له نیگایه‌کی رهگهزمهندی پیاوانه ئه‌دات که ئاڕاسته‌ی به‌ره‌و ئۆبژه‌ی جوانیی و په‌سندبوونی ژنانه هه‌ڵنراوه و تێیدا ده‌نگ و نڤیساری ژنانه ون و نووقمهسار کراوه. لێره‌دا شیعر نه میدیۆمێکی راگوێزهرانه و نه بووتیقایهکی ژنپارێزانهیه که جیهانی ژنانه‌ی مه‌ستووره له سه‌نگاندن و ململانێ له‌گه‌ڵ پارادایمیپیاوانهدا رۆبنێ؛ و نه‌ش دۆخێکی دیموکراتیک و به‌رابه‌ره که به‌شداری ره‌گه‌زه جیاوازه‌کان به‌بێ له له‌خشته‌بردن و لهژێردهستخستنی هه‌بوونایه‌تی و شوناسی جیاوازیان مسۆگه‌ر بکات. شیعر لێره‌دا گوتارێکی پشتئه‌ستوور به دامه‌زراوه و ئه‌نستیتۆی پیاوسهروهرییه که له ئاستی هێماناسانهدا وه‌کوو جوانناسییه‌کی وه‌به‌رگر و گشتگیر ده‌رده‌که‌وێت به‌ڵام له ئاستی ئایدۆلۆژیک و سیاسی‌دا وه‌کوو ئوستووره‌یه‌ک دێته کایه‌وه که پێوه‌ندی سه‌رده‌ست/ژێردست و هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زی و پاتراندنی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه.
له شیعری نوێی کوردی‌دا فۆرمیداهێنان و ناوه‌رۆکی به‌رهه‌مهێنان تاڕاده‌یه‌کی زۆر تووشی گۆڕانکاری ده‌بێت به‌ڵام ناخودئاگای زمان که له پێکهاته‌ی رێزمان و ناواخنی ده‌سته‌واژه‌کاندا جێگرتوو بووه به‌رده‌وام ده‌بێته‌وه؛ هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌رچی ژن له شیعری نوێ‌دا له ده‌ور و پێگه‌ی نه‌ریتیی خۆی ده‌رباز ده‌بێت به‌ڵام ره‌گه‌زه پێکهاته‌ییه‌کانی له رهههندێکیترهوه ده‌پارێزرێت و له وێنا و ئیماژه شیعرییه‌کاندا دووپات ده‌بێته‌وه. شێرکۆ بێکه‌س شاعیرێکه که له ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیدا زۆر په‌رۆشی مافی ژنان بووه و له ناوه‌رۆکی به‌رهه‌مه‌کانیشیدا ئه‌م بڕوایه‌ی به‌خه‌ستی ده‌ربڕیوه، به‌ڵام سیمپتۆمیئۆدیپیی زمانی باوکسهروهرانه پاش هه‌موو خه‌مڵاندن و سه‌رکوتکردنێک له لایه‌کی دیکه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو زمانی شاعیر و واقیعی په‌راوێزنشینی و ژێرده‌سته‌یی ژنان به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه. رۆزانای شێرکۆ ئه‌گه‌رچی هێمای له‌پێشێتی و بایه‌خمه‌ندیی سه‌رچه‌شنی ژن له ئاست ئایدیای نیشتمانه به‌ڵام له راستیدا پێرسۆنایه‌کی تیپیکاڵی ژهڤهرمێژووییه که زۆرتر له‌وه‌ی هه‌ڵگری واقیعی ژیانی ژنانی کوردستان بێت و دژوازیی و کێشه سه‌ره‌کییه‌کانیان بنوێنێته‌وه، روخسارێکی رۆمانتیکی و کاژخستنێکی چه‌مکه قه‌به و ئهستوورهکانه که ته‌نیا له ئاست نێو و ناسنامه‌دا جیاوازیی بۆ ره‌چاو ده‌کرێت.
«به‌ڵام من له باتی ناوی “ئازادی”، یان “نیشتمان” یان “یه‌کسانی”، ناوی “رۆزانا” ئه‌نووسم
ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر به‌فری قوتبه‌کان و له‌سه‌ر خه‌تی ئیستوا ناوی رۆزانا ئه‌نووسم.»
(شێرکۆ بێکه‌س/ ئێستا کچێک نیشتمانمه)
هه‌روه‌ها له شیعره‌کانی شێرکۆدا چه‌مکه‌کانی ژن، بێوه‌ژن و بووک به‌شێک له نیگای باو و سه‌پاوی کۆمه‌ڵگا که ده‌ورێکی په‌سیڤ و ناچالاک بۆ ژن ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن ده‌نوێنرێته‌وه. له‌و شوێنانه‌ی دا که بۆ نموونه بێوه‌ژن وه‌کوو ئاوه‌ڵناوێک بۆ پاییز و با و دیارده غه‌ریب و تهریککهوتهکان به‌کار ده‌هێنرێ، سووچی روانینی پیاوسهروهرانه که هه‌بوونایه‌تی ژن به لهژێردهسهڵاتبوونی پیاو ده‌به‌ستێته‌وه و هه‌ر چه‌شنه سه‌ربه‌خۆبوون یان دابڕانێک له پیاو به واتا و وێنای نه‌رێنی وه‌سف ده‌کات به‌رده‌وام ده‌بێته‌وه:
- ئه‌م پایزه له پایزی دایکت ناچێ
ئه‌و پایزێکی بێوه‌ژن، کوختهنشین، چڕ ئه‌وه‌رێ
- تۆ هۆده‌یه‌کی بێوه‌ژن… نیشتمانی یه‌که‌م ئاخ
مێرگی یه‌که‌م گریانت بوو.
- ئه‌ڕۆیت دڵۆپی خۆڕایی خوێنی خۆت ئه‌ژمێری
کۆسته‌کان ئه‌ژمێری، بێوه‌ژن ئه‌ژمێری
- کۆنترین دووکه‌ڵ، دووکه‌ڵی مانگه شه‌وێکی ته‌واری
بێوه‌ژن بوو
- ئه‌یناسمه‌وه: ئه‌و هێلانه هه‌ڵواسراوه
ده‌م و چاوی دزراوی مانگی بێوه‌ژنی منه.
- ماکه‌وێکی بێوه‌ژنی ته‌نیا و ره‌شپۆش
ماکه‌وی ژنه بازێکی له‌بیرکراو!
مانگه شه‌وی وردوخاش و
شۆڕه‌بییه‌کی بێوه‌ژنی ته‌نیا نه‌بووی (شێرکۆ بێکه‌س)
له روانگه ره‌خنه‌ییه‌کانی سه‌رده‌مدا لێکۆڵینه‌وه له‌مه‌ڕ پیاوسه‌روه‌ری و ره‌گه‌زه‌کانی هه‌ڵاواردنی جینسی ته‌نیا له ئاست بڕیاری تاکه‌که‌سی و واتای سۆبژێکتیودا نامێنێته‌وه و له ته‌واوی به‌ستێنه‌کانی زمان، کردار، نواندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، هێمای میدیاکان و بابه‌ته‌کانی ژیانی هه‌ررۆژه ده‌کۆڵێته‌وه. به‌ستێنه نێوانبوارییهکان و هه‌روه‌ها به‌شه‌کانی کۆمه‌ڵناسی، زمان‌ناسی و هێماناسی، خوێندنه‌وه فه‌رهه‌نگییه‌کان، شیکاری گوتار و خوێندنه‌وه‌کانی ژنان پانتایی توێژینه‌وه‌کان له‌سه‌ر پرسی ژن و کێشه‌ی ره‌گه‌زی پێکده‌هێنن و که‌ره‌سه‌ی پێویست بۆ خوێندنه‌وه‌ی دووپاته و چه‌ندپاته‌ی سامانی ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگای کوردی ده‌سته‌به‌رده‌که‌ن. بۆیه به بێ ره‌چاوکردنی ئه‌م روانگه نوێیانه له‌لایه‌که‌وه و هه‌روه‌ها به بێ تێڕامان له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه مێژووییه‌کانی فه‌رهه‌نگ و شێوه‌ژیانی کۆمه‌ڵگای کوردی هه‌رچه‌شنه بڕیارێک له نیگایه‌کی تاکڕه‌هه‌ندانه و دوانهبینییهکی رهشبینانهدا رۆ ده‌چێت.
ژێده‌ر:
[۱] له زمانی ئینگلیزی‌دا بۆ دوو چه‌مکی “پیاوسه‌روه‌ری” و “باوکسهروهری”، تێرمی“patriarchy” به‌کار ده‌هێنن، هه‌رچه‌نده واتای ئه‌و دوو چه‌مکه جیاوازه. له ده‌قه وه‌رگێڕدراوه‌کانی فارسی‌دا به بێ سه‌رنجدان به مه‌به‌ستی نووسه‌ر، بۆ به‌رانبه‌ری patriarchy باوکسهروهری داده‌نێن که له زۆر جێگادا مه‌به‌ست پیاوسهروهرییه.
[۲] له‌م بواره‌دا ئاماژه به به‌یتی “سوارۆ” و “سه‌یده‌وان” ده‌کرێت. به‌شێک له‌م به‌یتی “سوارۆ”* له کۆتایی ئه‌م وتارهداهاتووه.
[۳] نالی ئه‌م شیعره‌ی له وهڵامیشاعیرێکی دیکه‌ی کورددا وتووه که له شیعره‌که‌یدا وه‌سفی جوانی کوڕان له ئاست کچان ده‌کات.
به‌شێک له به‌یتی سوارۆ: (حه‌سه‌نپوور، ۱۳۹۰، ل ۱۱۰)
Emin dönê bû danîştbûm leber bêĺayê
Çûkeĺe suwarî min dehat û radebirt,
Daway maçêkî lê dekirdim;
Be serê ke şîn û be milî be kön,
Nemdedayê…
Eger xuĺa deka be bêmizeřetî dêtewe…
Emin be’zê piyaw maqûĺan û
Cûtêk zer memî zerdî
Debeme tikayê,
Nebada le min, qelender û baban wêran, renca bêt û,
Beĺkû bom bête redayê.
Hay, nemênim suwaro! Suwar! Hawar le min be tenê.
(text recorded by Hosayni 1975: 33-4)
Dena cuwabim bo bere ĥekîman, ĥetaran, luqmanan, tebît û çazanan,
De biĺên çi taqe destanî nekenê,
Heta bo xom dermanêkî bo degirmewe,
Le ĥêlê, le darçînê, le qenefiĺê, le jengî de guwarê, le tozî de
şedê, destawî dedem be areqê gerdinê,
Deyhawême ser zarî brînî çûkeĺe suwarê…
(Hosayni 1975: 35)
سه‌رچاوه‌کان:
اشنایدرادمز، لاری(۱۳۹۴) درآمدی بر روششناسیهای هنر، ترجمهی شهریار وقفیپور، تهران: انتشارات مینوی خرد.
حسن‌پور، امیر(۱۳۹۰) بازتولید مردسالاری در زبان کوردی، ترجمه نشمیل معروف‌پور، فصلنامه زریبار، سال پانزدهم، شماره ۷۶&75، ص‌ص ۱۱۹-۸۹٫
راتال، مارک(۱۳۹۲) چگونههایدگر بخوانیم، ترجمهی مهدی نصر، تهران: رخداد ن‌و.
شوالتر، ال‌ن(۱۳۸۹) نقدی از خود در “زن و ادبیات”، گزینش و ترجمهی منیژهی نجمعراقی، تهران: نشر چشمه.
کورسمایر، کرولین(۱۳۹۵) زیبایی‌شناسی فمنیستی، ترجمهی نوشین شاهنده، تهران: نشر ققنوس.
گیدنز، آنتونی(۱۳۸۸) جامعهشناسی، ترجمهی حسن چاوشیان، تهران: نشر نی.
گۆڤاری ژیلوان(۷) & گۆڤاری ئه‌ندێشه(۳)