۱۳۹۴/۰۵/۲۱

رۆشنبیرانی بەیعەتگەر! مەریوان وریا قانع


ڕۆژنامەی ”باس“ی سەر بە باڵی مەسرور بارزانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی ناوی ٢٢٥٠ نووسەر و ھونەرمەند و ڕۆشنبیریی بڵاوکردۆتەوە کە داوای سەرلەنوێ بەخشینەوەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی بە بارزانی دەکەن. ئەم ھەڵوێستە لەزۆر سەرەوە قابیلی ڕەخنەکردنە، بەڵام لە ھەموویان سەرەتایتر و سادەتر ڕامانە لەو تێکستەی ئەم لەشکرە لە ڕۆشنبیران ئیمزایان کردوە. ئەوەی ئەو ٢٢٥٠ ڕۆشنبیرە ئیمزیان کردوە تێکستێک نییە ڕۆشنبیرێک نووسیبێتی، شتێکی تێدا نییە ھێما بەوەبکات عەقڵێک ئەم تێکستەی نوسیوە پەیوەندیی بە فیکر و نووسین و بیرکردنەوە ھەبێت. تێکستەکە لێوانلێوە لەھەموو ئەو نەخۆشییانەی لەناو عەقڵی سیاسییدا ئامادەیە: لەوانەش ئاوکردن بە ئاشی تیورەی موئامەرەدا، فرۆشتنی تراژیدیا بەنرخی سەرکەوتن، مامەڵەکردنی فەشەل وەک سەرکەوتن و نمیاشکردنی تەماحە ترسناکەکانی دەسەڵات وەک چاوەڕوانیکردنی مژدەی گەورە و سەرکەوتنی یەکجارەکیی.

لەھەموو تێکستەکەدا یەک ڕستەی ڕەخنەیی بوونی نییە نیشانیبدات درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی بارزانی درێژکردنەوەیەکی ئیشکالییە، یەک گومانی بچوکی بەرامبەر بە نیازەکانی ئەودیوی ھێشتنەوەی مەسعود بارزانی بە سەرۆکی ھەرێم تیانییە، یەک وشەی تیا نییە ھێما بەوە بکات ئەم درێژکردنەوەیە کارێکی نایاساییە. ھێمایەکی بچووکی تێدا نییە نیشانیبدات مانەوەی بارزانی، بۆ ھەر ھۆیەک بێت، پێشێلکردنی یاسایەکە کە خۆی ئیمزای کردوە. ئەوە لە بیری خوێنەران دەباتەوە کە بارزانی لەباتی ٨ ساڵ سەرۆکایەتیی ١٠ ساڵە سەرۆکە، یان لانیکەم وەک ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکیی دەڵێت: ”بارزانی ١٠ ساڵی تەواوی لە ٨ ساڵ سەرۆکایەتییەکەی تەواوکردوە“. ھاوکات خاڵێکی تێدا نییە باس لە مەترسی بە سوڵتانیکردنی دەسەڵات لە کوردستاندا بکات، بە خاڵێکیش بەلای ئەوەدا ناڕوات کە بڵێت ناکرێت سەرۆکێک بەو ھەموو دەسەڵاتانەوە ھەبێت، بەڵام میکانیزمێک، چەندە سادەشبێت، بوونی نەبێت بۆ لێپرسینەوە لەو دەسەڵاتانە. ھەروەھا یەک ووشەی ڕەخنەیی تێدا نییە لەسەر ئەوەی بارزانی لەماوەی دە ساڵدا چ کوردستانێکی دروستکردوە و چ قەیرانێکی گەورەی ھەم لە پەیوەندییە ناوەکییەکانی ناو کوردستان و ھەم لە پەیوەندیی کوردستان بە وڵاتە ئیقلیمییەکانەوە دروستکردوە. لەباتی ئەوەی بەچەند وشەیەکی کەم ھێما بۆ ھەندێک لە مەترسییەکانی تەسلیمبوونی تەواوی سیاسەتەکانی ھەرێم بە ئیرادەی ئەردۆگان و دەوڵەتی تورکیی بکات، باس لەوەدەکات بارزانی زۆر سەرکەوتوانە ”توانیویەتی باڵانسی هاوسەنگیی“ هاوكێشە سیاسییە ”نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆییەکەی ئێراق و كوردستان ڕابگرێ“.
مرۆڤ دەتوانێت دەیەھا کێشەی گەورەی تر باسبکات کە ئەم ڕۆشنبیرانە دەیانتوانی بەر لە بەیعە ھێنانەوە بۆ بارزانی، ھێمایەکی کورتی پێبکەن و بەشدارییەکانی سەرۆکی ھەرێمیش لە دروستکردن و گەورەکردنی ئەو کێشانەدا باسبکەن. ئەم بەڕێزانە نەک ئەم کارەیان نەکردوە، بەڵکو ئەوەی ئەوان نووسیویانە تێکستێکی سیاسیی کرچ و کاڵ و مەدحئامێزی کلاسیکییە، بەو زمانە سیاسییە تەختەیی و وشکھەڵاتوە نووسراوە کە کادەر پلە نۆ و پلە دەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، قسەیپێدەکەن.
لەسەردەمی بەعسدا وەزارەتێک ھەبوو ناوی وەزارەتی ڕۆشنبیریی بوو، یەکێک لە وەزیرە بەناوبانگەکانی ئەم وەزارەتەش ناوی لەتیف نسیف جاسم بوو. ئەم وەزیرە لە چاوپێکەوتنێکی بەناوبانگدا گاڵتەیەکی گەورە بە نووسەران و ڕۆشنبیرانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بەعس دەکات و دەڵێت: ”ئێمە ھەرکاتێک بمانەوێت دەتوانین چەندان لۆریی و تراکتۆری پڕ شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیر کۆبکەینەوە و بیانبەینە ئەو شوێنانەی کە دەمانەوێت“. بەبۆچوونی من ئەوەی کردەی کۆکردنەوەی ئەم ٢٢٥٠ ڕۆشنبیرە نیشانمانئەدات ھەمان ئەو شێوازی کارکردنەیە بەعس لە عێراقدا پیادەیدەکرد. پارتیش وەک بەعس لەوەدا تەواو سەرکەوتوە کە دەیان لۆری و تراکتۆری پڕ لە نووسەر و شاعیر و ڕۆشنبیر لە پارچە جیاوازەکانی کوردستانەوە کۆبکاتەوە و وایانلێبکات بە زمانی بەرپرسی لقێک لە لقەکانی پارتی قسەبکەن. ئەوەی ترسناکە خودی بەیانەکە نییە، بەڵکو ئەو عەقڵیەتە تەسیلمبو و بەھانەخواز و بەیعەگەرە ناڕەخەنییەیە کە لە کوردستانی سەردەمی نەوت و دۆلاری دزیی و گەندەڵیدا دروستبووە. عەقڵیەتێک ئەگەر پارتی ئاوەکەی ڕشتبێت، ئەوا ئەم لەشکرە لە ڕۆشنبیران نەک تەنھا پێیان تێناوە، بەڵکو بە ویژدانێکی تەواو ئاسودەوە مەلەی تێدادەکەن.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر