۱۳۹۴/۰۶/۰۸

مامۆستا قەندیل لە کۆمەڵەى ژێکافەوە بۆ کۆمەڵەى یەکسانى



mamosta-qendil-2

مامۆستا قەندیل لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانیدا

ئەمڕۆ ٣٣ ساڵ بەسەر شەهیدبوونى مامۆستا قەندیل ئەندامى کۆمەڵەى ژێکاف، ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریی حزبى دیموکراتى کوردستان و دامەزرێنەى کۆمەڵەى یەکسانیی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان تێپەڕى.
عەبدوڵا زەکى (عەبدوڵاى مەلا عوسمانى) ناسراو بە مامۆستا قەندیل، یەکێکە لەسەرکردە و تێکۆشەرەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە لە میدیاى کوردیدا کەم تیشک خراوەتە سەر ژیان و تێکۆشانى. NRT بەبۆنەى تێپەڕبوونى ٣٣ ساڵ بەسەر شەهیدبوونى ئەو سەرکردەیەى ڕۆژهەڵاتى کوردستاندا ژیان و تێکۆشانى مامۆستا قەندیل دەخاتەڕوو.
عەبدوڵا زەکى ساڵى ١٩٢١ لە گوندى بێکۆسى ناوچەى پیرانشار (خانێى) ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە دایکبووە. باوکى عەبدوڵا زەکى ناوى مەلا عوسمان بووە و کەسێکى پێشکەوتوخواز و لایەنگرى دادپەرەوەرى بووە. دایکیشى ناوى خەج بووە.

عەبدوڵا زەکى لە ڕێگەى باوکی و چەند مەلایەکى دیکەى ئەو سەردەمەوە فێرى خوێندن دەبێت. لە ڕێگەى خوێندنەوە ئاشناى دونیاى فیکر و سیاسەت دەبێت و هەستى نیشتیمانپەروەرى و ئازادیخوازیى ڕۆژ لە دواى ڕۆژ زیاتر تیایدا دەپشکوێت. ئەوەش وادەکات لە تەمەنى لاوێتیدا و لە کاتی ئاڵۆگۆڕەکانی سەردەمی کۆمەڵەی ژ. ک. ڕوو لە شارى مەهاباد بکات و ببێتە ئەندامى کۆمەڵەى ژێکاف (کۆمەڵەى ژیانەوەى کوردستان). کۆمەڵەى ژێکاف لەو کاتەدا پێشکەوتوخوازترین و نیشتیمانیترین حزبى کوردى بووە.
لە دواى ئەوەى دەبێتە ئەندامى کۆمەڵەى ژێکاف لە ناوچەکانى پیرانشار و گوندەکانى دەوروبەرى دەستدەکات بە هۆشیارکردنەوەى خەڵک لە دژى ستەم و چەوساندنەوەى دەرەبەگەکانى ئەو سەردەمە. لە دواى ڕوخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد لە ساڵى ١٩٤٦ دەبێتە بەرپرسیارى کۆمیتەى ڕێکخستنى نهێنیى حزبى دیموکراتى کوردستان لە لاجانى پیرانشار.
مامۆستا قەندیل بەهۆى کار و چالاکییەکانى لە ساڵى ١٩٥٠ لەلایەن دەزگاى هەواڵگریى ئەو کاتى ئێران (ساواک)ەوە هێرشى دەکرێتە سەر و هەوڵى دەستگیرکردنى دەدرێت، بەڵام خۆى لەو پەلامارە ڕزگار دەکات و ڕوو لە چیاى قەندیل دەکات و دەبێتە پێشمەرگە.
لە ساڵى ١٩٦٤ و لە کۆنگرەى دووەمى حزبى دیموکراتى کوردستان لە گوندی سونێى ناوچەى قەڵادزێ، مامۆستا قەندیل بوو بە ئەندامى “کۆمیتەى چاودێریى بەرز” و بە بەردەوامى کار بۆ پتەوکردنى ڕێکخستنە نهێنییەکانى حزبى دیموکراتى کوردستان دەکرد لە ناوخۆى ڕۆژهەڵاتى کوردستان.
هاوکات هاوکاریى شۆڕشى ئەیلولى باشوورى کوردستانیکردووە. لە دژى پەلامارەکانى حکومەتى عێراق بۆ سەر خاکى باشوورى کوردستان جەنگاوە و لە جەنگى بەناوبانگى هەندرێندا بەرپرسى دەستەیەکى ٤٠ پێشمەرگەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بوو و لە ئەنجامدا شانبەشانى پێشمەرگەکانى دیکەى شۆڕش، سوپاى عێراقیان بە قورسى تێکشکاندووە.
لە دواى تێکچوونى شۆڕشى ئەیلول لە ساڵى ١٩٧٥ مامۆستا قەندیل و ٥٤ پێشمەگەر و کادرى ترى حزبى دیموکراتی کوردستان لەلایەن حکومەتى عێراقەوە دەستگیر دەکرێن و ڕادەستى ئێران دەکرێنەوە و سزای سێدارەیان بەسەردا دەسەپێنرێت و لەو ماوەیەدا لە زیندانەکانی ساواکدا چەندین جۆر ئەشکەنجەى قورس کراوە.
بەهۆى هاتنە پێشەوەى دۆخى ١٩٧٩ و سەرهەڵدانى شۆڕشى ١٩٧٩ى گەلانى ئێران، مامۆستا قەندیل لە ساڵى ١٩٧٨ەوە ئازاد دەکرێت بەڵام چاودێریی توندیان دەخرێتە سەر. لە دواى ئازادبوونى و ساڵێک پێش ڕووخانى حکومەتى پاشایەتى لە ئێران لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانى پێشوویدا کۆمەڵەى یەکسانیى کوردستانى دامەزراند.
کۆمەڵەى یەکسانى لە سەرەتادا بەناوى “بنکەى بوژانەوەى فەرهەنگیى کوردى” چالاکییەکانى ئەنجام دەدا.
لە نەورۆزى ١٩٧٩ و لە ڕۆژى ٢١ى ئازارى ١٩٧٩ بە شێوەى فەرمى کۆمەڵەى یەکسانى ڕاگەیاندرا و بەشێوەیەکى چالاکانە لە خۆپیشاندانەکانى سەقز، سنە، مەهاباد و پیرانشاردا بەشدار بوون و مامۆستا قەندیل لە گرتنى بنکەى سەربازیى پیرانشار و چەند بنکەیەکى سەربازى لە گوندەکانى ئەو شارەدا ڕۆڵى سەرەکیى هەبوو.
بازنەى کارو چالاکییەکانى کۆمەڵەى یەکسانى لە ناوچەکانى پیرانشار، سەردەشت، مەهاباد، بانە، سنە و سەقز و بەشێک لە باشوورى ڕۆژهەڵاتى کوردستاندا بووە. زۆربەی ڕێبەرانی سەرەکیی کۆمەڵەی یەکسانیی لە سەرەتای دامەزرانی ئەم حیزبەدا شەهید بوون. یەکەم ڕێبەری کۆمەڵەی یەکسانیی مامۆستا سەید ڕەشید حوسەینی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک دوای دامەزرانی کۆمەڵەی یەکسانی لە ١٧ى ئابی ١٩٧٩، لە ئاوایی کەرەفتووی ناوچەی سەقز، لە شەڕی بەرگریی یەکێتی جووتیاران لەبەرامبەر کۆنەبەگ و ئاغاکانی ئەم ناوچەدا شەهید کرا.
ساڵێک دواتر مامۆستا عەلی قوتبی ناسراو بە مامۆستا سالار لە نۆى تشرینى دووەمى ١٩٨٠ لە شەڕێکدا لە دێی بێسارانی ناوچەی مەریوان شەهید دەبێ. لەم ماوەیەدا هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی یەکسانی لەلایەن مامۆستا قەندیلەوە سەرپەرشتى دەکرا. هێزى پێشمەرگەى کۆمەڵەى یەکسانى بەشداریى لە چەندین جەنگى دژ بەهێزەکانى کۆمارى ئیسلامیى ئێراندا کردووە.
پێشمەرگەکانى کۆمەڵەى یەکسانى بە فەرماندەیی مامۆستا قەندیل لە شەڕەکانى ناو شارى سەقز، ئارباباى بانە، شارەکانی سنە، سەردەشت و پیرانشار بەشداریى چالاکانەیان هەبووە. هێزەکانى کۆمەڵەى یەکسانى تاوەکو ساڵى ١٩٨٢ لە سەنگەریى بەرگریى کوردستاندا بوون. لە ١٩٨٢دا کاتێک ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران لەلایەن هێزەکانى ئێرانەوە لە دەشتى سووتوان لە نێوان گوندەکانى بادیناوێ و گردیمخانە گەمارۆدرابوون، لەو کاتەدا مامۆستا قەندیل تازە لەبەرەی شەڕەکانی بانە، سەقز و سنەوە گەڕابۆوە و بەهاناى ئەو پۆلە پێشمەرگەیەی حزبى دیموکراتەوە دەچێت، کە لە دەشتی سووتوان گەمارۆ درابوون و پێش گەیشتنیان بە شوێنى پێشمەرگەکانى حزبى دیموکرات لە بەرى گوندى نەمنجێوە بە چەکى قەناس لەلایەن پاسدارەکانەوە تەقەى لێدەکرێت و بریندار دەکرێت.
سەربارى ئەوەى مامۆستا قەندیل لەلایەن هاوڕێکانییەوە لە شوێنى شەڕەکە دوور دەخرێتەوە، بەڵام بەهۆى قورسیى برینەکەیەوە لە ڕۆژى ٢٨ى ئابى ١٩٨٢ گیانى لە دەست دەدات و شەهید دەبێت.
مامۆستا قەندیل لە گۆڕستانى ترکەش لە ناوچەى مەنگوڕانى پیرانشار بە خاک دەسپێردرێت، بەڵام گۆڕەکەى لەلایەن پیاوەکانى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە چەندینجار شوێندراوە و هەر جارەش لەلایەن کەسوکار و دۆستەکانییەوە نۆژەن دەکرێتەوە.
سورکێو زەکى کوڕى مامۆستا قەندیل بە دیجیتاڵ میدیاى NRT ڕاگەیاند، مامۆستا قەندیل بەشداریی چالاکانەی لە شەڕەکانی سەقز، ئاربابای بانە، پیرانشار، سەقز، پیرانشار ، سنە، قەڵادزێ، سەنگەسەر، کێوەڕەش، هەندرێن و ڕەواندز دا کردووە.
سورکێو زەکى ئەوەشى وت “مامۆستا قەندیل لە دژی هەموو داگیرکەرانی کوردستان بوو و لە هیچ بەشێکی کوردستان خۆی بە میوان و بێگانە نەدەزانی. خەباتی مامۆستا قەندیل هەر ڕووی لە داگیرکەرانی کوردستان نەبوو، بەڵکو ڕووی لە چینە چەوسێنەرەکانی کوردستانیش بووە”.
بەپێى قسەکانى سورکێو زەکى “مامۆستا هەرگیز خۆی لەناو نەریت و بایەخە کۆمەڵایەتییە کۆنەکاندا زیندانی نەدەکرد و هەمیشە بەرەو ئاسۆی تازەگەریی هەنگاوی دەنا”.
کۆمەڵەى یەکسانى ئێستا درێژە بەکارەکانى دەدات و بارەگاى سەرەکیى لە دەرەوەی وڵاتە. کۆمەڵەى یەکسانى لە زۆربەى چالاکییەکانى کوردانى ئەوروپادا بەشدارە و کۆمەڵێک تۆڕ و ڕایەڵەشى لە ناوخۆى ڕۆژهەڵاتى کوردستاندا هەیە.
ر.م
mamosta.qendil-6 mamosta.qendil-5 mamosta.qendil-4 mamosta.qendil-3 mamosta-qendil

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر