۱۳۹۷/۰۱/۲۶

عەبباس وەلێ: ئەمریکا دڵنیاییە تەنیا هێزێک کە دەتوانێ ئێستا لە سووریا ستراتێژی ئەوان لەوێ بەرەوپێش بەرێ کوردکانی سووریان.

نووسینەوەی: حەسەن قازی
عەبباس وەلی: ئەوانەی سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا دادەڕێژن دڵنیان تەنیا هێزێکی کە دەتوانێ لەهەلومەرجی ئێستا دا ئەو ستڕاتێژییە لەوێندەرێ بەرەوپێش بەرێ کوردەکانی سووریان
بەشداری پرۆفێسۆر عەباس وەلی بەڕێگای سکایپ دا لە بەرنامەی ‘ چشم انداز ‘ تێلێڤیزیۆنی فارسی زمانی ‘ایران اینترناشنال ‘ بە مۆدێراتۆری عەلی خێرەد پیر سەبارەت بە قسەکانی دۆناڵد تڕامپ لەمەر بڕیاری بۆ کشانەوەی نیزامی لە سووریا.
ئێوارەی شەمە ١٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی / ٧-ی ئاوریلی ٢٠١٨
عەلی خێرەد پیر : دیسان سڵاو بەخێر بێن بۆ بەشی دووەمی بەرنامە ‘ چشم انداز ‘ … محەمەد بن سەلمان وەلیعەهدی عەڕەبستان دژی دەرکەوتنی هێزە ئەمریکاییەکانە لە سووریا ، هێندێک لە ڕاپۆرتەکان دەڵێن دۆناڵد تڕامپ داوای کردووە لە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا دانی نزیکەی ٢٠٠ میلیۆن دۆڵار وەکوو یارمەتی نەغدی بۆ ئاوەدان کردنەوەی سووریا هەڵپەسێرێ. سەبارەت بە ستڕاتێژی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عەڕەبستانی سعوودی لەمەڕ سووریا لە گەڵ ئاغایان عەباس وەلی و کامبیز غەفووری گفتگۆ دەکەین کە هەر دوویان بە ڕێگای سکایپەوە لەگەڵمانن.
هەر دوو میوانەکان بە خێرهاتن دەکەم. بەخێر بێن بۆ بەرنامەی’چشم انداز ‘ ئیزن بدەن گفتگۆیەکە بە ئێوە ڕادەست پێ بکەم ئاغای وەلی. وەلیعەهدی عەڕەبستان دەڵێ ئێران بە یارمەتی میلیشیایە شێعەکان و هاوپەیمانەکانی لە لوبنان، سووریا و عێڕاق حەول دەدا نیوەمانگێکی شیعە لە هەرێمەکە دا ساز بکا. هەڵبەت ئەو قسەیە قسەیەکی تازە نییە بەڵام لە چلۆنایەتی ئەمڕۆی هەڕێمەکە دا ئەو قسەیە چەندە دەبێ بە جیدی وەربگیرێ و ئێوە ئەو قسەیە چەندە لە ڕاستییەوە بە نزیک دەزانن؟
عەبباس وەلی: وا وەبەر چاو دێ ئەوە ئامانجێک بێ و ئێران دواجار دەیەوێ ستڕاتێژییەکی ئەوتۆ لە وێندەرێ جێ بە جێ بکرێ. ئەوە ئامانجی ستڕاتێژیک بووە و ئێستاش هەیە. بەڵام ئەوەی کە داخودا هەلومەرجی وەدیهاتنی ئەو ئامانجە لە بارودۆخی ئێستا دا لە سووریا هەیە یان نا، وا وەبەرچاو دێ خاڵی سەرەکی ئەو مژار و گەنگەشەیە بێ. ئەگەر ئێران بییەوێ کارێکی ئەوتۆ بکا لە وێندەرێ ، تەنیا مەسەلەی عەڕەبستانی سعوودی نییە بەڵکوو لە دەرەجەی یەکەمدا ڕاسانی لێدەکەوێتەوە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئاسایشیی نەتەوەیی ئیسرائیل لەو هەرێمەدا. و ئەوە ڕاسانی سەرەکی یە کە عەڕەبستانی سعوودی و ئیسرائیل لەو ڕووەوە هاوبەشن و هەر بۆیەشە وەلیعەهدی عەڕەبستانی سعوودی لە قسەکانی خۆی لەو دواییانەدا گوتوویە ئێمە هێندێک بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشانە بە باوەڕی من لە هەلومەرجی ئێستا دا گرینگی پەیدا کردووە لەبەر وەزعێک کە لە سووریا هاتووەتە گۆڕێ و ئەو لێڵی و ناڕوونیانەی کە لە سیاسەتی دوو دەستەڵاتی سەرەکی لە سووریا دا دەبیندرێ. یەكێک لەوانە ڕووسیایە و ئەویدیکەیان ئەمریکا. سیاسەتەکانی ئەمریکا، لێڵی و ناڕوونی سەرەکیان تێدایە و ئەو ناڕوونییانە مەیدانێکی کردووەتەوە کە گەمەکارانی دەرەجە یەکی وەکوو ئێران لەوێدا بتوانن لەو مەیدانە دا کایە بکەن و بیانەوێ و بتوانن بەرژەوەندییەکانیان لە وێندەرێ پەرە پێ بدەن. و ئەو لێڵی و ناڕوونییانە هەر وەها بوونەتە هۆی ئەوە کە تورکیاش بێتە ناو مەیدانێ. لە لایەکی دیکەوە ڕووسیایە. ئەوە ڕاستە کە ڕووسیا لەمەڕ ئەسەد و لە مەڕ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا بە بڕیارەوە قسە دەکا بەڵام هەڵوێستی لەمەڕ بەرژەوەندی ئێران و پەرەسەندنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە سووریا چەندە دەکرێ بەرەو پێش ببردرێ هێندە دڵنیا نییە. و بە بۆچوونی من لەو بارەیەوە هێشتا بڕیاردەرانە هەڵوێستی نەگرتووە.
عەلی خێرەد پیر: مەمنوونم ئاغای وەلی ……
مەیسەم بێهرەوێش [یەک لەهاوکارانی بەرنامە] : ئەمن پرسیارێکم لە ئاغای وەلی هەبوو، ئەگەر ئیزنتان لە سەربێ ؟ ئاغای وەلی ئایا پێتان وایە لە مەیدانی شەڕی سووریا دا قوژبنێک هەیە لە نێوان بەرژەوەندییەکان عەڕەبستان و ئەمریکا و ئەوەیکە پێداگری تڕامپ لەمەر دەرخستنی هێزە ئەمریکاییەکان لە سووریا پێتان وایە تا چەندە ڕێی تێ دەچێ و ئەگەر ئەوە ڕووبدا لە ڕووی زەمانییەوە ئێمە کەنگێ ئەو گۆڕانکارییە دەبینین؟
عەلی خێرەپیر: ببوورە ئاغای وەلی ئەمنیش ئەوەی لێ زیاد کەم ، ئەگەر دەکرێ شرۆڤەیەکیش بۆ ئێمە بکەن ئێوە گوتتان هێندێک لێڵی و ناڕوونی هەیە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە پێوەندیی لە گەڵ هەرێمەکە و سووریا دا و ئەگەر وای دابنێین ئەو سیاسەتە شیاوی جێ بە جێ کردن بێ چ شتێک لە جێدا بووەتە هۆی بڕیارێکی ئەوتۆ؟
عەبباس وەلی: بڕاونن. ئەو لێڵی و ناڕوونییانەی کە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا دا هەن یەکێکیان لە مەڕ مانەوە یان نەمانەوە. سەقامگیری یان ناسەقامگیری حکوومەتی ئاغای ئەسەدە. هەڵوێستی ئەمریکا لەو بارەیەوە ڕوون نەبووە . زۆر جار کاتێک لەوێ شەڕ قورس بووە و ئەسەد غووتەی بۆمباران کردووە ، یان پێشتر بۆمبارانی حەڵەب ، هەڵوێستی ئەخلاقی- ئینسانی گوشاری هێناوەتە سەر ئەمریکا و دژایەتی توندی نیشان داوە بەرانبەر بە ئاغای ئەسەد، بەڵام لە بارودۆخی دیکەدا ، هەڵوێستی لە ڕووسیا نزیک بووە. بەر لەوەی ئاغای تیلرسن لە سەر کار لابدرێ جۆرە قەڵشتێک دەبیندرا لە نێوان دەربرێنی سیاسەتی ئەمریکا لە لایەن وەزاڕەتی دەرەوە و هەر وەها وەزاڕەتی بەرگری یەوە. و ئێستا ئەو قەڵشتە وێک هاتووەتەوە بەڵام هێشتا دیار نییە لەوێدا چ هەڵوێستێک بگیرێ و لەو دواییانە دا ئاغای تڕامپ هاتە ناو گەمەکە و بە شێوەیەکی زۆر چاوەڕوان نەکراو گوتی دەبێ هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەر کەون کە ئەوە قسەیەکی ناستڕاتێژیک و دژی ستڕاتێژیک بوو بۆ سیاسی و سیاسەتداڕێژانی ئەمریکا و ئێستا لە ڕاستیدا سیاسەت داڕێژەرانی ئەمریکایی دەیانەوێ ئەو سەدەمەیەی ئاغای تڕامپ بەو قسەیەی لە ستڕاتێژی ئەوان و مێکانیزمی جێ بە جێ کردنی ئەو ستڕاتێژییەی داوە سارێژ کەنەوە و بەر بە زیاد بوونی ئەو سەدەمەیە بگرن.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر