۱۳۹۷/۰۱/۲۲

ماسمێدیا و وێرانکردنی زمانی کوردی- ئامانج شاکەلی


بە گشتیی دەمەوێ باسی ئەو وێرانکارییە بکەم کە مێدیای کوردی بەسەر زمانی کوردیدا هێناوە. بە تایبەتیش مێدیای بیستراو و بینراو، واتە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان. چونکە ئەوانە بە هاسانی دەگەنە هەموو کەس و لایەک؛ تەنانەت بمانەوێ و نەمانەوێ بوون بە میوانی وەخت و ناوەختی هەموومان. بەڵام بە روخسەتی ئێوە، دەبێ کەمێکیش دەربارەی حاڵ و باری گشتیی مێدیای کوردی قسە بکەم.
دەردەکە لەوێوە دەست پێ دەکات کە لە بیرکردنەوە و بڕیاردانی دەستەڵاتی سیاسیی کوردیدا شتێک بەناوی سیاسەتی فەرهەنگی نییە. هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی مێدیای کوردی ئاگای لە سنوور و پێگەی بەرژەوەندیی نەتەوایەتی- نیشتمانی بترازێت و لە هۆکاری بوون و پێویستیی خۆی نامۆ بێت. واتە، ئامانج و پەیامی مێدیای کوردی جگە لە هەڵپەی بوون بە خاوەنی یەکەم هەواڵ و یەکەم هەڵسەنگاندن و یەکەم چاوپێکەوتن، هیچی تر نەبێت.
ڕۆڵی پەروەردەیی و ئاراستەکردن و هۆشیارکردنەوەی خەڵک، زیندووکردنەوە و مشتوماڵکردنی هەستی نەتەوایەتی، ناساندنی مێژوو و فەرهەنگی کوردەواری، بەرەنگاربوونەوەی مێدیای ناحەزان و دوژمنان؛ ڕەخنەی دڵسۆزانە و ئاگایانە و دەیان و سەدان ئەرکی سەرەکی و گرنگی مێدیا، بە داخەوە، لای مێدیای کوردی پشتگوێ خراون.
کەواتە بە پلەی یەکەم ، ئەوە دەستەڵاتە کە دەبێ سیاسەتی فەرهەنگی وەک ئەرکێکی گرنگ و چارەنووسساز بناسێنێ و هەرچی زووترە سنوور و بناغەکانی ئەو سیاسەتە ڕەنگڕێژ بکات و بە کردەوەش جێبەجێی بکات. کەواتە ئێمەی کورد نە خاوەنی سیاسەتی فەرهەنگین و نە لە هەڕەشە و مەترسییەکانی نەبوونی ئەو سیاسەتە گەیشتوون، ئیدی مەیدانی زمانەکەشمان وەک گەلێ شتی دیکەمان، بووەتە مەیدانی ئۆخەی ئۆخەی هەرکێ بۆ خۆی. ئەوەی دەردەکەی هێندەی دی گران و قوڕەکەی خەستتر کردووە، بێ دەستەڵاتی داو و دەستگا فەرهەنگی و ئەکادیمییەکانی ئەم دەڤەرەن.
داخی داخانم ئیدی هەروا قوتەی مل نێرکە کاردووە بووە بە دەمخواری زمانی کوردی و ئەوی کۆلکە خوێندەوارە بووە بە زمانەوان و شەلم کوێرم ناپارێزم پاچ لە بونیانی خراپی زمانی کوردی دەدەن.
باسەکەم زیاتر لەسەر ئەو کارەسات و بەڵایەیە کە مێدیای بە گشتی و مێدیای  بینراو بەسەر زمانی کوردیدای هێناوە، بەڵام ناشکرێ خۆم لەو هەندێ کاری دزێو و ناحەزی مێدیا ببوێرم؛ کاتێک لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی کەناڵێکی گەورەی ئەم دەڤەرەوە، مەلایەک بەرامبەر سەدان هەزار بینەر، لێوانێک شلەمەنی بەسەرەوە دەنێ و چۆڕبڕی دەکات و بێ شەرمەحزووری دەفەرموێ: ئەوە میزی خۆم بوو خواردمەوە. [هەڵبەتە من داوای لێبووردن لە ئێوە دەکەم، بەڵام گەورەیی کارەساتەکە لەوەدا نییە، باس نەکرێ] ئاخر ئەوە سووکایەتییە بە خەڵک، تەنانەت دەتوانم بڵێم شکاندنی کەرامەتی بینەری کوردە.
دەمەوێ هەر لە ئێستەوە ئەو ڕاستییە ڕوون بکەمەوە، مەودایەکی یەکجار فراوان لە نێوان تەسککردنەوەی ئازادیی بیروڕا دەربڕین و بنەماکانی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەییدا هەیە؛ یانی ناکرێ مێدیای کوردی ڕێک لاسایی مێدیای وڵاتێکی سەقامگیری، دوورە شەڕی لە هەموو ڕوویەکەوە دامەزراوی وەک سوید یان ئەڵمان بکاتەوە.
لە گەرمەی شەڕی پێشمەرگەدا دژ بە داعش، بە چاوی خۆم دیتوومە و بە گوێی خۆم بیستوومە، بێژەری کەناڵێکی دەرەجە ئولا! لە پەخشی ڕاستەوخۆدا، پرسیاری لە فەرماندەیەکی ناسراو و کاریگەر لە بەرەی شەڕ، کردووە: بەڕێز فڵان، جەنابت چەند پێشمەرگەت لەگەڵە؟ چ جۆرە چەکێکتان پێیە؟ ئەی لە کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ جەنابی  پارێزگار باسی چیتان کرد؟!
ئەمە ئەگەر وەکو نوکتەش بۆ کەسانێکی بیانی شارەزای بواری سەربازیی بگێڕیتەوە، باوەڕت پێ ناکەن؛ چونکە ئەگەر لە وڵاتەکەی خۆیاندا شتی وا ڕووبدات، ئەوا کابرای بێژەر پەلکێشی دادگە دەکەن.
هەر لەو رۆژگارەدا، فەرماندەیەکی پێشمەرگە بۆمی گێڕایەوە: جارێکیان کۆمەڵێک کامیرا بە شان و میکرۆفۆن بەدەست هاتنە سەنگەرەکانمان و دەستیان کرد بە وێنەگرتن. پاش تاوێک هەر ئەوەندەی ئەوان لە سەنگەرەکانمان دوورکەوتنەوە، داعش کەوتە تۆپبارانمان؛ تمەز ئەو برا ئازیزانەمان دیمەنەکانی سەنگەرەکانمانیان ڕاستەوخۆ پەخش کردبوو! سەیر لەوەدایە دەیان جار شتی وا ڕووی دا و کەسیشی لەسەر نەک سزا، بەڵکو هۆشیاریش نەکرایەوە! نموونەش بۆ ئەوە زۆرە، بەڵام بۆ ئێستە ئەوەندە سەروزیادە!
ئێستە هۆ دەدەمەوە سەر دێڕ و بابەتە سەرەکییەکە: زمان، وەک مامۆستای کەندووی ئەدەب و باخەوانی ماندوویی نەناسی گوڵزاری کوردەواری، عەلائەددینی سەججادی فەرموویەتی: شادەماری نەتەوەیە. هەر بەم پێودانگەش، هەر دەرد و بەڵا و نەخۆشییەک تووشی ئەو شادەمارە بێ جێگرەوە و لە نرخ نەهاتووە ببێ، ڕاستەوخۆ، بنیانی گشتیی ژیانی نەتەوە، سەرلەبەر، دەکەوێتە بەر هەڕەشەی هەرەس و مەترسییەکی مەزنەوە. خۆ گنخاندن و خۆ لێ نەبانکردن بەرامبەر بەو هەڕەشەیەش، بێ ئەملاو ئەولا، هەڵکەندنی گۆڕی قەوارەی نەتەوەیە و خوێندنی ئەلفاتیحایە لەسەر لاشەی خێر لەخۆنەدیوی ئەوەی کە پێی دەگوترێ نەتەوەی کورد.
زمانی کوردی چونکە ماوەیەکی زۆر لە چوارچێوەیەکی تەنگ و سنوورداردا قەتیس بووە، نەیکراوە فریای ئەو گەشەکردن و ڕەوتە خێرایەی زمانە جیهانییەکان بکەوێت؛ کە بێگومان ئەو گەشەکردن و تەقینەوە بێسنوورە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای سەردەمدا هاوتەریبن. مێدیای بینراو و بیستراو، جیاواز لە مێدیای نووسراو، سنوور و بەربەست ناناسێت و بەبێ پاسەپۆرت و ڤیزا سەر بەهەموو ماڵ و شەقام و دووکان و کاژێرێکدا دەکات لە گوێن بارانی پەڵەی پایز، بەکاوە خۆ دەخزێتە نێو دڵ و دەروون و هەستی گەورە و بچووکی جەماوەری بەشەرەفی گەلەکەمان. کابانی ماڵ تا بیناقاقا غەرقی تەماشای درامای تورکی بە کوردییەکی وێران تەرجومەکراوە و جاری وا هەیە بە بۆنی سووتانی چێشتەکەی وەخەبەر دێ. شوفێری تەکسی بە دڵ و داو گوێ دەداتە وەعزی فیسارە مامۆستای ئاینی و زۆری نامێنێ، رۆژانە سێ چوار ڕێبواری بێ دەرتان بە ژێرەوە بکات.
شوانی ئەو دەشتودەرە، ئاگای لە مەڕ و ماڵات بڕاوە و گوێی داوەتە گفتولفتی سیاسەتوانێکی لەتەڕخۆری لە وشکی نووستو و جاری واش هەیە، لە جیاتی شمشاڵ، دەست بۆ مۆبایلەکەی دەبات و لە بری چاوبڕکێ لەگەڵ شەنگەبێرییان، خۆتێهەڵدەقورتێنێ و ڕاستەوخۆ بۆچوون و هەڵسەنگاندنی خۆی دەگەیەنێتە گوێگرانی بەڕێز.
منداڵی مەکتەبلیش شەوانە، لە جێی گوێدانە حیکایەتی کوڕە کەچەڵ و باخی سەلێم دێو، لەبن پەتوو و لێفەوە بە ئای پاد و تەلەفۆن تا درەنگانی شەو سەرقاڵی دەمەتەقێیە بە فەیسبووک و تەلگرام و هەزار جڕوجانەوەری دی. بۆ سبەینێ بەیانیش نەک بە قووقەی کەڵەشێر، بەڵکو بە زرمەی بۆمباش بەخەبەر نایەت و تا ئامادەی چوونە فێرگە دەبێ، قیر دەڵێ چەق! هەر هەمووشیان، بەو زمانە سەقەت و وێران و ناکوردییە دەدوێن کە لە مێدیاکانەوە فێری بوون، چونکە وەک پێشتر عەرزم کردن، مێدیای بینراو و بیستراو سنوور ناناسن و خەڵکەکەش بۆ فێربوونی هەموو شتێکی هەڵە و ناڕاست، ئامادە و لەسەرپێن!
گرفتە سەرەکییەکە ئا لێرەوە دەست پێ دەکات، کە زمان، ئیدی تەنها وەک هۆکارێکی پەیوەندیی نایەتە ناساندن. زمان ئێستە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر دەستنیشانکردنی شێوازی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان دادەنێ؛ تەنانەت وا دەکات شێوازی ژیان و گوزەرانی خەڵک بخاتە ژێر ڕکێفی ئەفسووناوی و هەستپێنەکراوی خۆی. جا چونکە ئێمەی کورد فەرهەنگ و مێژوو کەلەپوورمان تەنها لە سنووری دەستەڵاتی زماندا گیری خواردووە، دەبێ هەزار هێندەی گەلانی خاوەن مێژوو و فەرهەنگی پتەو و هەمەچەشنە، زیاتر وریای بێوەیی و پتەو ڕاگرتنی زمانەکەمان بین.
ئەوەی هەمانە و نیمانە زمانە، یان ڕاستەوخۆ  بە زمانەوە پێوەندە. ئیتر ئەمە بەستە و گۆرانی و لاوک و حەیران و هۆرەیە، هەڵپەڕکێ و دیلانییە، هەروابێتەوە حیکایەتخوانی و شەوچەرەی زستانانە. جلوبەرگ و خشڵ و سمڵ و مێخەک و کوڕەمەکەی بەر سنگ و بەرۆکی شۆخە ژنانە؛ سەرت نەیەشێنم شیعر و بەیت و بەندی شاعیر و شایەرانە؛ هەرهەموویان، کۆیلەی گوێ لە مستی میری زمانن و بوون و گەشەکردنیان بەندە بە بوون و مانەوەی زمانەکەمان.
بابزانین مێدیای کوردی، دووبارەی دەکەمەوە مەبەستم مێدیای بینراو و بیستراوە بە پلەی یەکەم. چتۆ خزمەتی زمانی کوردییان کردووە و دەیکەن. یانەخۆ، پەرژینێکی قایمی بە گوڵ ڕازاوە بێ لە ڕووی حازریدا، چ دارێکیان داوە بە رۆحی زمانەکەماندا و چ کارەڕاتێکیان خوڵقاندووە. یان بە قەولی مامۆستا هێمنی موکریانی، چۆن چۆنەکی دە زمانی کوردی ڕیاون؟!
وەک بیستوومە گوایە 315 کەناڵی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ لە هەرێمی کوردستان چالاکن، بەرەکەتیان تێ کەوێ ئینشائەڵلا… مرۆڤ هەر بە گوێگرتن، نەک تەماشاکردنی ئەو کەناڵانە، دەزانێ ئەمەیان کامە کەناڵی چ حزبێکە و ئەوی تریان کامە کەناڵی بە ڕواڵەت سەربەخۆی بە ڕاستی گوێ لە مستی فڵانە  کوڕە کەچەڵە. چونکە هەر یەکە لەو کەناڵانە، زمانی تایبەتی خۆیانیان هەیە!  لەوەش سەمەرەتر، زۆرێک لە پەیامنێر و کارمەندەکانیان جگە لە زاراوەی ناوچە و شار یان تەنانەت گەڕەکەکەی خۆیان بەولاوە نازانن.
کارم بە شێواز و شێوەی دەربڕین و قسەکردنی ڕۆژنامەوان و پەیامنێرەکانەوە نییە، ئەمەیان شانامەیەکی تازەی دەوێ. باسی ئەو کوردییە کێویلەیە، لە پڵاوساواری بە وردە زیخ سیخناخ ئاسایە دەکەم کە ئەم مێدیای کوردییە، بیستوچوار سەعاتە، بێڕەحمانە دەرخواردی من و تۆی قەلەندەر و بێ پشت و پەنای دەدەن.
مەرجی بێژەر، تەنها جوانیی ڕوخسار و زراڤیی بەژن و باڵا و دەنگخۆشی نییە؛ بەڵکو شارەزایی و هۆشیاری و زانینە سەبارەت بەو بوارەی کاری تێدا دەکات. کاتێک بێژەری کەناڵێکی گەورە، جیاوازیی نێوان حوسەینییەی جەماران و مەزاری ئایەتوڵلا خومەینی نازانێ؛ بۆ دەبێ لە پەخشی ڕاستەوخۆدا، سەرەڕای ئاگەدارکردنەوەی، لەسەر بەهەڵە خوێندنەوەی هەواڵەکەی بەردەوام بێت؟!
ئەی ئەوە کارەسات نییە، بێژەری کەناڵێکی دیکە، نەزانێ پاتەختی سیاسیی ئوسترالیا کانبێرایە نەک سیدنی!
تۆ تەماشا، مێدیای کوردی هێشتا لەسەر ئەوە ڕێکنەکەوتوون ناوی سەرۆکی پێشووی فەرەنسا چییە؟! ئۆڵاند، هۆڵاند، ئەولاند یان هواڵاند. ئاخر هەر کەناڵە و بە جۆرێکی گۆ دەکرد..
[لە نزیک خانزاد شۆفێرێک بە پێچەوانەی ڕێنماییەکان لە شوێنێک سووڕانەوەی کردووە!]
ئەم ڕستە وشەیە، بەڵام پێویستی بە حەوت ئاسنگەر و پازدە شاگرد هەیە تا بە کوتک و چەکوش ڕاستی بکەنەوە..
وەفیق سامەڕایی داوا دەکات بەغدا بە بیانووی خۆپیشاندان دەستێوەردان لە هەولێر بکات
ڕستەکە سەرلەبەر، لە ڕووی ڕێزمان و داڕشتن و ماناوە هەڵەیە و فڕی بە زمانی کوردییەوە نییە.
[لە سەیرانگەی مەیدانۆکی مێرگەسوور، بە تەقەی خۆشی، لیوایەکی پێشمەرگە گیانی لە دەست دا]
بەپێی ئەو هەواڵە، یەک لیوای پێشمەرگە قەڵاچۆ کراون! دەبوو کاکی پەیامنێر بیگوتبایە:
ئەفسەرێکی پێشمەرگە بە پلەی لیوا کوژرا.
پێشمەرگە دوو مانگە لەم ناوچەیە بوونیان هەیە! بوونیان هەیە کەی کوردییە؟. کورد ناڵێ: ئەستێرە بە ئاسمانەوە بوونیان هەیە، بەڵکو دەڵێ ئەستێرە بە ئاسمانەوەن.
وەزارەتی فیسار هەڵدەستێ بە گرێدانی گرێبەستێک بۆ فڵان خان، چونکە هەستاوە بە ئەنجامدانی پرۆسەی نووسینەوەی دەستنووسێک. باشە کەسێ لە ئێوە بیستوویەتی دایکی، داپیرەی، باوکی، باپیرەی جارێک گوتبێتی ‌هەڵدەسم بە ڕستنی تەشییەکەم، یان هەڵدەستم بە ئەنجامدانی پرۆسەی نوێژکردنەکەم؟  ئەدی ناکرێ دانیشین بە ئەنجامدانی پرۆسەی نانخواردن یان ڕاکشێین بە ئەنجامدانی پرۆسەی نووستن؟! ئەمە تەرجومەی (یقوم بهژا العمل) ی عارەبییە و کاکم کورداندوویەتی.
جارێ پێش هەموو شتێک، وشەی ئەنجامدان لای ئەو بەڕێزانە تەواو پێچەوانەی مانا کوردییەکەیەتی؛ ئەنجام- ی کوردی بە عارەبی پێی دەگوترێ نەتیجە. کورد دەڵێ: ئەنجامی کۆکردنەوەی دوو و سێ دەکاتە پێنج. یان ئەنجامی یارییەکەی نێوان هەولێر و زاخۆ 3 بە 2 بوو. بەم پێیە، کار ئەنجام نادرێت، دەکرێت. کۆبوونەوە ئەنجام نادرێت. دەکرێت. ئاهەنگ ئەنجام نادرێت ساز دەکرێت.
قوڕەکە ئەو کاتە خەستتر دەبێ کە دەفەرموون: هەڵساوە بە ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری!
کەسی لالەی، وە سی جزمەی قورحان، کورد هەرگیز شەکری وا ناشکێنێت! کورد دەڵێ ژنم هێناوە، شووم کردووە.
لاریم لەوە نییە وشەی بێگانە، لەکاتی نەبوونی جێگرەوە لە زمانی کوردیدا بەکاربهێنرێت. چونکە زمانە زیندووەکانی جیهان تژین لەوشەی زمانگەلی دیکە و کەسیش ئەوەی پێ کەمایەسی و عەیب و عار نییە؛ بەڵام کاتێک زمانەکەی خۆم لێوانلێو بێت لە وشەی ڕەسەن و گونجاو، بۆ دەبێ پەنا بۆ وشەی غەوارە و ڕەق و تەقی بیانی ببەم؟
ڕۆژانە وشە و ڕستەگەلی وەک [عەلەف، جزرە وەسەتی، ئەبوو شوارب، نەستەلە، ئیعتیماد، تەکەتول، عەموود، حەسانە، قەناص بەدەست، دەبابە، حەدیقە، غابات، لەحم بعجین، زەوی ڕوکن، نەعل، گاقم نەوم ،شەقامی کوردی، لە ئێستادا، هەولێری پایتەخت، نرخ ڕووی لە دابەزین کرد، ئەم ئاوارانە لێرە ژیان دەکەن، گۆڕانکاری، پشتڕاستکردنەوەی هەواڵ، ئەنجام دەداتن،] و دەیان و سەدان وشەی نالەبار و نەگونجاوی دیکە دەکرێنە دەرخواردی بینەران و بیسەرانی بەڕێز!
لەوانەش سەمەرەتر، ژێرنووسی فیلمە بیانییەکانە، کە گوایە بەخێر! کوردێنراون؛ ئەمەش یەک دوو نموونە:
وەرگێڕاوەکە بۆ خۆت هەڵگرە!
ئەمە وەرگێڕانی keep the change ی ئینگلیزییە و لە تەلەفزیۆنە کوردییەکاندا عەیب نەبێ و دوور لە ڕووی حازری، بەو جۆرە تێی ڕیاون!
وە ئەو دەزانێ کە ئێمە چۆن کارەکەمان شاردۆتەوە!
کۆتا جاریان دەبێت ماتۆڕ سوار بن.
باڵندەیەکی دڵپاک نزیک بووەتەوە لە خواردن.
مەبەستم شکاندن و بە کەمزانینی هیچ کەس و مێدیایەک نییە، ئەوەندەی کە مەبەستمە زەنگی هەڕەشەیەک بزرنگێنمەوە بۆ ئەوەی تا کارلە کار نەترازاوە، ئەوانەی جڵەوی کاروباری ئەم مەملەکەتە مەحرووسەیان بە دەستە، بەری ئەم پەتا و دەردە بێ دەرمانە بگرن.
هەرچەند لێشم ڕوونە ئەم گلەیی و دەردەدڵانە، چەندە هەق و ڕەوانیش بن، هێشتا بە ئەندازەی موویەک کار لە بڕیار و بەرنامەی کاربەدەستان ناکات، هەڵبەتە ئەگەر لە قامووسی قسەڕۆیشتووانی ئەم دەڤەرەدا شتێک بە ناوی بەرنامە و پلان هەبێت. چونکە ڕیشچەرموو و پیاوماقوڵەکانمان، بە دەگمەن نەبێ، ئەگینا نە دەخوێننەوە، نە گوێ دەگرن! خۆ ئەگەر قەزا کوێرەکە، لە ڕێگەی دۆستە باشەکانیانەوە قسەیەکی خێریان پێ بگات، ئەوەش چ سوودێکی نابێ، چونکە بە قەولی کابرا، ئەو دەستەبرایانە، وەک زۆرینەی کوردەکە درەنگ تێدەگەن و هەر خێراش لە بیریان دەچێتەوە.
لەوەش بترازێ، ئەوان قیڕەی بۆق و ویزەی مێشوولەیان گەلێ لە قسەی هەق و دڵسۆزانەی من و تۆ، بەلاوە خۆشئاوازترە. سەرباری ئەوەش، کوێر تا دەمرێ بە تەمای چاوە؛ منیش و زۆری دیکەش، ترووسکەی هیوایەکمان لە دەرووندا ماوە و دەڵێین بەشکەم ئەم کوردە بەدبەخت و خۆخۆرە، ڕۆژێ، ڕۆژگارێک، ڕێنوێنێکی دڵسۆزی لە دنیاحاڵیبووی بۆ بڕەخسێت و چرایەک لەسەر توولەڕێی هەورازی تاریکی داهاتووماندا دایسێنێ..

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر