۱۳۹۶/۰۳/۲۵

۱٠ هۆکار بۆ خستنەسەری نیشانەی پرسیار لە سەر ڕێفراندۆم


سیاوەش گودرەزی
ئەو هۆکارانەی وەک دژبەری زلهێزەکان و دەوڵەتانی هەرێمی بۆ شک و گومان خستنە ڕێفراندۆم لە باشوور باس دەکرێن تەنیا بیانوو و نەبوونی ئیرادەن. باشوور کەم قوربانی نەداوە، هەروەک ڕۆژئاوا دەتوانێ بە پێەوە بوەستێ و بەرخۆدان بکا ئەگەر باوەڕ و متمانەی بە حیزبە کوردییەکان هەبا. کەواتە فاکتەرە ناخۆییەکان سەرەکیترین هۆکارن بۆ نەبوونی متمانە بە ڕێکخەرانی ڕێفراندۆم:
۱ـ ئەزموونی حوکمڕانی:
لە ماوەی ۲٥ ساڵ حوکمڕانی و دەوڵەتداریدا ئاڵاهەڵگرانی ئێستای ڕێفراندۆم، ئەزموونێکی باشیان لە حوکمڕانی پیشان نەدا. ۲٥ ساڵ ئەزموون وەنەگیردرێت بە ۲٦ و ۲۷ ساڵیش وەرناگیردرێت. ڕێفراندۆمییەکان هێشتا ساوان و لە یاسا و لە دەوڵەت ناگەن.
۲ـ نەبوونی ستراتیژی نەتەوەیی:
ژێرخانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ بنیاد نەنراوە. خانوویەک لە سەر بناخە و بنچینەی بەرد درووست نەکرێ بە نەرمە بارانێک ڕۆ دەچێ. نموونە تاڵانی نەوتی کوردستان لە لایەن حیزب و مافیاکانی نەوت.

۳ـ حکوومەتی هەرێم وەک دژبەری دەوڵەتی سەربەخۆ:
لاوازترین دام و دەزگا لە باشوور لە پەروەردە و لەشساخییەوە بگرە هەتا دواتر زانکۆ و نەخۆشخانە دەوڵەتییەکانن. کە کۆڵەکەکانی دەوڵەت ئەوەندە لاواز و بێ هێز کرابن کە سەرکردەکانی ڕێفراندۆم منداڵەکانیان لە زانکۆ دەوڵەتییەکان نەخوێنن و خۆیان بۆ سەرەتاییترین چارەسەری پزیشکی ڕوو لە نەخۆشخانە دەوڵەتییەکان نەکەن چۆنە ئەم کاڵا بە قەد باڵایە بە خەڵکی دەفرۆشن؟
٤ـ کەرتی تایبەت و حکوومەتی هەرێم:
ئەم دەوڵەتەی ئێستای هەرێم کە ئێستا بانگەشەی سەربەخۆیی دەکا لە ۱۳ ساڵی ڕابروودا ئەوەندە بانگەشەی بۆ کەرتی تایبەت کردووەو ئەوەندە دامودەزگای بە کەرتی تایبەت هەرزانفرۆش کردووە کە شتێکی بۆ خۆی بێجگە لە پۆلیس، ئاسایش، زیندان و پۆست و ناو بۆ دەوڵەت نەهێشتۆتەوە. یەکێک لە دژبەرانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ باشوور بە بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و لاوازکردنی خۆی، خودی حکوومەتی هەرێم بووە.
٥ـ پەکخستنی گرینگترین دامودەزگا دەوڵەتییەکان:
ئەوانەی بانگەشەی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەکەن هەر ئێستا گرینگرتین بنەمای دەوڵەت، پەرلەمان وەک مەرجەعی یاسادانانیان پەک خستووەو سەرۆکی پەرلەمانیان بە زەبری چەک لە پەرلەمان وەدەرناوە. چەند وەزیرێکی خودی دەوڵەتیشیان بە زۆرەملی لە دەوڵەت دەرکردووە.
٦ـ پارچەپارچەکردن سیاسەتی تائێستا:
ئەوانەی لایەنگری ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و سەروەری خاکی باشووری کوردستان دەکەن لە کردەوەدا باشووری کوردستانیان لە سنووری دێگەڵەدا دوو پارچە کردووە، لە کەرکووک بێجگە لە نەوتەکەی خۆیان بێ خاوەن کردووەو شەنگاڵیان تووشی کارەساتی کۆمەڵکوژی کردووە.
۷ـ دەوڵەتی بێ چاکبژی
یەکێک لە هۆکارەکان بۆ سەقامگرتووی دەوڵەت و درووستکردنی پێوەندی قایمی نێوان دەوڵەت و خەڵک خزمەتگوزارییە ئەوەی بە ناوی دەوڵەتی چاکبژی ناسراوە. بانگەشەکەرانی ڕێفراندۆم بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ نەک تەنیا لە خزمەتگوزاری و چاکبژییان داشکاندووە بەڵکوو بە بڕینی مووچەی ئاسایی فەرمانبەران هەر ئێستا کۆمەڵگەی باشووریان تووشی خەراپترین شێوەی قەیرانی ئابووری کردووە.
۸ـ دەوڵەت لە خزمەتی حیزبدا:
هەتا ئێستا لە باشووری کوردستان حیزب لە سەرووی دەوڵەت، پارلەمان، دادگا بووە. حیزب نەوت و گاز دەفرۆشێ. حیزب پەرلەمان دادەخا، حیزب یاسا لە ژێر پێ دەخا، حیزب بانکە، حیزب گومرک وەردەگرێ و حیزب مووچە دەدا. ئێستا سەرکردەی هەمان حیزبانە داوای دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەن. چ گەرەنتییەک هەیە سبەی حیزب خۆی بەسەر ئەنجامی ڕێفراندۆمدا نەسەپێنێ و ڕێفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ نەکاتە قوربانی حیزب.
۹ـ ئێستاش مێدیای حیزب لە باتی میدیای نەتەوەیی:
هەموو وڵات و دەوڵەتێک ڕاگەیاندن و میدیایەکی نەتەوەیی هەیە کە گوزارشت لە هەموو وڵات بە هەموو جیاوازییە سیاسی، مەزهەبی و ئەتنیکییەکان دەکا. دوای ۲٥ ساڵ لە ئەزموونی حکوومەتی هەرێم ڕاگەیاندن لە تەلەفزیۆنی حیزبەوە هەڵکشاوە بۆ تەلەفزیۆنی نێچیروان بارزانی (ڕووداو)، کوردستانی ۲٤ی مەسروور بارزانی و … کامە ڕاگەیاندن گوزارە لە ڕێفراندۆم و ویستی هەموو باشووری کوردستان دەکا؟ تەلەفزیۆنێکی وا هێشتا بوونی نییە!
۱٠ـ نەبوونی متمانە بە ڕێفراندۆمچییەکانی ئێستا:
گەلی کورد لە ساڵی ۲٠٠٥ دەنگی بە ڕێفراندۆم بۆ جیابوونەوە لە عێراق دا بەڵام ئاڵاهەڵگرانی ئێستای ڕێفراندۆم باشووریان لکاندەوە بۆ دەوڵەتی نوێی عێراقەوە. متمانە نەماوە. ئایا ئاڵاهەڵگرانی ئێستای ڕێفراندۆم حازرن داوای لێبووردن لە ڕێفراندۆم خوازانی کۆن بکەن و پێ لە هەڵەکانی خۆیان بنێن؟

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر