۱۳۹۶/۰۳/۰۶

ڕووتم کەوە، ڕووت و قووت


پێشکەش بە ڕوحی ژنانی خۆڕاگری وڵاتی ئاو و ئاگر “کوردستان”
ڕووتم کەوە ڕووت و قووت، با بمبینن، تێر تەماشام کەن لە پێش چاوی هەموو جیهان
لە پێش چاوی حیزی هەموو رۆژنامەکانی جیهان ڕووتم کەوە
لەبەر دەمی هەواڵنێرەکانی کەڕی نەبیستوو جلم لەبەر داماڵە
لە پێش چاوی هەموو تاوێرە بەرزەکانی شوشەبەند ئاوێنە بەند، جەستەی ڕووتم ڕاخە بەرچاو، تا سەد جار نا هەزار جار نا بە ملیۆنان دووپات بێتەوە
تیتۆلی قوماشی سەر لەشم نەهێڵە، لەبەردەمی ئەو مایکرۆفۆنانەی دەنگی ڕووتی بێدادی ناگوێزنەوە و قووتی دەدەن
هەر لێرە، هەر لێرە لەسەر شەقام ساماڵم کە، با وەک چرای سووری سەر چوارڕێیان شۆفێری هەموو ماشێنەکان چاویان ببڕنە من
لەبەر چاوی ئەو کامێڕا حیز و چاو چنۆکانەی پەردەی حەیا دەدڕێنن و تاوان نابینن، شەرمت نەبێ خۆ تۆ منت هەر ڕووت دەبینی من شەرمم لە جەستەم نەمانە زۆر لەمێژە ڕووتم
هەموو شتێکت داماڵیوە جلم نەبێ، شیتالی کەن بەرگی لەشم
با شەقام و کۆڵان و باخچە و مەیدان بیبینن
با شۆفێر و کارگەر و کاسبکار و دەوڵەمەند و هەژار سەیری کەن
با سەرۆک و وەزیر و گزیر و پاسکەرەکانیشتان بیبینن
بانگیان بکەن، هەر هەموو ئەوانەی کە نەیاندیوە
با سەرباز و ئەفسەر و خائین لێی بڕوانن
ڕووتم کەوە با بمناسن
ڕووتم کەوە وەک هەموو ئەو دار گێلاسانەی بە تەرزەی نا وەخت خشڵی گوڵت لەبەرداکەندن
وەک ئەو نێرگزانەی پەنجەی کرمۆڵت لەسەر چاویان دانە
وەک ئەو دارە سێوانەی کە خونچەت بە شەختە بردن
وەک ئەو هەموو سەوڵە شۆخەی هەڵت پاچین
وەک ئەو دار هەنارانەی داتە بەر تەوری دەست درێژی
ئەو ئەرخەوانانەی کردتن بە شەتڵی خوێن
ئەو مێڵاقانەی هێشتا لە گوڵداندا پێ هەڵنەگوتوو هەڵت قڕچاندن
ئەو قۆخانەی سۆخمەی خشتیلەیانت کرد بە نوکی سەر نێزەوە
وەک ئەو بێیە زەردانەی با ئاوە کراسەکەیان خوێنی کەڵبە و پەنجە دەسڕی
وەک ئەو شۆڕەبیانەی قژت بڕی و مانشێتی ڕەشی دۆڕانی خۆتت پێ نووسی
وەک ئەو گوڵەبەڕۆژانەی خۆڕی ئاواتیانت بە هەوری دووکەڵت تاراند
وەک ئەو هەموو وەنەوشەیەی خوێنانت لە شووشە کرد بۆ ویترینی پێشانگاکان
وەک ئەو هەموو گوڵ و گوڵەباخانەی کە رەنگ و جوانیت لەبەر داماڵێن و بردت، تا کۆشک و تەلاری خۆتی پێ بڕازێنیتەوە
خۆ تەنیا جلم نا، هەڵم دەوە ئەو دیو ئاو دیو، دەتەوێ بمناسیەوە؟ چی دەبینی؟ دایماڵە بەو چاوە شۆڕانەت، خۆ تانیا جلم نا، پێستم هەڵدەوە پێستم!
دەتەوێ بمناسیەوە؟ ناسینی من ئاسان نیە.
ئەتۆ مێشکت لە فیشەکدانی بەتاڵی من بەتاڵترە
هەستت بەقەد فیشەکی چەکم پڕ ناکا
تۆ لە مەکتەبی زرێپۆش دابووی، هەر بە ژەنگ و ژار نەفرەتت نووسیەوە
دەتەوێ بمناسیەوە؟ ناسینی من ئاسان نیە.
هەڵی دەوە. چەکم، رەختم، جلم، پێستم،
هەڵدەوە و بە ناخم دا بڕۆ خوارێ
هەڵم وەشێنە و لێکم کەوە
چی ئامێرێ هەیە بیهێنە، گەر پەنجەت تێری ناکا دەمار و جونگەکانی لەشم ڕووت کەوە
بیناسە بی، حوجرە بە حوجرە رووتم کەوە، من شەرم ناکەم
ناترسم، چاوی تۆ چاوی ناسین نیە
بەڵام بمناسە با خۆم بڵێم:
ئەمرۆ ڕووتم وەک دەنکی گەنم
ڕووتم و پڕم لە چەکەرەی ئازادی
وەک گەڵای بەر باران بێ خشڵم و لێوان لێوم لە بزە بەسەر چڵی سەربەستیەوە
ڕووتم وەک ئاوم و شەونم و چاوەڕێی بەر فڕینی هەتاوم
وەک پێستی دەف ڕووتم و پڕم لە زیکری سەرفرازی
وەک فیشەک کە بە ڕووتی لە لوولەی تفەنگ دەردەکەوێ و تەنیا قێزەونی و هەڵاواردن دەپێکێ
وەک تێرێ لە کەوان رەهام و ڕووتم و سینەی ناپاکی دەدڕم
وەک چووزەرەی گیا کە لە منداڵدانی خاک دەردەکەوێ بێ بەرگم و بەرەو خۆری سەرکەوتن دەڕسکم
وەک بێچۆ مەل لەشم ساوی ساوە و بیرم پڕە لە ئاسمانی بەختەوەری
وەکوو زننار، وەکوو رەوەز ڕووتم و هێنانە تەوار و هەڵۆی بەرزەفڕم
ڕووتم وەکوو بەفر بەڵام چیا دادەگرم
بێ بەرگەم وەک تاڤگە و هاژەی نەسرەوتنم لە گەروو دایە
ڕووتم وەکوو ڕێگا و بەرەو ڕزگاری دەچم
ڕووتم وەک ئەستێرە و مانگ و رۆژ ساماڵم وەک ئاسمان
بەرگم لادە، کاڵانی سەر لەشم بدڕە، با دەرکەوی بە ڕووتی، خەنجەری تۆڵە کەی شەرمی لە بێ بەرگیە؟
ئەرێ جیهانی قڕ و قەپ ڕووتم، چونکە جلی مۆدی پێشانگای ئیوەم نەکردە بەر، جلی ئازادی نەبێ
بێ بەرگەم بەڵام جەستەم ڕووتم ئەمرۆ شارێک دادەپۆشێ
گەلێک پۆشتە دەکا، جلێکی رەنگاڵەیی دەکاتە پۆشاکی ئاواتی مرۆڤ

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر