پێشه‌کی: ڕاسته کورد قۆناغێکی مێژوویی تێپه‌رده‌کا و دوای سه‌د ساڵ خه‌ریکه به ئاواته‌کانی بگات، به‌ڵام ده‌سپێکی ئه‌م قۆناغه شه‌ڕی داعش نه‌بووه، به‌ڵکوو نیزیک به بیست ساڵه ئه‌م قۆناغه ده‌ستی پێکردووه. ڕه‌نگه ئێستا زۆر که‌س به‌م قسه‌یه توره بن که بلێم بیست ساڵه کورد گه‌مه به هێزه ناوچه‌یه‌کان ده‌کات.
ڕاستیش ده‌که‌ن، له یه‌که‌م نیگادا ئێستا هێزی کورد وێده‌چێ زیاتر دابه‌شبووبێ به سه‌ر دوو جه‌مسه‌ری ئێران و تورکیه‌دا، بەڵام له روانینێکی قوولتر و درێژماوه‌تردا، ده‌بینین که راست به پێچه‌وانه، بیست ساڵه به‌شێکی به‌رچاوی ده‌سکه‌وته‌کانی کورد به‌رهه‌می نه‌زانین و ململانه‌ی ئێران و تورکیه بووه، واته ئه‌گه‌ر بیست ساڵ پێش، ئێران و تورکیه ستاتوسی جیهانی ئه‌مڕۆی حکومه‌تی هه‌رێم و پێگه‌ی ناوچه‌یی په‌که‌که‌یان دیبا، هیچکات ڕێگه‌ی بیست ساڵ پێشوویان نه‌ده‌بری.
چه‌ند ڕۆژ پێش له وتووێژێکی کانالێکی فارسی‌دا گوتم که وه‌زعی ئێستای کورد له به‌رنامه‌ی هیچکام له هێزه‌کانی ناوچه‌دا نه‌بوو و به مێشکی خۆیان پێیان وابوو به کارتی کورد کایه ده‌که‌ن، بەڵام کاتێک وه‌خۆهاتنه‌وه که له لایه‌ک کورد له دوو قاڵبی حکومه‌تی هه‌رێم و بزاڤی په‌که‌که دا بونه‌ته دوو ئه‌کته‌ر و دوو هێزی دیفاکتۆ له ناوچه‌که‌دا، له لایه‌کی دیکه‌وه، زۆرهێزی گه‌وره‌ی جیهانی هاتوونه‌ته ناو گه‌مه‌که و بونه‌ته دۆستی کورد و ته‌نانه‌ت بەپیلانی هاوبه‌شیش تازه ئێران و تورکیه هیچیان پێناکرێت.
کورد ئێستا له سایه‌ی شه‌ڕی داعشه‌وه دۆستانی وه‌کوو ڕوسیه و ئامریکا و ئوروپای هه‌یه و چاره‌نوسی کورد تازه له پته‌ی ئیران و تورکیه ده‌رچووه.
ئێران به ده‌ستی خۆی روسیه‌ی هێنا ناوکێشه‌کان و ئێستا روسیه بۆته بڕیارده‌ری سه‌ره‌کی و ته‌نانه‌ت باس له خودموختاری کوردی ڕۆژئاوا ده‌کات. تورکیه‌ش یه‌ک به دوای یه‌ک پیلانه‌کانی پوچه‌ڵبۆته‌وه و ئاخر هیواشی که ترامپ بوو، به پوچ ده‌رچوو.
ئه‌وان ئێستا ته‌نیا یه‌ک کارتیان پێماوه که ئاخر یاری خۆیانی به دژی کورد پێبکه‌ن: شنگال! شنگال ئاخر کارتێکه که ده‌توانێ به نه‌زانینی کورده‌وه یاریه‌که به زیانی کورد و به به‌رژه‌وه‌ندی ئێران یا تورکیه یا به به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوکیان بگۆرێ.
چ بکه‌ین ئه‌م ئاخر کارته‌ش له چنگی ئێران و تورکیه ده‌ربهێنین و نه ته‌نیا پێشی شه‌رێکی مالوێرانکه‌ر له هه‌سته‌مترین قۆناغی مێژووی کورددا بگرین، به‌ڵکوو ئه‌و په‌ری لێهاتوویی و مودیرییه‌تی قه‌یران و توانای پوچه‌ڵکرنه‌وه‌ی پیلان له خۆمان نیشان بده‌ین.
له‌م نوسراوه‌یه‌دا من نه‌خشه ڕێگایه‌ک پێشکه‌ش ده‌که‌م و زۆر مه‌منون ده‌بم که‌سانی شاره‌زا به ڕەخنه و تێبینی و پێزیادکرنه‌کانیان یارمه‌تیم بده‌ن.
له‌م قۆناغه هه‌سته‌مه‌دا هه‌رکەس و مێدیایه‌ک بڵاوی بکاته‌وه و مه‌جالی باس و مناقشه و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی بره‌خسێنێ، زۆر سپاسی ده‌که‌م.
یه‌ک: پێش ڕێگه چاره، شیکرنه‌وه‌ی دوو ته‌وه‌ری کێشه‌ی شنگال.
شنگال و کێشه قووڵه‌که‌ی دوو ڕه‌هه‌ندی له خۆ گرتووه، هاوکات که له یه‌کتر جیان، بەڵام به باش و به خراپ، توانای تێکه‌ڵبوونیان هه‌یه که له قۆناغی ئێستادا پێم باشه جیا له یه‌کتر موعامەله‌یان له‌گه‌ڵ بکرێ.
ئه‌م دووانه بریتین له ڕه‌هه‌ندێکی ئه‌خلاقی- مروڤی و ڕه‌هه‌ندێکی سیاسی-جیۆپۆلیتیک.
سه‌باره‌ت به کاره‌ساتی شنگال هه‌موومان ئاگادارین، بەڵام ڕه‌نگه هه‌موومان له رابردووی ئه‌و کاره‌ساته و چه‌ندین جار دووباره بونه‌وه‌یان و هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی ده‌وری ئایین، به ئایینی کورده‌کانیشه‌وه، به وردی ئاگادار نه‌بین.
لێره‌دا مه‌به‌ستم نیه باسی قوڵایی مێژوویی برینی شنگال بکه‌م هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم ئێمه بۆخۆشمان له کاره‌ساته مێژوویه‌کانی کوردی ئیزیدى ده‌ورمان هه‌بووه و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ هێندێک کوردی ناحاڵی و ده‌مارگرژ به چاوی کافر و غه‌یره کورد تەماشای ئیزیدىیه‌کان ده‌که‌ن.
دیار نیه به ڕوونی ئه‌م ڕوانینه چه‌نده ده‌وری گێراوه له ئاخر کاره‌ساتی ئیزیدىیه‌کان و له وه‌ی که بەڕاده‌ی پێویست به‌رگریان لێنه‌کرا، بەڵام ڕوونه که په‌که‌که به خوێنی گەریلاکانی خۆی چ ده‌ورێکی گرنگی بۆ پێش‌گرتن له قووڵبونه‌وه و فراوانتربوونی کاره‌ساته‌که گێرا.
ئه‌م گرنگیه له مێژووی کورددا بۆ هه‌میشه تۆمار ده‌کرێ هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر له به‌ر ته‌وه‌ری دووهه‌می کێشه‌که‌ی شنگال، پەکەکه له خۆی و له کوردی تێکنه‌دا.
شنگال هاوکات گرنگیەکی ستراتیژیکی بۆ په‌که‌که و هاوپه‌یمانه‌کانی له ڕۆژئاوا هه‌یه. ئێستا شنگال ته‌نیا خاڵێکی سنورییه که ئیمکانی پێوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی خۆجێی ڕۆژئاوای به جیهانی ده‌ره‌وی سورییه پێکده‌هێنێ.
باقی سنووره‌کان یا له لایه‌ن تورکیه و داعش و هێزه هاوپه‌مانه‌کانی تورکیه داخراوه و شه‌ڕیش له‌وان له ئارادایه، یا وه‌کوو سن‌و سمێلکا لەلایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه داخراوه.
ئه‌م سنوره هاوکات داخران و کراوه بوونه‌که‌ی بۆ ئێران و تورکیه‌ش گرنگیەکی زۆری هه‌یه. جیا له کورد، به‌شێک له ناچه عه‌ره‌بییە‌کانی سوریه‌ش که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د دان پێوسیتییان به کراوه‌بوونی ئه‌م سنوره هه‌یه، هاوکات تورکیه‌ش بۆ کامڵکردنی گه‌مارۆی ڕۆژئاوای کوردستان پێویستی بەداخستنی ئه‌م سنوره هه‌یه تا بتوانێ به حیسابی خۆی یا کوردی ڕۆژئاوا قڕ بکات یان تووشی شه‌ڕی حکومه‌تی هه‌رێمیان بکات.
دوو: نه‌خشه ڕێگایه‌ک بۆ ڕه‌هه‌ندی یه‌که‌می کێشه‌ی شنگال له کاتی کاره‌ساتی ٢٠١٤ی شنگال هێزه‌کانی پارتی به‌رپرسی پاراستنی شنگال بوون که نه ته‌نیا ئه‌رکی خۆیان به باشی ئه‌نجام نه‌دان به‌ڵکوو هوشداریشیان به خه‌ڵکنه‌دا که لانی که‌م ئه‌وانیش وێرای پێشمه‌رگه‌کانی پارتی ڕابکه‌ن.
دیتمان که هه‌زاران ژن و منداڵی ئیزیدى بوونه دیلی داعش. هاوکات هێزی پێشمه‌رگه‌ی پارتی زۆرینه‌یان له به‌شی کونسێرواتیو و داخراوی کۆمه‌ڵگای باشوررا هاتبوون که واته ئه‌م گومانه که ڕه‌نگه عه‌مدێک له وشیارنه‌کرنه‌وه‌ی خه‌ڵکدا بوبێ، زۆر دوور له عه‌قل نیه، بەڵام هاوکات هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌و پێوه‌ندیه‌دا به ده‌سته‌وه نیه.
ئه‌مه ئه‌رکی سه‌رشانی پارتیه که به نیشاندانی کارنامه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو له ئه‌نجامدانی ئه‌رکی پاراستنی هاووڵاتیانی ئیزیدی بیسه‌لمێنێ که ڕووداوی ٢٠١٤ ته‌نیا هه‌ڵەیه‌ک بووه که هیچکات دوباره نابێته‌وه.
هاوکات ده‌نگی ئیزیدییه‌کان گه‌یشتۆته گۆی خه‌ڵکی جیهان. ئێستا نه ته‌نیا کۆمه‌ڵگای کوردستان که کۆمه‌ڵگای جیهانیش له سه‌ر کێشه‌ی شنگال زۆر هه‌ستیاره و له ئه‌گه‌ری دووبارەبوونه‌وه‌ی هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ک، بۆ هه‌تاهه‌تایه ئیعتباری پارتی و حکومه‌تی هه‌رێم تێداده‌چێ.
ده‌کرێ لێژنه‌یه‌ک پێکهاتوو له خه‌ڵکی شنگال، له نوێنه‌رانی پارته سیاسیه‌کان و هه‌روه‌ها له چالاکانی مافی مروڤ چۆنیه‌تی ڕاده‌سکردنی ده‌سه‌ڵات بەهێزه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم و هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی موعامەلەکرنی به‌رپرسانی شنگال له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی ئه‌م ناوچه‌یه له ژێر چاو‌دێری بگرێ.
ده‌رگای شنگالیش بۆ دامووده‌زگا جیهانیه‌کان وه‌کوو هیومه‌ن رایتس واچ و ئه‌منشتی ئینته‌رنه‌شنال ئاوه‌ڵا بێ، بەڵام ناکرێ هێزێک بەده‌ر له هێزی پێشمه‌رگه و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له شنگال بڕیارده‌ر بێ.
شنگال به‌شێک له باشوری کوردستانه. کاتێک ئێمه حکومه‌تی هه‌رێم به باش و به خراپ، به به‌رپرس و وەڵامده‌ره‌وه‌ی ڕه‌وشی شنگال ده‌زانین، هاوکات نابێ به موازاتی هێزی هه‌رێم هێزی دیکه له بواری ئیجراییاته‌وه بوونی هه‌بێ.
ته‌نیا هێزی چاو‌دێر و مه‌ده‌نی و مێدیایی و هه‌روه‌ها ئه‌و لێژنه‌یه‌ی که له سه‌رێ ئاماژه‌ی پێکرا ده‌توانی وه‌کوو چاو‌دێر، به سه‌رکرده‌وه‌ی حکومه‌تی کوردستاندا له شنگال ئازادانه چالاکی هه‌بێ.
سێ: نه‌خشه ڕێگایه‌ک بۆ ڕه‌هه‌ندی دووهه‌می کێشه‌ی شنگال هه‌ر وه‌ک له به‌شی یه‌کدا ئاماژه‌ی پێکرا شنگال ته‌نیا خاڵی پێوه‌ندی ڕۆژئاوای کوردستان و جیهانی ده‌ره‌وه‌یه، بەڵام چوون له خاکی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵکه‌وتووه ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ده‌بێ قانونه‌ن به ده‌ستی حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه بێ.
هاوکات حکومه‌تی هه‌رێمیش له سه‌ره‌تاوه موعامەله‌یه‌کی ساڵم و دروستی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوای کوردستان نه‌کردووه و سنوری له سه‌ر داخستن و ته‌نانه‌ت خه‌نده‌قی له چه‌ند خاڵی سنوری هه‌لکه‌ند. ئه‌م سیاسه‌ته نادۆستانه‌یه له دوو قۆناغدا و به دوو مه‌به‌ست ئه‌نجام درا.
له پێشدا به مه‌به‌ستی مه‌جبورکردنی یەپەگه بۆ قبولی حزبه‌کانی نزیک به پارتی له ڕۆژئاوای کوردستان، دواتر له قاڵبی هاوپه‌یمانه‌تی له‌گه‌ڵ تورکیه و فشاری هاوبه‌ش به سه‌ر کانتونه‌کانی ڕۆژئاوادا ئه‌نجام درا.
ئه‌م سیاسه‌ته له سه‌ره‌تای ٢٠١٣ وه ده‌ستیپێکرد و بەشکستی دانوستانه‌کانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد گه‌یشته لوتکه، بەڵام ئێستا له ٢٠١٧دا ناوچه‌که و جیهان گۆڕاوه. ئێستا ڕۆژئاوا له لایه‌ن ئه‌مریکا و روسیه‌وه به شیوه‌ی دیفاکتو وه‌کوو ناوچه‌یه‌کی گرنگ ناسراوه، ئێستا تورکیه قورسایی پێشووی نه‌ماوه و وه‌کوو ئه‌سپێکی دۆڕاو، دوای ٦٠ ساڵ ئوروپا و ئامریکا به پێوه‌ندێکانیان له‌گه‌ڵ تورکیه‌دا ده‌چنه‌وه.
پێشبینی ده‌کرێ تورکیه خراپتریشی به سه‌ر بێ. ئێستا که زلهێزه‌کان هاوکاری و یارمه‌تی یەپەگه و ڕۆژئاوا ده‌که‌ن ناکرێ حکومه‌تی هه‌رێم وه‌کوو یه‌که‌م ده‌سه‌ڵاتی کوردی جیهان، دوژمنایه‌تی ڕۆژئاوا بکات. با نه‌بنه دۆست و پشت و برای یه‌کتر، بەڵام دوژمنایه‌تی ئیتر هیچ مانا و پاساوێکی نه‌ماوه.
به‌تایبه‌تی دوای ڕاده‌سکرنه‌وه‌ی شنگال به حکومه‌تی هه‌رێم دەمی تورکیه‌ش داده‌خرێ و ناتوانی مانعی کردنه‌وه‌ی سنوری سمێلکا یا شنگال بێ.
زۆر ئاساییه که دوو ده‌سه‌ڵاتی دراوسێ، ئه‌گه‌ر دۆست و هاوپه‌یمانیش نه‌بن، لانی که‌م پێوه‌ندی ئاساییان هه‌بێ و هاتووچۆی تیجاری و ئابورییان هه‌بێ.
دره‌نگ یا زوو کێشه‌ی سورییه کۆتایی پێدێ، که‌مترین ده‌سکه‌وتی کوردی رۆژئاوا، حکومه‌تێکی خودموختار و ده‌سه‌ڵاتێکی خۆجێی ده‌بێ.
ناکرێ ئه‌وکات بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌م ڕۆژانه و بلێین فه‌رموون سنورمان کراوه‌یه.
له هه‌مووی گرنتر، ڕۆژئاوای کوردستان له قاڵبی فیدراتیوی باکوری سوریه‌دا ده‌ستی به ده‌ریای ئازاد ڕاده‌گات و ده‌کرێ زۆر له تورکیه کانالێکی باشتر و ئه‌مینتر بێ بۆ هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی باشور.
تورکیه ئه‌سپی دۆراوه، چاوه‌رێ نین حکومه‌تی هه‌رێم وێرای ئوروپا و ئامریکا به ئاشکرا پشتیوانی کورد بکات و به تورکیه نا بلێ، بەڵام چاوه‌ڕێیه‌کی بەجێیه که باڵانسی پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ تورکیه و ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگرێ.
ئه‌نجام: له بیست ساڵی ڕابردوودا کورد بەقه‌ت هه‌شتا ساڵی پێشتری ده‌سکه‌وتی هه‌بووه. بەپێچه‌وانه‌ی ڕوانینی سه‌تحی، کورد زیاتر له ململانه‌ی هێزه‌کانی ناوچه که‌ڵکی وه‌رگرتووه تا ئه‌وه‌ی که ئه‌وان یارییان به کورده‌وه کردبێ.
بیست ساڵ پێش ئێران و تورکیه بیریان له ئه‌مڕۆی خۆیان و کوردستان نه‌ده‌کردەوه، بەڵام شنگال ده‌توانێ ئاخر کارتی ئه‌وان بێ به دژی کورد. کێشه‌ن ئه‌خلاقی و مروڤی شنگال ده‌بێ به ده‌ستی حکومه‌تی هه‌رێم به و چاو‌دێری ناوخۆیی و جیهانی چاره سه‌ربێ و هێزه‌کانی نزیک به په‌که‌که نابێ تا سه‌ر به خاتری پاراستنی ئیزیدیان ده‌سه‌ڵاتی موازییان له شنگال هه‌بێ.
پێویسته: یه‌ک: له ڕێککه‌وتنێکی دوو قۆڵیدا، پەکەکه له پرۆسه‌یه‌کی یه‌ک تا چه‌ند مانگه‌دا ده‌سه‌ڵاتی شنگال به ته‌واوی به حکومه‌تی هه‌ریم بگێرێته‌وه.
دوو: حکومه‌تی هه‌رێمیش به هاوئاهه‌نگی ئه‌مریکا و ڕوسیه پێوه‌ندییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا ئاسایی بکاته‌وه و سنوری نێوان دوو ده‌سه‌ڵاتی کوردی له دوو پارچه‌ی کوردستان ببێته سنورێکی ئاسایی بۆ هاوکاری و هاتووچۆی دوولایه‌نه.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر