۱۳۹۵/۱۲/۰۷

کورد لەنێوان دوو گوتاری ناکۆکدا- خالید خەیاتی

 

ئامانجی ئەم نووسراوە ئەوە نییە کە بچێتە سەر وەردەکارییەکانی ناکۆکییەکانی هەنووکەیی و پۆلاریزاسیۆنی ئێستایی و ریسکی تێکهەڵچوون لەنێو خەباتی سیاسیی کورددا. بە هەمان شێوە ئەم وتارە نایەوێت بپڕژێتە سەر پرۆسەی دروستبوون یان دروست نەبوونی دەوڵەت/ نەتەوە لەنێو کورددا. بەڵام لێرەدا بەرجەستەکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی ئەم دوو گوتارە ناکۆکە و بە هەمان شێوە ئارگومێنت هێنانەوە و سەمپاتی نیشاندان بە قازانجی گوتاری دەوڵەت/ نەتەوە دەبێتە ئامانجی سەرەکیی ئەم نووسراوە.
شایانی باسە، کە مۆدێلی (دەوڵەت/ نەتەوە میحوەر)، ئێستاشی لەگەڵدا بێ نەیتوانیوە لە یادەوەریی ئەو خوێندنەوەی کە من بۆی دەکەم، خۆی وەکو گوتارێکی یەکگرتوو بۆ ئەم قۆناخە پێناسە بکات. ئەم مۆدێلە جگە لە کۆمەڵیک خوێندنەوەی سیاسیی داپچڕاو لە یەکی لێرە و لەوێ، نەیتوانیوە بۆ لایانگرانی خۆی ببێتە ئەم سەرچاوە هزری/ ئیدئۆلۆژیکییە کە بۆ نموونە بۆچی سەرەوریی سیاسی و بە هەمان شێوەش دەوڵەت/ نەتەوە دەتوانێ پارێزەری و دابینکەری مافی بنچینەیی هاووڵاتیبوونە لەنێو کورددا، مافێک کە چوار بواری گرنگی مەدەنی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری/ هەویەتی لە خۆی دەگرێت. بەپێچەوانەوە، گوتاری خۆسەری/ کۆمۆنالیسم و (ئانتی-دەوڵەت/ نەتەوە میحوەر)، سەرچاوەیەکی بەهێزی فکری و رێکخراوەیی لەپشتە.
تایبەتمەندییەکانی گوتاری خۆسەری/ کۆمۆنالیسم
ئەم خەڵک و رێکخڕاوانەی کە ئەمڕۆ گوتاری (ئانتی- دەوڵەت/ نەتەوە) وەپێش دەخەن و بەم پێیەش چەمکی دەوڵەت/ نەتەوە بۆ داهاتووی سیاسیی کورد وەکو ئامرازێکی (زیانبەخش) وێنا دەکەن، لە پلەی یەکەمدا ئەزموونە نەرێنییەکانی دەوڵەت/ نەتەوە دەکەنە بنەمای مەشروعییەت بۆ گوتاری خۆیان، بنەمایەک کە لە ئاستی ئیدئۆلۆژیکدا بارێکی بەهێزی ئانارشیستی هەیە. ئەم تێڕوانینە کە لەسەرەتادا لە لایەن موڕای بووکچین (Murray Bookchin 1921 –2006) مێژووناس، نووسەر و خەباتکاری کۆنە مارکسیستی ئەمەریکییەوە گەڵاڵە کراوە و دواتر لە لایەن عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە پەرەی پێ دراوە، دەوڵەت/ نەتەوە وەکو مۆدێلێک بۆ رێکخستنی ژیانی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی ڕەت دەکاتەوە، چونکە لە پلەی یەکەمدا پێیوایە کە پرۆژەی دەوڵەت/ نەتەوە کارکردی باشی نەبووە و لە ئاکامدا زەروورەتی مێژوویی خۆی لەدەست داوە. لایانگرانی ئەم تێڕوانینە کە مودێلگەلی ئالترناتیڤی وەکو کۆمۆنالیسم، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک، کۆمەڵگای ئێکۆلۆژیک و هتد…لەجیاتی دەوڵەت/ نەتەوە پێشنیار دەکەن، پێیانوایە کە دەوڵەت/ نەتەوە زیاتر پەرەپێدەری پرۆژەی بەجیهانیکردنی کاپیتالیسم بووە، کە خۆی لەخۆیدا بەر جەوهەر و سروشتێکی داپلۆسێنەر و چەوسێنەری هەیە، کە تێیدا تایبەتمەندییە فەردی و کۆلێکتیڤەکانی مرۆڤ دەخرێنە خزمەت کاپیتالیسمی جیهانییەوە و لە ئاکامدا لە پێشکەوتن و گەشەکردن دەکەون. بەگوێرەی ئەم ڕوانگەیە، بەتایبەت ژن وەکو نیوەی کۆمەڵگە، ناتوانێت ئەرکی خۆی وەکو بزوێنەری سەرەکیی مێژوو لە کۆمەڵگەدا بگێڕێت و هەر بۆیەش مارژیناڵ دەبێت و دەخرێتە پەراوێزی سیستەمی پیاوسالارانەوە.
بە مەبەستی چارەسەریی دیموکراتیک، ئەم مۆدێلە هەم لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگە و هەم لە ئاستی هێما و سەمبۆلیکدا ئالترناتیڤی جۆربەجۆر و فرەچەشن پێشنیار دەکا. بۆ نموونە دروستکردنی پێکهاتە و ناوەندگەلی خۆسەر لەدەرەوەی پێکهاتەی دەوڵەت، دەتوانێ بەرژەوەندیی (گەل) لە ئاستی جۆربەجۆری کۆمەڵگەدا بپارێزێت و گەشەی پێ بدات. ئەم بەرژەوەندییانە کە کاراکتەری جڤاکی، ئابووری، جێندێری، کولتووری و سیاسیی جۆربەجۆریان هەیە، دەتوانن لە هەمان کاتدا هەڵگری هێما، سەمبول و ئاڵای جیاوازی خۆیان بن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو هێما و سەمبۆلانەی کە بەگوێرەی ئەم گوتارە گوزارە لە بەرژەوەندیی کاپیتال و مۆدێلی دەوڵەت/نەتەوەدا دەکەن، دەبێ رەت بکرێنەوە، یان وەک ئەم جۆرەی دەگوترێت (دیزکالیفییە) بکرێن.
لە روانگەیەکی مێژووییەوە، لایەنگرانی گوتاری خۆسەری/ کۆمۆنالیسم، کە پرۆسەی دروستبوونی دەوڵەت/ نەتەوە وەکو پرۆژەیەکی کولتووری هێژمونێک و تەکڕەهەند، هەم لە ئاستی نێوخۆیی و چوارچێوە فەرمییەکانی موئەسەساتی دەوڵەتیدا و هەم لە ئاستی پەیوەندیی نێودەوڵەتی و عەلاقاتی نێوان دەوڵەتاندا خوڵقێنەری کۆمەڵێک کارەسات بووە، کە پێداگریی لەسەر هەمان ئەزموون، دووپاتبوونەوەی ئەم کارەساتانە (بۆ نموونە شەڕەکانی جیهانی یەک و دوو، هۆلۆکۆستی جوولەکەکان، ژینۆسایدی ئەرمەنی و کورد…) وەکو ریسکێکی بەردەوام لە ناخی خۆیدا پەروەردە دەکات.
لە پەیوەندیی لەگەڵ کورددا، پرسی یەکگرتوویی نێوخۆیی یان نەتەوەیی لە پیرسپیکتیڤێکی پان و بەرینتردا مانا پەیدا دەکات. لێرەدا، مەیدانی بزووتنەوەی نەتەوەیی بەردەوام ئاپدەیت دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە پرۆژەی سەرەکیی ئەم مودێلە، کە زۆر جار لە هەیبەتی دروشمگەلی وەکو برایەتیی گەلان، دیمۆکراتیزەکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها کۆماری دیموکراتیکدا خۆی بەرجەستە دەکاتەوە، نەکات. هەر بۆیەش، میعماران و موهەندیسانی پرۆژەی خۆسەری/کۆمۆنالیسم زۆر وشیارن لەسەر ئەوەی کە فەزا گشتییەکانی (public spaces) کۆمەڵگە لە لایەن گوتار و سەمبولەکانی گوتاری لایانی رکەبەرەوە کە – ئەوان بە ناسیۆنالیسمی سەرەتاییەوە پێناسەی دەکەن- داگیر نەکرێت. بۆ نموونە هەر بۆیەش لە رۆژئاوای کوردستان و یان لەم جێگایانەی دەستەڵاتی چەسپاو مەجال دەدات، نە تەنیا پێشگیری لە ئاڵای کوردستان و چالاکیی ناسیۆنالیستی دەکرێت، بەڵکو تەنانەت لە هێندێک قۆناغدا لەگەڵ ئەو ئەحزاب و ڕێکخراوە سیاسی/مەدەنییانەی کە خۆیان دامەزرێنەری بوون، تووشی ململانێ و ناکۆکی دەبن. لە پەیوەندیی لەگەڵ باشووری کوردستان، پرس و پرۆژەی ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی، وەکو هەوڵێکی نەگونجاو و ناتەبا لەگەڵ پرۆژەی دیمۆکراتیزاسیۆنی ناوچە پێناسە دەکرێت و لە باشترین حاڵەتی خۆیدا، دروستکردنی دەوڵەت/ نەتەوە لەم پارچەیەدا بۆ بابەتێک بۆ پاراستنی سیستەمی گەندەڵی و دژەژن و هەروەها بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریی بنەماڵە دادەبزێندرێت و تەقلیل دەدرێت.
تایبەتمەندییەکانی گوتاری دەوڵەت- نەتەوە
لە ئاستی تیوریدا، مەسەلەی دەوڵەت- نەتەوە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە بە چەمکی سەروەریی سیاسییەوە. سەروەریی سیاسی کە لە باڵاترین حاڵەتی خۆیدا لە شکڵی دەوڵەت- نەتەوەدا خۆی بەرجەستە دەکاتەوە، مافێکی گەردوونییە کە کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای نێونەتەوەیی، بۆ نموونە (Ius gentium) مەشرووعیەتی پێ دەدات. بە واتەیەکی دیکە، هەر نەتەوەیەکی جیاواز، جا چ بندەست بێ یان خۆی بە هەر هۆکارێک بخوازێت بەرەو پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ هەنگاو بنێت، ئەم یاسایە ڕێگای پێ دەدات. بە شێوازێکی مێژوویی و کلاسیک، سەروەریی سیاسی لە هەیکەلی حاکمێکی موتڵەق، یان وەک ئەم جۆرەی تۆماس هابس (1588-1679) دەڵێت، لێڤیاتان دا دەستەبەر دەکرێت. ساموێل ڤۆن پووفێندۆرف f1632-1694) سەروەریی سیاسی وەکو مافێکی سروشتیی مرۆڤ پێناسە دەکات. لە مێژووی هاوچەرخدا، هەبوونی سەروەریی سیاسی کە هەمان (Ius gentium)ە و گاڕانتی مان و بوونی بندەستانی سەرەوەرە لە هەیکەلی دەوڵەت- نەتەوەدا خۆی بەرجەستە دەکاتەوە.
لە ئاستی مێژووناسیی هاوچەرخەوە پێویستە بڵێین کە ئەمڕۆ ژمارەی ئەم دەوڵەت/ نەتەوانەی کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن دەگاتە 193. پێشمەرجی دروستبوونی هیچ یەک لەم دەوڵەت/نەتەوانە هەبوونی دیموکراسی و مافی مرۆڤ نەبووە، هەڵبەتە بەدەر لە سویسرە (سویس) کە تا ڕادەیەک بەرهەمی کارتێکەری کۆمەڵگای مەدەنییە. مێژووی دروستبوونی دەوڵەت/ نەتەوە کە خۆی لە بنەڕەتدا دەرهاوێشتەی پرۆسەی مودێرنیتە و گەشەی کاپیتالیسمە، پرۆسەیەکی بە ئازار بووە، کە لە گەشەی سەرمایەداریی بێ دەر و پەیکەر ڕا بگرە هەتا شەڕی جیهانی و ناوچەیی، قەیران و سەرکوتکردنی نێوخۆیی و ئاسیمیلەکردن و تواندنەوەی کولتوور و زمان و تەنانەت کۆمەڵکوژی و ژینۆساید لە خۆیەوە دەگرێت.
بە هەرحاڵ، بەدوای شەڕی جیهانیی دووەمدا، وڵاتانی رۆژئاوایی گەیشتنە ئەو قەناعەتە کە بۆ هەمیشە کۆتایی بە شەڕ بهێنن و ڕێگای ئاشتی و پێکەوەژیان بگرنە بەر. هەر بۆیەش پرۆسەی بەدیموکراسی کردنی دەوڵەت و دامودەزگاکان دەستی پێکرد. بەم مەبەستەش گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکانی ڕێنێسانس و شارستانییەتی یۆنانی و لە هەموو شتێکیش گرنگتر خوڵقاندنی هاووڵاتییەکی نوێ کرا بە هێما سەرەکییەکانی دەوڵەت/ نەتەوەی دوای شەڕی جیهانیی دووەم. هاووڵاتی ئەم جارە کە لە بەرئاوردکردنی لەگەڵ سووژەکانی پێش خۆی، جیاوازیێکی بنەڕەتیی هەبوو، ئیتر بە ڕێگای ئەرک بە دەوڵەت/ نەتەوەکەی خۆیەوە نەدەبەستراوە، بەڵکو ئەوە سێ مافی بنچینەیی مەدەنی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو کە چوارچێوەی وەفاداری و پابەندبوونی هاووڵاتی بەرامبەر بە دەوڵەت/ نەتەوە دیار دەکرد. لە ڕاستیدا، ئەوە ئەم مافانە بوون کە سەرەوەریی سیاسیی نەتەوە ڕاگوێزرا بۆ ناخی یەک بە یەک ئەندامانی کۆمەڵگا و بە هەمان شێوەش هاووڵاتییان بوونە خاوەن پرۆژە و بەرهەمهێنەری کۆمەڵگای خەیاڵیی خۆیان. هاوتەریب، لەگەڵ گەشەسەندەکانی نێوخۆیی و دیسانیش بە مەبەستی سەقامگیریی ئاشتی و پێشکەوتنی سیاسیی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی، دەیان پرۆژەی جۆربەجۆری هاوکاری و هاوپەیمانێتی لەنێوان ئەم وڵاتانە سەریان هەڵدا. یەکێتیی ئەورووپا کە ئەمڕۆ 28 ئەندامی هەیە، یەک لەم پرۆژە گرنگانەیە کە دەبێ ئاماژەی پێ بکرێت. لە لایەکی دیکەوە، پێویستە ئەم راستییەش باس بکەین، کە پرۆژەی دەوڵەت/ نەتەوە بە ناوئاخنێکی دیمۆکراتیکەوە، زۆر لەمێژە سنووری وڵاتانی رۆژئاوایی بەجێهێشتووە و وەک زەروورەتێکی گەردوونی کیشوەرەکانی ئافریقا، ئاسیا و ئوقیانووس و ئەمەریکای لاتینیشی گرتووەتەوە. هیندستان بە حەشیمەتێکی زیاتر لە یەک میلیار کەسەوە، نموونەیەکی سەرکەوتووی ئەم چەشنە ئەزموونەیە.
هەرچەندە ئێمە لە سەردەمێکی زۆر هەستیاردا دەژین و بەڕوونی دەبینین کە قەیرانی رۆژانە بەربینگی بە وڵاتە دیمۆکراتەکانیش گرتووە، بەڵام ئەم حاڵەتە بە هیچ شێوەیەک مەشرووعیەتی چەمکی دەوڵەت/ نەتەوە ناخاتە ژێر پرسیار. ئەمڕۆکە دیسانیش ئەوە دەوڵەت/ نەتەوەیە کە وەکو باڵاترین شکڵی رێکخستنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی خۆی بەرجەستە دەکاتەوە، بەڵام هەر وەکو زانای کورد عەباسی وەلی، ئاماژەی پێ دەکا، ئەوە دەوڵەت/ نەتەوە دیموکراتەکانن کە زیندوو دەمێننەوە و گەشە دەکەن.
لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەوەی ئایا دەوڵەت- نەتەوە زەروورەتی مێژوویی خۆی لەدەست داوە یان نا، پێویستە لێرەدا یارمەتی لە عەباسی وەلی وەرگرم. وەلی لە رەخنەیەکی خۆی لەسەر بۆچوونەکانی زانای بواری ناسیۆنالیسم ئێڕنێست گێلنێر، کە دەوڵەت – نەتەوە وەکو دیاردەیەکی مۆدێرن و مێژوویی پێناسە دەکات، دەڵێت کە مێژوو ناتوانێت ببێتە سەرچاوەی مەشرووعیەت بۆ چەمکی دەوڵەت- نەتەوە، بەڵکوو ئەوە دیالیکتیکیی ئینکار و موقاوەمەتە کە دەبێ ببێتە سەرچاوەی مەشرووعیەت بۆ ئەو نەتەوە ژێردەستانەی داوای مافی نەتەوایەتیی خۆیان دەکەن. مەبەست لە دیالیکتیکیی ئینکار و موقاوەمەت لەلایەن عەباس وەلی ئەوەیە کە بڵێت ئەوە پێشێلکاری و ئینکاریی مافەکانی نەتەوەی ژێردەستە لە لایەن نەتەوەی باڵادەستەوە، کە هەوڵەکانی نەتەوەی ژێردەست لەپێناو دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسی دەکاتە خاوەن ڕەوایەتی و مەشرووعیەت. لە لایەکی دیکەوە پێویست دەبینم کە لێرەدا یارمەتی لە بیرمەندی مەزن (Hannah Arendt 1906-1975) وەرگرم، کە دەڵێت ماف بۆ هەر تاکێک شتێکی گەردوونییە و لەم پێناوەدا ئەو کەسەی مافی هەیە و هەڵگری مافە هاووڵاتییە و نە هیچ کەسی دیکە. هاووڵاتیی بوونیش هەر ئەم جۆرەی تۆماس هامفری مارشال (T (1893-1981وێنای دەکات، دەبێت ‌هەڵگری سێ مافی بنەڕەتیی مەدەنی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت، مافگەلێک کە لە روانگەی ئارێنتەوە، بۆ کەسانی بێ دەوڵەت (هەم ئەوانەی کە بە ڕاستی دەوڵەتیان نییە و هەم ئەوانەی کە لە چوارچێوەی دەوڵەت- نەتەوەیەکدا وەکو شارومەندی پلە دوو یان سێ موعاملەیان لەگەڵدا دەکرێت) دەستەبەرکردنی زەحمەتە و مومکین نابێت.
هەر لەم روانگەیەوە، ئەوە هاووڵاتییە کە هەڵگری سەروەریی سیاسییە و بە هەمان شێوەش وەکو ئارێنی دەڵێت ماف بە هاووڵاتی را دەبێتە حەقیقەت، حەقیقەتێک کە لە حەوزەگەلی جۆربەجۆری ژیاندا وەکو مێژوو، ناسنامە، زمان، منداڵ، ژن، ئاڕشیتێکوور، سەمبۆلیک،، میتۆلۆژی و ئەفسانە، کولتوور، سروشت و ژینگە، شیعر و ئەدەبیات، مووزیک، سامانی سروشتی و ئابووری، سەفەر، وەرزش، خوێندن و پەروەردەدا خۆی بەرجەستە دەکاتەوە.
مەیدانی ململانێی گوتاری
مودێلی خۆسەری/ کۆمۆنالیسمی بووکچین/ ئۆجەلان هاتبووە مەیدان، کە وەک ڕێبازێکی نوێ لە خەباتێکی بێ وچان لە دژی زێدەڕۆییەکانی کاپیتالیسمی نیولیبڕال بۆشاییەکانی مارکسیسمی جاران پڕ بکاتەوە. بەڵام لە ئاستی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا، ئەم ڕێبازە هەتا ئێستاش نەیتوانیوە سەرکەوتنێکی ئەوتۆ تۆمار بکات. لە پەیوەندی لەگەڵ کورددا، ئەگەر نموونەی کوردستانی رۆژئاوا وەکو سەرکەوتنێک بۆ گوتاری خۆسەری/ کۆمۆنالیسمیی قەبووڵ وێنا بکەین، لە هەمان کاتدا دەتوانین بڵێین کە ئەم پرۆژەیە وەکو یەکەم ئەزموونی جیهانی لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی کوردیدا ئەگەر نەڵێین کارەساتبار بووە، دەتوانین بڵێین کە هەتا ئێستا سەرکەوتنێکی ئەوتۆی تۆمار نەکردووە. ئەگەر ئەو نەهامەتییەی باکووری کوردستان وەکو نموونەیەک باس بکەین، پێویستە بڵێین ئەگەر پەرچەکرداری کورد لەبەرامبەر سیاسەتی سەرکوت و لەناوبردن، کە نەتەوەی باڵادەست نوێنەرایەتیی دەکات، لەجیاتی گوتاری دیموکراتیزەکردنی کۆماری تورکیا و برایەتیی گەلان، پێداگرتن لەسەر (Ius gentium) و لەسەر هەمان ڕێچکەش دەستەبەرکردنی ستاتۆیەکی سیاسی و حقووقیی جیاواز بۆ کورد بووبایە، بێ گومان، مەشڕووعیەتی ئەم خەباتە هەم لە ناوخۆی کورد و هەم لەسەر ئاستی کۆمەڵگای جیهانیدا ئاستێکی بەرزتری دەبوو. لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر لە روانگەی فەیلەسوفی کۆنگۆییەوە ڤاڵنتەن- ئیو موودیمبە تەماشای رۆژهەڵاتی کوردستان بکەین، دەتوانین ئیدیعا بکەین کە بەهۆی داگیرکاریی فیزیکی و مارژینالکردنی ئەم وڵاتە لە بازاڕ و ئابووریی نەتەوەی سەردەست و هەروەها پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و ئەوەی موودیمبە پێی دەڵی وشیاریی دووئالی، ئەم بەشە تایبەتمەندیی کۆمەڵگەیەکی کۆلۆنیالکراوی تێدا بەدی دەکرێت، تایبەمەندییەک کە بیرمەندی مەزنی تورک ئیسماعیل بەشیکچی، بە کۆلۆنیالزمی نیوخۆیی ناودێری دەکات. جیاوازیی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لەگەڵ کۆلۆنیالیسمی کلاسیک ئەوەیە کە لە کۆلۆنیالیزمی کلاسیکدا خەڵکی بندەست لە ئاستی کولتوور و زمانەوە ئاسیمیلە ناکرێن، دیاردەیەک کە لە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییدا بەتوندی پەیڕەو دەکرێت.
لە پەیوەندی لەگەڵ باشووری کوردستان، ئەگەر بمانەوێ بە شێوازێکی زەق و کۆنکرێتش باسی عێراق بکەین، ڕوو لە سیاسەتمەدارانی هەرێمی کوردستان بکەین و دەپرسین ئەوە چ شتێکی ئەم عێراقەیە کە بەشێکی ئێوەی لەبەرامبەر گەورەترین پرسی مێژوویی ئەم نەتەوەیە دوودڵ کردووە؟ ئەوە کام قۆناخە لە ڕابڕدووی مێژوویی ئەم وڵاتەدا کە کورد لە سازدانیدا بەشدار بووە؟ ئەوە کامە پردی پەیوەندیی کولتووری، زمانی و سیاسییە کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارەوەی وڵات دەبەستێتەوە؟ ئەوە کام خەون و ئاسۆی پێکەوەژیانی داهاتووە کە ئەم جۆرەی بنێدێکت ئاندیرسۆن (1936-2015) دەڵێت، بڕیارە ببێتە بنەمایەک بۆ پێکهێنانی (کۆمەڵگایەکی خەیاڵیی) عێراقیی هاوبەش بۆ هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە؟ لە سێزدە ساڵی ڕابڕدوودا ئەوە تەنیا مەسەلەی بودجە و ئابووری و هەروەها دەستتێوەردان و ویست و خواستی دەوڵەتانی ئیقلیمی و زلهێز بووە کە پێکهێنەری ئەم پردە پەیوەندییە بووە. ئەم فاکتۆرە بە هیچ شێوەیەک بەشی ئەوە ناکا داهاتوویەک یان ناسنامەیەکی هاوبەشی بۆ (هەموو عێراقییەکان)ی لەسەر بونیات بنێی، بەڵکو بۆ ئەم مەبەستە پێویستیی جدیی بە ڕابڕدوو و مێژووی هاوبەش، کولتووری هاوبەش، زمانی هاوبەش، دامودەزگای دیموکراتیکی هاوبەش و خەونی پێکەوەژیان هەیە.
هێندێک نموونەی تازە دەری دەخات کە دامەزراندنی دەوڵەت- نەتەوە وەکو مافێکی گەردوونی و هەروەها وەکو پرۆژەیەک بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لەلایەن نەتەوەگەلێک وەک کۆسۆڤۆ لە ساڵی 2008 تەیمووری رۆژهەڵات لە ساڵی 2002و سوودانی باشوور لە ساڵی 2011ە پەیڕەو کراوە. لە وڵاتانی سکاتلەند، کێبێک و کاتالۆنیا پرسی دروستکردنی دەوڵەت- نەتەوە بە رێگای ریفراندۆم رۆژەوی خۆی لەدەست نەداوە.
کۆتایی
لە دواڕۆژی دروستبوونی دەوڵەت/ نەتەوەدا مەسەلەی هەویە و ناسنامە بە نیسبەت تاکی کورد پێ دەنێتە ئاستێکی گەلێک جیاوازتر. بۆ نموونە تاکی کورد لەم سەرگەردانییە بێ ناسنامەییەی کە بەهۆی دیارنەبوونی سنووری نێوان کوردبوون و تورک/ فارس/ عەرەب بوون، تووشی هاتووە، ڕزگاری دەبێت. لە ئاستی هێما و سەمبۆلیکدا، رواڵەتی ژیانی رۆژانەی تاکی کورد ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و لەم پێناوەشدا بەرهەمهێنانەوەی ئەوەی کە پێی دەڵێن ناسیۆنالیسمی باناڵ، یەکلایی دەکرێتەوە. لە دواڕۆژی بەفەرمی ناسینی دەوڵەتی کوردیدا لە ئاست کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، ئیدی یاسای (Ius gentium)ش شموولی کورد دەکات، ئەمیش بەم مانایە کە کێشەی کورد لەگەڵ دونیای دەرەوەی خۆیدا دەبێتە بابەت بۆ یاسای نێونەتەوەیی و کۆمەڵگای جیهانی. لە ئاستی پراکتیکی و عەمەلیشدا، گەلێک گۆڕانکاری دێنە ئاراوە. بۆ نموونە کورد دەبێتە خاوەن پاسپۆرتی خۆی، دەتوانێ لەمەودوا لەسەر ناوی خۆی لە پێشبڕکێیە ناوچەیی و جیهانییەکاندا – چ هونەری و چ وەرزشی- بەشداری بکات. لە حاڵەتی هەبوونی دەوڵەتدا، هەستی بەرپرسیارێتی لە لای تاکی کورد بەرامبەر بە وڵات و هەروەها تایبەتمەندیی داهێنەرانەی ئەو بەهێزتر دەبێت. هەروەها کورد، هەم وەک تاک و هەم وەکو کۆ، دەستی لەبەرامبەر بڕیاردەرانی وڵاتی خۆیدا ئاوەڵاتر دەبێت، چونکە ئەوان چیدی ناتوانن بە بیانووی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لەبەرامبەر هاووڵاتییاندا خۆ لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە.
دروستبوونی دەوڵەتی کوردی هەروەها دەتوانێت دیاسپوڕای کورد، کە لە خۆیدا دیاسپۆرایەکی وڵات میحوەرە، بکاتە خاوەن ئادرێسێکی ڕوونتر و ئاشکراتر، ئەویش بەم مانایەی وڵاتی پێشوو بۆ ئەندامانی دیاسپۆڕای کورد ئیدی وڵاتیکی دۆفاکتۆی مێژوویی نییە، بەڵکو وڵاتێکی رەسمییە کە ئەندامی کۆمەڵگای نێونەتەوییە.
بە بۆچوونی من دەوڵەت- نەتەوە بە هیچ شێوەیەک مەدینەی فازڵە بۆ کورد یان هیچ تاکێکی دیکەی ئەم سەرزەمینە نییە. بەڵام هەتا ئەمرۆشی لەگەڵدا بێ، لەدەرەوەی دەوڵەت- نەتەوەدا هیچ مۆدێلێکی ئاڵتەرناتیڤ بۆ ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان نەیتوانیوە کارامە بێت. ئەگەر لە روانگەی ئارێنتەوە تەماشای بابەتەکە بکەین، ئەوا دیسانیش هاووڵاتییە کە لە چوارچێوەی دەوڵەت- نەتەوەدا خاوەنی مافە. ئەوەی کە وەکو تاکی بێ دەوڵەت پێناسە دەکرێت، ناتوانێ ببێتە خاوەن ئادریسێکی دیارکراو. هەر بەم پێیەش، بۆ ئەوەی تاکی کورد ببێتە خاوەنی مافگەلی مەدەنی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ناسنامەیی، تەنیا ڕێگای ئەوەیە ببێتە هاووڵاتی. هاووڵاتی بوونیش شتێکە کە لە کونتێکستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لەژێر هەژموونی نەتەوەی باڵادەستدا لە ئۆتۆپیایەک زیاتر هیچی دیکە نییە. تەنیاڕێگا ئەوەیە کە کورد بگا بە سەروەریی سیاسی و لە ئاکامدا ببێتە هاووڵاتیی خۆی و ئەوەش بە مانای بەرجەستەکردنی گوتاری دەوڵەت- نەتەوە و لە ئاکامدا دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دێت.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر