۱۳۹۶/۱۲/۰۶

مار و ڕۆڵی ئاینی و فەرهەنگیی لە ناو کورد دا لە سەردەمی میدەکانەوە هەتاوەکو ئەمڕۆ- سۆران حەمەڕەش


لە ناو زۆر لە کۆمەڵگە و نەتەوەکانی جیهاندا هەندێک جار ڕووەک، بەرەکەی یان ئاژەڵێک ڕۆڵێکی ئاینی و فەرهەنگی هەیە و هەندێک جار هەر یەک لەوانە دەشێت ببنە جۆرێک لە سیمبوڵ بۆ نەتەوەیەک یان کۆمەڵگەیەک. لە ناو کۆمەڵگەی کوردیشدا یەکێک لەو سیمبوڵانەی کە لە زۆر لایەنی ژیانی کوردەواریدا دەردەکەوێت و شایەنی بایەخپێدانە مارە. بەڵامدەبێت ئەوە بزانرێت کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی بەهۆی ئەوەی کە دەزگای پاراستنی فەرهەنگی ئەوتۆی نیە، نەیتوانیوە کە ئەو سیمبوڵانە بپارێزێت و لێیان تێبگات و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکات. خۆشبەختانە ئاینە کوردەیەکان سەرەڕای ئەو هەموو فشارەی کە دەکەوێتە سەریان لەبەر ئاینی جیاواز لە زۆرینەی موسوڵمان و کوردبوونیان، لە باوەشی گەرمیاندا توانیویانە فیکر و بۆچوون و فەرهەنگی باوباپیرانمان وەک مۆزەخانەیەکی زیندوو بۆ بپارێزن.
کاتێک کە دەچیتە بەردەم دەرگای لالشی پیرۆزی ئێزدیەکان، یەکێک لەو شتانەی کە سەرنج ڕادەکێشێت، ڕەشمارێکە بە تەنیشت دەرگاکەوە کە وەک سیمبوڵێکی پیرۆز مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و ئەوانەی کە سەردانی لالش دەکەن ماچی ئەو مارە دەکەن (بڕوانە وێنەکەی لای چەپ). بەڵام مار هەر لە لالش نابینرێت، بەڵکو لە زۆربەی نزرگە و شوێنە پیرۆزە ئێزدیەکاندا دەبینرێت. لە ڕاستیدا لە ناو ئەو شتە پیرۆزانەی کە ئێزدیەکان لە لالش هەیان بووە، مارێک بووە کە لە برۆنز دروستکراو بووە. کاتێک کە تورکە عوسمانیەکان لە ساڵی ١٨٩٢ بە سەرکردایەتی عومەر وەهبی پاشا هێرشیانە کردە سەر لالش، ئەو مارە و ماڵ و هەموو موڵکی ئێزدیان بە تاڵانی بردووە. دواتر ئەو مارە و چەندین شتومەکی ئاینی پیرۆزی ئێزدی لە ساڵی ١٩١٤ دا لەلایەن سلێمان نەزیف پاشای عوسمانیەوە گەڕێنراوەتەوە بۆ ئێزدیەکان. بە داخەوە لەو کاتەوە بەهۆی ئەو ژینکە نادۆستەی کە ئێزدیەکانی تێدا دەژی، کەس نازانێت ئەو مارە چی بەسەر هاتووە. بەڵام هەتاوەکو ئەمڕۆش لە ناو بنەماڵەی شێخ حەسەن تامۆیانی ئێزدی لە ئەرمینیادا کە بنەچەیان بۆ ناوچەی سنجار دەگەڕێتەوە، هەژدیهایەکی کانزایی هەیە کە سەدان ساڵە لە ناو ئەو بنەماڵەیەدا ماوەتەوە و هەتاوەکو ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمی ئاینی و چارەسەری نەخۆشیدا سوودی لێ وەردەگیرێت (بڕوانە وێةەکەی ناوەڕاست).
لە ڕاستیدا لەوە دەچێت لە ڕابردوودا مار بەشێوەکی زۆر بەرچاو لە ناو ئاین و فەرهەنگی کوردیدا ڕەگی داکوتابێت. بۆیە ئەرمەنیەکان کە دراوسێ و تێکەڵی میدەکان بوون، بە میدەکان دەڵێن “مار”. جگە لەوە دوایەمین پاشای میدی ناوی ئەژدەهاک (هەژدیها) بووە. هەرچەندە هەتاکوە ئێستا شتێکی ئەوتۆ سەبارەت بە ئاین و بیروبڕوای میدەکان نازانرێت، بەڵام ئەو دوو بەڵگەیە ئەوە دەسەلمێنێت کە مار و هەژدیها لە ناو مید/کورد دا مانایکی ئەرێنی هەبووە. تەنانەت لە چیرۆکی نوح دا کە ئێزدیەکان دەیگێڕنەوە، دەڵێن کە لە کاتی لافاوەکەدا و کاتێک کە هەموو دنیا ئاو بووە، کەشتیەکەی نوح نزیک چیای شنگار دەبێتەوە و لەوێ دەیدا بە نوکی چیاکەدا و کون دەبێت، مارێک خۆی پەپکە دەکات و کونی کەشتیەکە دەگرێت و کەشتیەکە لە نوقوم بوون دەپارێزێت هەتاوەکو لای چیای جودی دەگیرسێتەوە.
بە گشتی مار/هەژدیها لە ئاینە کوردیەکان و ئەو ئاینانەی کە پەیوەندیان بە کوردەوە هەیە، ڕۆڵێکی ئەرێنیان هەیە. لە ناو مانیەکاندا هەژدیها/مار ڕۆڵێکی پیرۆزی هەبووە و ئەوان نوێژیان بە ئاڕاستەی خۆر کردووە . هەمان هەڵسوکەوت لە ناو ئێزدیەکاندا ئەمڕۆش ماوە و ئەوانیش نوێژ بە ئاڕاستەی خۆر دەکەن و مار شوێنێکی پیرۆزی هەیە لایان. هەروەها کورد خواوەندی مێینەی زانین و پارێزەری نهێنی شامارانی هەیە کە دیسان ئەو خودایە لە هەندێک ناوچەی وەک باکوری کوردستاندا وەک ماردین، هێشتا ڕۆڵی لە ژیانی رۆژانەی خەڵکدا ماوە و بابەتێکی زیندووە. کە دیسان لەوێدا ڕۆڵی مار لە فەرهەنگی کوردیدا دەردەکەوێتەوە (بڕوانە وێنەکەی لای ڕاست).
جگە لەوە لە ناو ئێزدیەکاندا دەڵێن شێخ مەند، کە یەکێک لە کەسایەتیە ئاینیە گەورەکەنیان بووە، پەیوەندی تایبەتی هەبووە لەگەڵ ماردا و هەندێک جار خۆی گۆڕیوە بۆ ڕەشمار. ئەمڕۆش ئەو بنەماڵە ئێزدیە مارگرن و دەڵێن ئەوان گەستنی مار کاریگەریان تێناکات و دەتوانن مارانگازیش چارەسەر بکەن.
مار لە ناو ئاینە سامیەکاندا هەندێک جار ڕۆڵێکی نەرێنی هەیە و ئەبەسترێتەوە بە شەیتانەوە، بە تایبەت لە چیرۆکی ئادەم و حەوادا، مار کە حەوا لە خشتە دەبات و هانی دەدات کە سێوەکە بخوات. لە ناو ئاینی زەردەشتیدا مار خراوەتە ڕیزی هێزی خراپە و شەیتانەوە. کەچی بەپێچەوانەی ئاینی زەردەشتیەوە لەو ئاینانەی کە نزیکن لە فەرهەنگی کوردیەوە، مار ڕۆڵێکی ئەرێنی هەیە. لای مانیەکان ئەو ڕۆڵە ئەرێنی و پیرۆزەی هەبووە و بەهەمان شێوە ئەو ڕۆڵە لە ناو ئێزدیەکاندا ماوە. ئەمڕۆش بە تایبەت ڕەشمار، لە ناو کوردەواریدا ئەو ڕۆڵەی ماوە و بە گشتی کوشتنی ڕەشمار بە کارێکی خراپ سەیر دەکرێت و هەندێک جار ئەو هەڵسوکەوتە لەگەڵ هەندێک ماری تریشدا دەکرێت و لە هەندێک ناوچەدا ماری ناو ماڵێک دەبەسترێتەوە بە ڕۆحی کەسێکی مردووە و دەستکاری ناکرێت.
هەر وەک ڕوونکرایەوە مار لە سەردەمی دێرینەوە سیمبوڵێکی گرنگی ئاینی و فەرهەنگیی بووە لە ناو فەرهەنگی کوردیدا و لە ناوی میدەکان خۆیان و ناوی دوایەمین پاشایاندا بە تەواوی ڕوونە. هەروەها ڕوونبووەوە کە ئاینی ئێزدی وەک ئاینی مانی ئەوانیش بە ئاڕاستەی ڕۆژ نوێژ دەکەن و ڕێزی تایبەت بۆ مار/هەژدیها دادەنێن و ڕۆڵێکی گرنگی ئاینیی هەیە لایان. بە تایبەت ڕەشمار لە ناو ئێزدیەکاندا چەندین چیرۆک و بەسەرهاتی هەیە و ئەو بەسەرهاتە تەنانەت چیرۆکی نوحی ئێزدیشی گرتۆتەوە. هەروەها لە ناو فەرهەنگی کوردیدا شاماران نموونەیەکی ترە لەسەر زیندوێتی ڕۆڵی مار لە میسۆلۆجی کوردیدا. ڕۆڵی مار بە گشتی و ڕەشمار بەتایبەت لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا ماوە و ئەو ڕابردووە دێرینە سەرەڕای گۆڕینی ئاینی زۆرینە، کەچی هێشتا بە زیندوێتی ماوەتەوە. بەڵام لە هەمووی گرنگتر جارێکی تر بۆمان ڕووندەبێتەوە کە ئاینە کوردیەکان چۆن دەتوانن فەرهەنگی خۆمان پێ بناسنەوە و هەمیشە بمانبەستنەوە بە پیرە درەختی فەرهەنگی کوردیەوە و ڕۆڵی گرنگیان لە پرۆسەی خۆناسیندا بە تەواوی دەردەکەوێت.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
خوێنەری ئازیز ئەگەر مار ڕۆڵێک یان چیرۆکی تایبەتی هەیە لە ناوچەکەتاندا تکایە بە سوپاسەوە لە کۆمێنتدا بینووسە با هەمووان سوودی لێوەربگرن.
تێبینی:
١. وێنەکەی لای ڕاست وێنەی شامارانە، ئەوەی ناوەڕاست وێنەی ئەو هەژدیهایە کە ئەمڕۆ لە ناو ئێزدیەکانی ئەرمینیادا هەڵگیراوە وئەوەی لای چەپ بەردەم دەرگای لالشی پیرۆزە.
٢. ئەو کەسانەی کە دەخوازن زیاتر ئاشنای شاماران بن دەتوانن ئەو بابەتەم لەسەر شاماران بخوێننەوە کە لەم لینکەدایە.
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=764241386944864&set=pb.100000770292893.-2207520000.1518375401.&type=3&theater
٣. ئەو کەسانەی کە دەخوازن زیاتر ئاشنای ئاینی مانی و پێغەمبەر مانی ببن دەتوانن ئەم وتارەم بخوێننەوە
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=794269920608677&set=pb.100000770292893.-2207520000.1518379227.&type=3&theater

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر