۱۳۹۶/۰۴/۲۱

د. قاسملوو لە زمانی خۆیەوە چۆن باسی خۆی دەکات و ئاواتەکانی چین؟


مەسەلەیەکی بنەڕەتی بۆ من لە ژیانم دا لابردنی ستەم بووە. بە لابردنی هەر چەشنە ستەمێک لە سەرەتای لاوەتیمەوە خەباتم کردووە.
ئەو تایبەتمەندیە بنەڕەتیەم ئاڵوگۆڕی بەسەر دا نەهاتووە. دیارە لە ژیان دا ئەزموونی زیاترم وەسەر یەک ناوە و بە گشتی واقع بین تر بووم.
ئەمن لە ژیان دا هەمیشە خۆشبین بووم و لە دژاوارترین هەلومەرجیش دا روحیەی خۆم پاراستووە.
لە کوردستان هەموو گۆڤار و رۆژنامە خاریجی و ئێرانیەکان دەخوێنمەوە. زۆر ئۆگری خوێندنەوەی رۆمان و کتێبە زانستیەکانم، بەڵام بۆخۆم شێعریشم زۆر پێ خۆشە، لە کوردستان شەوی شێعر پێک دەهێنن و من لەوێ شێعر دەخوێنمەوە. یەکێک لەو گرفتانەی لە ژیانی من دا هەیە، مەسەلەی شەهید بوونی هاوڕێیانی نیزیکمن. لە راستی دا ئەوە یەکێک لە گەورەترین ناراحەتیەکانە کە لە ژیانم دا هەیە. ئەمن ئەگەر بمتوانیبایە ئێستا بۆخۆم بڕیاڕ بدەم، پێم خۆش بوو خەریکی زانست بام و کارم لەسەر مەسەلە فەرهەنگی و ئەدەبیەکان کردبا. بەڵام ئێستا لە کوردستان دا ئەرکم لەسەر شانە و لە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و ئێران هەست بە بەرپرسایەتی دەکەم.
ئەمن پێم خۆشە چەند ساڵی دیکە ئەگە لە دەستم بێ خەریکی نووسین و کاری زانستی بم. ئێستا نیزیکی ٤٠ ساڵە لە خەبات دا بەشدارم، پێم خۆشە ئەزموونەکانی خۆم بنووسمەوە. بەڵام هەرچۆنێک بێ، پێم خۆشە لە نێو خەڵک دابم. ئێستا خووم بەم هەلوومەرجە گرتووە، بەڵام دووری لە خەڵکی ئاسایی زۆر گرانە، و هیوادارم هەلوومەرجێک بێتە پێش کە وڵاتەکەمان ببێتە وڵاتێکی سەربەخۆ و ئارام بێتەوە، و لەو هەلومەرجەدا ئەمن لە یەکێک لە گوندەکانی کوردستان، کە ناوی خۆم لەو گوندە وەرگرتووە دانیشم و تا ماوم بخوێنمەوە و بنووسم.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر