۱۳۹۵/۱۲/۲۵

نوێترین شێعری عه‌بدوڵا پەشێو بۆ “کەرکووک”



ئەوەی لەم لا “قودس”تان بوو
لەولا “دڵ”تان
وا لە سایەی تەخت و تاجی ناو زبڵتان
بۆتە مانگای هەمیشە گوان پڕ نەوت و خوێن
بژیوە بۆ قەوچە قەوچ و کەف و کوڵتان
چما “کەرکووك” چۆتە سەر مانگ تا بێتەوە؟
یا سوور بووە وەکوو مێشکی کاڵ و بڵتان
کەرکووك ڕەگە و دانابڕێ
خۆتان لە ڕەگ دابڕاون،
لک بە لک و
چڵ بە چڵتان
گڕکانی ڕق هاتۆتە جۆش
ڕق لە خۆتان
لە کاژەڵەی کەللەی کلۆر،
لە فایلتان…
لە پردی سیڕاتی دێگەڵە
لە بارەگا و بنکە و منکەی
سەر مەڕمەڕی بنکاولتان
لە پەرژینی باخ و مەزرا
لە دیواری حەڕەمسەرای بێ ژماری قل بە قلتان
لە پۆز لێدان،
لە زمانی لووشکەوەشێن
لە گفتاری بێ هەوساری کام و کولتان
کەی بەربینمان بەردەدەن کەی؟!
حیلکەحیلک و موسەلسەلی کۆبوونەوە و
گەرد و خولتان…
کەی دوایی دێ زرمە زلێی تۆم و جێری
پایبەست دەکا گرمەی ئاشی چەنەی شلتان
کەی شاشەکان دەسێننەوە
لە دەستگێڕ و دەڵاڵانی
دەرپێی مێژووی گەڕ و گولتان
دوای چارەتان
بە سەد ساڵیش دەرباز نابن ئاو و هەوا
لە دووکەڵ و تەپکە و سلتان
شێعر ناڵێم،
زاربەند بۆ دەم دەهۆنمەوە
شیش بۆ قەفەس دادەڕێژم،
تەوق بۆ ملتان
ڕەگی حەمرین وا جۆش دەدەم… بقریشکێنێ؛
گووم بە خۆتان،
گووم بە ماددەی سەد و چلتان!

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر