پێشەکی
«ده‌ربازبوون له ناسیۆنالیزمی سه‌ره‌تایی»، ناوی یادداشتێکه(بە زمانی فارسی) به قه‌ڵه‌می کاک فه‌رهاد ئه‌مین‌پوور، له ژماره‌ی یه‌که‌می دووحه‌وتوونامه‌ی گه‌لاوێژدا وه‌کوو سه‌روتار چاپ و بڵاو بووه‌ته‌وه. کاکڵه‌ی قسه‌کانی کاک فه‌رهاد له‌م یادداشته‌دا ئه‌وه‌یه، گوایه ناسیۆنالیزمی کورد له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می خۆی نامۆیه و به‌پێی هه‌ل‌ومه‌رجی کۆمه‌ڵگا و گۆڕانکارییه‌کانی سه‌رده‌م گه‌شه‌ی نه‌کردووه. هه‌ر بۆیه تووشی قه‌یرانی مانا و کارایی (کارکرد) بووه‌ته‌وه و به‌رده‌وام له‌سه‌ر هه‌ندێ شێوازی سه‌ره‌تایی پێداگری ده‌کاته‌وه و له رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئاڵ‌وگۆڕه‌کانی دونیای نوێ، له هه‌مانکاتدا ئاڵۆزیی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ناسه‌رکه‌وتوو بووه. ئەم شێوازە لە ناسیۆنالیزم، به‌رده‌وام له‌سه‌ر هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندیی پێشوه‌ختی وه‌کوو زمان، ئایین و … پێداگری ده‌کات و تووشی په‌تای ئایدۆلۆژی له راده‌به‌ده‌ر، توند ئاژۆیی و شه‌ڕخوازی بووه‌ته‌وه و به‌پێی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه هه‌ڵس‌وکه‌وت ده‌کات، نه‌ک به‌پێی خوێندنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی زانستی. که‌وابوو ناتوانێ به وردی ئاڵۆزییه‌کانی کۆمه‌ڵگا و گۆڕانکارییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان تاووتوێ و شرۆڤه بکات. به‌گشتی مه‌به‌ستی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه، ناسیۆنالیزمی سه‌ره‌تایی ماوه‌ی به‌سه‌رچووه و له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می خۆیدا ناگونجێت و پێویستیی به نوێبوونه‌وه هه‌یه. ناوبراو له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا ئاماژه به ئه‌ویتری ناسیۆنالیزمی کورد ده‌کات، که گوایه ناسیۆنالیزمی کورد بۆ پێناسه و سه‌رله‌نوێ تازه‌کردنه‌وه‌ی خۆی، پێویستیی به ئه‌ویترێک هه‌یه. بە باوەڕی کاک فەرهاد ئه‌ویتری ناسیۆنالیزمی کورد به‌شێکه له سیستمی سەرەڕۆی ده‌سه‌ڵاتی زاڵ نه‌ک هه‌موو ده‌سه‌ڵات. به هه‌مان شێوه تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌کی ئه‌ویتری کورد، نکۆڵی‌کردن له جیاوازی و فره‌ڕه‌هه‌ندی، خۆبواردن له ئاڵۆزی و ساده‌کردنه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌کان، خۆپێناسه‌کردنه‌وه له رێگه‌ی نکۆڵی‌کردن، شه‌ڕ و شۆڕ، که‌ڵک‌وه‌رگرتن له شێوازی سه‌خت‌ئامێری بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و به‌گشتی ئه‌منیه‌تی‌کردنی کێشه‌کان له‌خۆ ده‌گرێت.
به باوه‌ڕی نووسه‌ری ئه‌م یادداشته، خاڵی هاوبه‌شی ئه‌م دوو شێوه روانینه، بێبه‌ریبوون له هه‌رجۆره بنه‌مایه‌کی زانستی و ئه‌خلاقی، په‌رچه‌کرداری هه‌سته‌کی و شه‌ڕاشۆیانه، نوێنه‌رایه‌تی‌نه‌کردنی نه‌وه‌ی نوێ و هه‌موو خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگا به پێچه‌وانه‌ی ئیدیعای خۆیان و بە گشتی قه‌یرانی سیاسه‌تکردن له‌خۆ ده‌گرێت. له ئاکامی ئه‌م ره‌وته‌دا، ئه‌گه‌ری هه‌ر جۆره هه‌ڵکردن و لێبورده‌یی و گۆڕانکارییه‌ک له‌بار ده‌چێت. ناوبراو بۆ سه‌لماندنی وته‌کانی خۆی، ئاماژه به بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک‌کۆماری و شۆراکان (١٣٩٦)، له لایه‌ن پارته کوردییه‌کانه‌وه ده‌کات. له هه‌مانکاتدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه، به هیوایه ئه‌م ره‌خنه سه‌باره‌ت به ناسیۆنالیزمی سه‌ره‌تایی وه‌کوو پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن سه‌یر نه‌کرێت، چونکه هه‌ڵبژاردن ته‌نیا رێگه نییه، به‌ڵام خه‌سارناسیی هه‌ڵبژاردن ده‌توانێ وه‌کوو نموونه‌یه‌کی به‌رچاو یارمه‌تیده‌ری ئه‌م باسه بێت.
که‌ڵکه‌ڵه و دڵه‌ڕاوکێی کاک فه‌رهاد ئه‌وه‌یه، ئه‌م دوو شێوه روانینە رووخێنه‌ر و تێکده‌ره‌ی سیاسه‌ت و کولتووره و هیچ ده‌سکه‌وت و ئاکامێکی نه‌بووه و پێویستیی به پێداچوونه‌وه و خه‌سارناسی هه‌یه. که‌وابوو رێکار و رێگه‌چاره‌ی نووسه‌ر دەربازبوون و تێپەڕین له ناسیۆنالیزمی سه‌ره‌تاییە. ئەگەرچی ناوبراو بە روونی ئاماژەی پێنەداوە، بەڵام پێیوایە پێویستە جۆرێکی نوێ لە ناسیۆنالیزم وەکوو ئه‌ڵترناتیڤی ناسیۆنالیزمی سه‌ره‌تایی جێگیر بکرێت. میکانیزمی جێبه‌جێکردنی ئه‌م مودێله له ناسیۆنالیزم، ده‌ربازبوون له شێوازی سه‌ره‌تایی له رێگه‌ی دیالۆگ و دانوستان له‌گه‌ڵ به‌شی نافه‌رمی ده‌سه‌ڵاتی زاڵ، که پێیوایە له بواری سیاسه‌ت و کو‌لتووردا ئاسۆیه‌کی دوورتر ده‌بینن و له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ که‌مایه‌تییه‌کاندا کراوه و شلکترن.
نووسه‌ری ئه‌م یادداشته، مژارێکی هه‌ستیار و ئاڵۆز له رووی چه‌مکیی و بابه‌تییه‌وه، له هه‌مانکاتدا له رووی پێناسه و وشه‌ییه‌وه، به بێ هیچ جۆره پێناسه و ئاماژه به سه‌رچاوه‌یه‌کی دیاریکراو، به شێوه‌یه‌کی زۆر رووکه‌ش و ژۆرنالیستی ورووژاندووه. ناوبراو زۆرتر له روانگه‌ی کارکردخوازانه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌م پرسه، واته ناسیۆنالیزمی سه‌ره‌تایی کورد، به‌گشتی فۆنکسیۆنی خۆی له ده‌ست داوه و تووشی قه‌یرانی مانا و کارکرد بووه‌ته‌وه و پێویستی به ده‌ربازبوون و تێپه‌ڕین له‌م دۆخه هه‌یه. بابه‌تێک که پێشتر هه‌ندێ که‌س و لایه‌نی ناوه‌ندنشین و به دیاریکراوی حه‌میدڕه‌زا جه‌لایی‌پوور له کتێبی «هه‌ڵکشان و داکشانی بزووتنه‌وه‌ی کوردی 67ـ1357) دا، ده‌قاوده‌ق ئاماژه‌ی پێداوه، به‌ڵام نووسه‌ر به بێ هیچ جۆره ئاماژه‌یه‌ک به‌م باس و سه‌رچاوانه، هه‌وڵی داوه به گۆڕین و شێواندن و کلک وگوێ‌کردنی هەندێ وشە و چەمک، وه‌کوو جۆرێک داهێنانی فیکری به ناوی خۆیه‌وه لۆکاڵیزه‌ی بکاته‌وه. بۆ وێنە ناسیۆنالیزمی ئتنیکی کردوە بە ناسیۆنالیزمی سەرتایی و ناسیۆنالیزمی مەدەنی کردوە بە جۆرێکی نوێ لە ناسیۆنالیزم. بۆ زانیاری زیاتر له‌م پێوه‌ندییه‌دا بڕواننه کتێبی ناوبراو لە لاپه‌ڕه‌کانی ( ٣٧، ٤٤، ١٤٤، ١٥٣، ١٥٥، ١٧٧، ٢١٠ )دا. به‌ڵام وادیاره کاک فه‌رهاد له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردندا زۆر هه‌ڵه‌شه بووه و ئه‌م بابه‌ته‌ی نه‌خوێندوه‌ته‌وه، ئه‌گینا ره‌نگه ئێستا ئه‌م باسه‌ی نه‌کردبا. سه‌رنجڕاکێشیی ئه‌م باسه له‌وه‌دایه، ئه‌م جۆره روانینه له په‌راوێزه‌وه بۆ ناوه‌ند شتێکی نوێیه. ئه‌گه‌رچی زۆر ئاساییه که‌سانی ناوه‌ندنشینی پێوه‌ندیدار به ئیتنیکی باڵاده‌ست، به‌م شێوه له‌م پرسە بڕوانن. هۆکاری ئاوڕدانه‌وه له‌م بابه‌ته، سه‌رهه‌ڵدانی جۆرێک روانینی نوێ له کوردستان له لایه‌ن هه‌ندێ که‌س و لایه‌نی چالاکی بواری کولتووری و مه‌ده‌نی و به دیاریکراوی نووسه‌ری ئه‌م یادداشته‌وه، له هه‌مانکاتدا پێموایه ئه‌م باسه هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک کێشە و گرفتی بنەڕەتی، ناکۆکی، خراپ‌تێگه‌یشتن، له هه‌مانکاتدا خراپ به‌کارهێنانە، کە پێویسته به‌وردی تاووتوێ بکرێت. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی که تێبینی و سه‌رنج و ره‌خنه‌کان له‌م پێوه‌ندییه‌دا بخرێنه به‌ر باس، سه‌ره‌تا پێویسته بۆ شرۆڤه و لێکدانه‌وه‌ی زیاتری باسه‌که، وه‌کوو پێشه‌کی هه‌ندێ باس و بابه‌تی پێوه‌ندیدار سه‌باره‌ت به پێناسه و مێژووی ئایدۆلۆژی ناسیۆنالیزم به‌گشتی و ناسیۆنالیزمی کورد به تایبه‌تی، هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی پرسی ئیتنیکی له وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه‌دا، جۆره‌کانی ناسیۆنالیزم، کارکردخوازیی و پرسی نه‌ته‌وه بخرێته به‌رباس، تا له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م باسانه‌دا، زیاتر هه‌ڵه‌بێژی و چه‌وتی مه‌به‌ست و بۆچوونی نووسەری ئەم یادداشتە روون بکرێته‌وه. له هه‌مانکاتدا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بخرێنه به‌ر باس که ناوبراو به شێوازێکی ناڕاست باسی کردووه. به گشتی هه‌وڵی ئه‌م نووسینه ئه‌وه‌یه، له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی پێداگری بکرێت، که تا راده‌یه‌کی زۆر پێوه‌ندیی به بایه‌تی یادداشته‌که‌وه هه‌یه.
پێناسه‌ی ناسیۆنالیزم
ناسیۆنالیزم چەمکێکی نێوان‌ڕشته‌ییە . ده‌سته‌واژه‌ی ناسیۆنالیزم Nationalism، له رووی ماناییه‌وه له وشه‌ی لاتینیی Nation (نه‌ته‌وه) پێکهاتووە، که بۆ خۆی له کاری Nasci، به مانای له‌دایکبوون وه‌رگیراوه. ئه‌م ده‌سته‌واژه بۆ پێناسه‌ی گرووپێک له تاکه‌کان، که له ناوچه‌یه‌کی تایبه‌تدا له دایکبوون به‌کار هاتووه. بۆ وێنه له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا، کۆمه‌ڵێک خوێندکاری سه‌ر به ناوچه‌یه‌کی تایبه‌ت وه‌کوو nation، پێناسه دەکران (لیپست، 1385: 1268).
عه‌باس وه‌لی پێی وایه، ناسیۆنالیزم یه‌کێک له ئایدۆلۆژیا و دیسکۆرسه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی مودێرنیته، که هاوکات له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی مودێرنیته سەری هەڵدا، له هه‌مانکاتدا یه‌که‌مین ئایدۆلۆژیایه له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا که هه‌م ئوتۆریته و هه‌م شه‌رعیه‌تی سیاسی له نه‌ته‌وه وه‌رده‌گرێت. له‌وه‌ش گرنگتر، ناسیۆنالیزم یه‌که‌مین ئایدۆلوژیایە نه‌ته‌وه ده‌کاته سه‌رچاوه‌ی یه‌کگرتوویی له یه‌که‌ی شه‌رعیه‌تی سیاسی‌دا، بە واتایەکی تر پێشتر شه‌رعیه‌تی دەسەڵاتی سیاسی ئیلاهی بوو. بۆ نموونه ده‌یانوت شا نوێنه‌ری خودایه، سێبه‌ری خودایه و به یاسای خودا دانراوه (وه‌لی، 2005: 108).
بە هەمان شێوە جان بریولی پێیوایە، ناسیۆنالیزم گرینگ‌ترین ئایدۆلۆژیای سەردەمی مودێرنە، لە هەمانکاتدا کەمترین کۆدەنگی سەبارەت بە پێناسەی ئەم دەستەواژە لە ئارادایە (ماتیل، 1384: 615). سه‌باره‌ت به چییه‌تی و پێناسەی ناسیۆنالیزم ، را و بۆچوونی جیا لە ئارادایە. ئۆزکریملی له کتێبی «تیۆری ناسیۆنالیزم »دا، دا ئاماژه‌ی به چه‌ندین پێناسه‌ی جیاواز کردوە. بۆ وێنە کەسێکی وەکوو کیلاس پێی وایه، ناسیۆنالیزم هه‌م جۆرێک ئه‌ندێشه‌یه و هه‌م شێوازێک له هه‌ڵس‌وکه‌وتە (رفتار)، خدوری ناسیۆنالیزم وه‌کوو مه‌کته‌ب، ئسمیت ناسیۆنالیزم وه‌کوو بزووتنه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیک، گلنێر ناسیۆنالیزم وەکوو «پره‌نسیپی سیاسی»، کالهون وه‌کوو جۆرێک جومگەبەندی گوتاری( صورت‌بندی گفتمان)، جان بریولی وەکوو «بزووتنەوەیەکی سیاسی» پێناسەی ده‌کات ( ئۆزکریملی،١٣٨٣ :٧٨ (.
به هه‌مان شێوه سه‌باره‌ت به جۆره‌کانی ناسیۆنالیزم کۆده‌نگی له ئارادا نییه. هیز باس له شه‌ش جۆر ناسیۆنالیزم ده‌کات (هەمان سەرچاوە: 54 ـ 57). هانس کوهن باس له تایبه‌تمه‌ندیی دوو جۆر ناسیۆنالیزمی رۆژئاوایی و رۆژهه‌ڵاتی، له هه‌مانکاتدا ئاماژه به دوو بۆچوونی جیاواز سه‌باره‌ت به نه‌ته‌وه ده‌کات (هه‌مان سه‌رچاوه: 58ـ59). ئه‌رنست رۆنان له پێناسه‌یه‌کی دیکه‌دا پێی وایه، هاوکات له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تی مودێرن، ناسیۆنالیزم دوو شێوازی جیاوازی به خۆیه‌وه گرت. یه‌که‌م، ناسیۆنالیزمی رزگاریخواز که زیاتر له هه‌وڵی رزگاربوون له ژێر دەستی و داگیرکاریی هێزی بیانیدایه و زیاتر خوازیاری یه‌کگرتوویی سیاسی به‌پێی هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندیی مێژوویی، کولتووری و خوازیاری سه‌ربه‌خۆییه. دووه‌م، ناسیۆنالیزمی خۆسه‌پێنه‌ر و داگیرکه‌ره. ئه‌م شێوازه له ناسیۆنالیزم خاوه‌ن جۆریک له ئایدۆلۆژی سیاسییه، که بە هەڵە هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ستایش ده‌کات و نه‌ته‌وه‌ی خۆی له نه‌ته‌وه‌کانی دیکه به سه‌رتر ده‌زانێت. ئه‌م شێوازه له ناسیۆنالیزم له جه‌وهه‌ر و سرشتی خۆیدا شه‌ڕخواز، نالێبورده، توندوتیژخواز و له هه‌وڵی خۆسه‌پاندن و پاکتاویی نه‌ته‌وه‌ییدایه (رۆنان، 1383: 11ـ12، 165ـ170).
له پێناسه‌یه‌کی دیکه‌دا که تا راده‌یه‌کی زۆر پێوه‌ندیی به بابه‌تی ئه‌م وتاره‌وه هه‌یه، هابز باوم بۆ ته‌وسیفی گۆڕانکارییه‌کان له ئه‌ورووپا باس له دوو جۆر ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی ـ زمانی و مه‌ده‌نی ـ سیاسی ده‌کات (ئسمیت، 1391: 245). ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی له‌سه‌ر بنه‌مای ئیتنیسیته و باوه‌ڕ به زمان، ئایین، کو‌لتوور و مێژوو دامه‌زراوه و له هه‌وڵی دیاریکردنی چاره‌نووسی سیاسی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆدایه، به‌ڵام ناسیۆنالیزمی سیڤیل له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌مکی شارۆمەندی دیمۆکراتیک به پێداگری له‌سه‌ر لایه‌نی سیاسیی شارۆمه‌ندی، ماف و یاسا به دوور له جیاوازیی کولتووری و ئیتنیکی دامه‌زراوه.
مێژوویی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم
ناسیۆنالیزم وه‌کوو ئایدۆلۆژی و بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، له کۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م به‌دوا، هاوکات له‌گه‌ڵ پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی مودێرن سەریهەڵدا. شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا (1789)، خاڵی وه‌رچه‌رخان و سه‌رچاوه‌یه‌کی گرینگ و کاریگه‌ره سه‌باره‌ت به په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌ی ئه‌ندێشه‌ی ناسیۆنالیستی. له راستیدا له شۆڕشی فه‌ڕه‌نسادا بۆ یه‌که‌م جار بیرۆکه و خه‌یاڵی نه‌ته‌وه له کرده‌وه‌دا فۆرمی یاسایی و سیاسی به خۆیه‌وه گرت. به باوه‌ڕی شۆڕشگێڕانی فه‌ڕه‌نسا، نه‌ته‌وه ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه (بیکرافت، ١٩٩٨: 5 ، بە گێڕانەوە لە ئۆزکریملی، ١٣٨٣:٣٦). له شۆڕشی فه‌ڕه‌نسادا، چه‌مکی «نه‌ته‌وه» ده‌ربڕی «ئه‌ندێشه‌ی شارۆمه‌ندی هاوبه‌ش، گشتی، به‌رابه‌ر و یه‌کگرتوویی خه‌ڵک بوو». هه‌ربۆیه دروشمی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا، ئازادی، به‌رابه‌ری و برایه‌تی بوو (هالید‌ی، 1997: 362، سه‌رچاوه‌ی پێشوو: 36).
ئانتۆنی دی. ئسمیت پێی وایه، نه‌ته‌وه‌خوازی (ناسیۆنالیزم) پارادایمی سه‌ره‌کیی مودێرنیزمی کلاسیک به ئه‌ژمار دێت، واته نه‌ته‌وه‌خوازی به‌شێکی زاتی و جیانه‌کراوه‌ی جیهانی مودێرن و شۆڕشی مودێرنیته‌یه (ئسمیت، 1391: 23).
هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌مان پێدا، ئایدۆلۆژیی ناسیۆنالیزم سه‌ره‌تا له ئه‌وروپا و ئه‌مریکا سه‌ریهه‌ڵدا، به‌ڵام دواتر له ئاکامی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و له‌ناوچوونی وڵاتانی ئیمپراتووری له ئاسیا و ئه‌فریقا، به‌ربه‌ره‌کانێ له دژی وڵاتانی داگیرکاری رۆژئاوا، ره‌وتی مودێرنیزاسیۆنی وڵاتانی رۆژهه‌ڵات و به‌گشتی پێکهاتنی مودێرنیته‌ی سیاسی و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی به تایبه‌ت، پرسی ناسیۆنالیزم له‌م وڵاتانەدا هاته ئاراوه. له ئاکامی ئه‌م ره‌وته گشتییه‌دا، له وڵاتی ئێرانیش وه‌کوو وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه، هاوکات له‌گه‌ڵ پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، به دیاریکراوی له سه‌رده‌می مه‌شرووته به‌دوا پرسی ناسیۆنالیزم و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ریهه‌ڵدا، کە تا به ئه‌مڕۆ له فۆرم و شێوازی جۆربه‌جۆردا درێژه و ده‌وامی هه‌یه.
هاوکات له‌گه‌ڵ پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له ئێران، پرسی پره‌نسیپی حاکمییەتی نه‌ته‌وه‌یی هاته ئاراوه. سه‌ره‌کیترین فۆنکسیۆنی حاکمییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی لە ئێران، پێناسه‌ی ناسنامه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌پێی ئیتنیکی فارس، زمانی فارسی، ئایینـزای شێعه، کو‌لتوور و میژووی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست، واته فارس بوو. دواتر پرسی حاکمییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و پێناسه‌ی ناسنامه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی زاڵ، مۆرکی خۆی له یاسای بنه‌ڕه‌تیی وڵات دا و ته‌واوی ماددەکانی یاسای بنه‌ڕه‌تی بۆن و به‌رامه‌ی ئیتنیکی باڵاده‌ستی به‌خۆیه‌وه گرت. لە ئەنجامدا ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی نه‌ده‌که‌وتنه چوارچێوه‌ی ئه‌م پێناسه‌وه، تووڕ ده‌درانه ده‌ره‌وه‌ی یاساوه و ئه‌گه‌ر جارناجارێک به هەڵکەوت باسیان لێده‌کرا، وه‌کوو پرسێکی سیاسی و یاسایی باس نه‌ده‌کرا و زۆرتر پرسێکی نایاسایی و ئه‌منیه‌تی بوو، که پره‌نسیپی حاکمییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه (وه‌لی، وتاربێژی : 2005). له ئاکامی ئه‌م ره‌وته‌دا، نه‌ته‌وه و ئایینـزا ژێرده‌سته‌کانی وڵاتی ئێران و به‌دیاریکراوی نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌کوو بابه‌تی ئه‌م وتاره، له ترسی پاکتاو و سڕینه‌وه، وه‌کوو دژکردەوە و کاردانەوە که‌وتنه رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م ره‌وته و له ئه‌نجامدا پرسی ئیتنیسیته و ناسیۆنالیزم له کوردستان له دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و به دیاریکراوی له کۆماری کوردستاندا هاته ئاراوه. ئه‌گه‌رچی عه‌باس وه‌لی له‌م پێوه‌ندییه‌دا بیروڕای جیاوازی هەیە و پێی وایه ناسیۆنالیزم وه‌کوو بزووتنه‌وه و ئایدولۆژیا تا ئێستاش لە کوردستان بوونی نییه، ئەگەرچی که‌سانی نیشتمانپه‌روه‌ر و ناسیۆنالیست زۆرن (وه‌لی، ٢٠٠١ : ١٧). ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌ما و ئه‌ساسی ئیتنیکی تایبه‌ت دامه‌زرا و هه‌موو چه‌مک و یاسایه‌کی به‌پێی پره‌نسیپی حاکمییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ره‌نگڕێژ و بارگاویی کرد، دواتر چه‌مکی شارۆمەندی دیمۆکراتیک تووشی کێشە ده‌کات (وه‌لی، 2005: 113ـ114). بە باوەڕی ناوبراو چه‌مکی شارۆمه‌ندی دیمۆکراتیک لە ئاکامی ئەم رەوتەدا ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ریی ئیتنیکی باڵاده‌سته‌وه. له‌م پێوه‌ندییه‌دا وتەکانی کلرمون ـ تونره ی فه‌ڕه‌نسی وه‌کوو یه‌کێک له نوێنه‌رانی میانه‌ڕه‌وی په‌رله‌مان زیاتر راستیی ئه‌م بیروبۆچوونه ده‌سه‌لمێنێت، کە دەڵێت: « له‌سه‌ر هه‌موومان فه‌رزه، هه‌موو مافێک له جووله‌که وه‌کوو نه‌ته‌وه زه‌وت بکه‌ین، به‌ڵام وه‌کوو تاک و شارۆمه‌ند هه‌موو مافێکیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین» (والزر، 1383: 54). مه‌به‌ستی والزر ئه‌وه‌یه، جووه‌کان وه‌کوو شارۆمه‌ندی فه‌ڕه‌نسی ده‌توانن هه‌موو مافێکیان بێت، به‌ڵام وه‌کوو جوو ناتوانن هیچ مافێکیان هه‌بێت.
به باوه‌ڕی وه‌لی، هۆکاری سه‌ره‌کیی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دۆخه ناله‌باره له وڵاتی ئێران، بۆ خوێندنەوەی و تێگه‌یشتنی هه‌ڵه له دیمۆکراسی و بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ئیتنیکی باڵاده‌ست له مێژووی هاوچه‌رخدا ده‌گه‌ڕێته‌وه، که ناوبراو له‌ژێر ناوی تیۆری دێمۆکراسی ناتەواو (دمکراسی ناقص) دا نادوێری ده‌کات. به بۆچوونی وی، ئه‌م پاوانخوازی و خراپ تێگه‌یشتنه له دیمۆکراسی به ته‌نیا نه‌ته‌وه‌کان ناگرێته‌وه، به‌ڵکوو هه‌موو جۆره جیاوازییه‌کی وه‌کوو جێنده‌ر، ره‌گه‌ز و .. ده‌گرێته‌وه. ناوبراو پێی وایه، له وه‌ها بارودۆخێکدا، ناسنامه‌ی ژێرده‌سته و په‌راوێزخراو بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو پڕۆسه‌ی سیاسی، دوو رێگه چارەی زیاتری نییه، یان ده‌بێ ده‌س له ناسنامه‌ی خۆی هه‌ڵبگرێت و ناسنامه‌ی باڵاده‌ست قه‌بووڵ بکات و ئاسیمیله بێت، یان ئه‌وه‌ی که بکه‌وێته رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی زاڵ، چونکه سنووری پرۆسه‌ی سیاسی که به‌پێی یاسای بنه‌ڕه‌تی دیاریکراوه، هیچ ده‌ره‌تانێکی بۆ جیاوازییه‌کان نه‌هێشتووه‌ته‌وه. رێگه‌چاره‌ی ناوبراو بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه ناله‌باره، لێ‌سه‌ندنه‌وه و داماڵینی باری ئیتنیکی له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی باڵاده‌ست، دامه‌زراندنی نه‌ته‌وه‌ی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای شارۆمه‌ندی دیمۆکراتیک، که له‌وێدا ئه‌رک و مافی شارۆمه‌ندان به پێی یاسا، یه‌کسان و به‌رابه‌ره، له هه‌مانکاتدا، جیاوازییه‌کان پارێزراوه، بابه‌تێک که به‌گشتی له ژێر ناوی «دیمۆکراسی رادیکاڵ»دا ناودێری ده‌کات و بە مانایەکی تر دیمۆکراتیزه‌کردنی دیمۆکراسیی پێده‌ڵێت (وتاربێژی : ٢٠٠٥ ).
پرسی نه‌ته‌وه‌یی له روانگه‌ی قوتابخانه‌ی کارکردخوازییه‌وه
تیۆریداڕێژه‌رانی کارکردخوازی به‌گشتی له سه‌ر ته‌وه‌ری سه‌قامگیری، نه‌زم و رێک‌وپێکی کۆمه‌ڵایه‌تی پێداگری ده‌که‌ن و هه‌رشتێک سه‌قامگیری کۆمه‌ڵگا بخاته مه‌ترسییه‌وه وه‌کوو فاکته‌رێکی نه‌رێنی چاوی لێده‌که‌ن. کارکردخوازان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن، هه‌ڵاواردن و نابه‌رابه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی کارکردی ئه‌رێنی هه‌یه، چونکه هه‌موو توانا و لێهاتووییه ده‌گمه‌نه‌کان ده‌خاتە گه‌ڕ. لایه‌نگرانی ئه‌م بۆچوونه له هه‌وڵی سوودوه‌رگرتن له قازانجی ئه‌م نابه‌رابه‌ری و نایه‌کسانییه‌دان، ئه‌گه‌رچی له کرده‌وه‌دا وه‌ها چاوه‌ڕوانییه‌ک ره‌ت ده‌که‌نه‌وه (رابرتسۆن، 1374: 249).
جان بریولی پێیوایە، روونکردنەوە و ته‌ته‌ڵه‌کردنی پرسی ناسیۆنالیزم به‌پێی کارکرد بێ‌مانایه، چونکه هه‌رکه‌سێک کارکردێکی تایبه‌تی له به‌رچاوه (بریولی، 1993: 419؛ بە گێڕانه‌وه لە ئۆزکریملی، 1383: 168).
به‌گشتی تیۆری کارکردخوازی سه‌باره‌ت به پرسی نه‌ته‌وه و ناسیۆنالیزم ئه‌وجۆره که چاوه‌ڕوان ده‌کرێ گه‌شه‌ی نه‌کردووه. هه‌روه‌ها که بریولی ئاماژه‌ی پێداوه، ته‌ته‌ڵه‌کردنی پرسی ناسیۆنالیزم به‌پێی کارکرد بێ‌مانایه و له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه، به هۆی ئه‌وه‌ی که روانگه‌ی کارکردخوازیی خوێندنه‌وه‌ی مێژوویی بۆ دیارده‌کان نییه و دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له ره‌وتێکی مێژوویی‌دا تاوتوێ ناکات، کەوابوو ناتوانێ به جوانی ناسیۆنالیزم و نابه‌رابه‌ری ئیتنیکی و بێبه‌شبوونی ئیتنیکی له بنه‌ڕه‌ته‌وه شرۆڤه بکات.
له دوای ئاماژه به پوخته‌یه‌ک له یادداشته‌که‌ی کاک فه‌رهاد، هه‌روه‌ها خستنه به‌رباس و روونکردنه‌وه‌ی هه‌ندێ باس و بابه‌تی تێۆریی پێوه‌ندیدار به باسه‌که‌وه، لێره‌دا هه‌وڵ ئه‌درێت له‌به‌ر تیشکی ئه‌م بنه‌ما تیۆرییانه‌دا، سه‌رنج و تێبینی و ره‌خنه‌کان له‌مه‌ڕ ئه‌م یادداشته به دیاریکراوی له چه‌ند ته‌وه‌ری سه‌ره‌کیدا بخرێتە به‌ر باس و لێکدانەوە.
ته‌وه‌ری یه‌که‌م پێوه‌ندی به سه‌ردێڕی یادداشته‌که‌وه هه‌یه. له‌م یادداشته‌دا نووسه‌ر لانیکەم چه‌مکی سه‌ره‌کیی باسه‌که‌ی، واته ناسیۆنالیزمی سه‌ره‌تایی و ئەڵترناتیڤی ناسیۆنالیزمی سەرەتایی به‌ڕوونی پێناسه نه‌کردووه. وادیاره مه‌به‌ستی ناوبراو زیاتر مه‌به‌ستێکی سیاسییه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی هه‌ڵبژاردنیان بایکۆت کردووه، نه‌ک که‌ڵکه‌ڵه‌ی زانستی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شته‌ی که بۆ خۆی ئیدیعای ده‌کات. له حاڵێکدا له بواری زانستیدا به دوور له دروستبوون یان نادروستبوونی هه‌ر بابه‌تێک، سه‌ره‌تا چه‌مک و ده‌سته‌واژه سه‌ره‌کییه‌کان پێناسه ده‌کرێن. بۆ وێنه دورکهایم پێی وایه، له نێوان پێناسه و روونکردنەوەدا پێوه‌ندییه‌کی به‌رچاو و حاشاهه‌ڵنه‌گر هه‌یه و ئه‌گه‌ر چه‌مکه‌کان به روونی پێناسه نه‌کرێن، له ئاکامدا روونکردنەوە زۆر به هاسانی جێبه‌جێ نابێت (ئارۆن، 1377: 393). به هه‌مان شێوه تیلی له وتارێکدا باس له‌وه ده‌کات، «ئه‌گه‌ر تاکه‌کان له سه‌ره‌تادا هه‌ندێ کاتی خۆیان بۆ پێناسه‌ی ده‌سته‌واژه‌کان ته‌رخان بکردبا، زۆربه‌ی پێداویستییه‌کانی بواری زانستی چاره‌سه‌ر ده‌بوو» (1997: 497؛ به گێڕانه‌وه له ئۆزکریملی، 1383: 76) به باوه‌ڕی ناوبراو، ره‌چاوکردنی ئه‌م پرەنسیپه له هیچ بوارێک‌دا وه‌کوو بواری ئیتنیسیته و ناسیۆنالیزم گرینگی و بایه‌خی نییه، چونکه بوارێکی تا بڵێی ئاڵوز و پڕناکۆکییه.
بێجگه له‌و شتانه‌ی باس کرا، پووپێر گوتەنی کێشه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌م جۆره نووسینانه ئه‌وه‌یه، خوێنه‌ر به روونی له مه‌به‌ستی نووسه‌ر تێناگات و له هه‌مانکاتدا ناتوانێ ره‌خنه‌ی ئاراسته بکات، چونکه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه هه‌رده‌م نووسه‌ر له مەبەسته‌که‌ی خۆی پاشگه‌ز ببێته‌وه و باس له‌وه بکات که گوایه مه‌به‌ستی ئه‌وه نه‌بووه. ئه‌گه‌رچی له‌م نووسینه‌دا به خستنه به‌رباسی هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندی سه‌باره‌ت به ناسیۆنالیزمی سه‌ره‌تایی و ده‌ستنیشانکردنی جۆرێکی دیکە لە ناسیۆنالیزم وه‌کوو ئه‌ڵترناتیڤی ئه‌م شێوازه له ناسیۆنالیزم، خوێنه‌ر له‌وه تێده‌گا مه‌به‌ستی ناوبراو ناسیۆنالیزمی ئیتنیکییه. بابه‌تێک که جه‌لایی‌پور له کتێبه‌که‌یدا زۆر به ئاشکرا باسی ده‌کات، به‌ڵام وادیاره نووسه‌ر به سه‌روگوێکردنی ئه‌م ده‌سته‌واژه، ده‌یهه‌وێت شێوازێکی نوێ له ناسیۆنالیزم، له هه‌مانکاتدا ده‌سته‌واژه‌یه‌کی نوێ بخولقێنێت که تا ئێستا له هیچ زانستنامه‌یه‌کی بواری ناسیۆنالیزمدا نه‌بینرابێت و بەم شێوە تا رادەیەک جیاوازبوونی خۆی نیشان بدات.
خاڵێکی دیکه له‌م پێوه‌ندییه‌دا بۆ به‌کارهێنانی ئاوه‌ڵناوی «سه‌ره‌تایی» ده‌گه‌ڕێته‌وه. پێش هەموو شتێک بەکارهێنانی ئاوەڵناوی سەرەتایی لە هەمبەر مودێرندا، بە ئەنقەست بۆ سووکایەتی و تڕۆکردنی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کوردی بەکارهاتووە و ویستوویەتی بڵێ ناسیۆنالیزمی کورد ماوه‌به‌سه‌رچوو و ئیکسپایه‌ریە. به‌ڵام وادیاره نووسه‌ر له‌وه نه‌گه‌یشتووه که ناسیۆنالیزم لە هەموو دونیادا ته‌مه‌نی له دوو سه‌ده و نیو زیاتر تێنه‌په‌ڕیوه و ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی به‌پێی زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌کان له دوای رووخانی شه‌ڕی سارد و رووخانی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت زیاتر له هه‌موو کاتێک ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه. بۆ وێنە که‌سێکی وه‌کوو ئێلوین تافلێر پێشبینی ده‌کات یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی جیهانی داهاتوو سه‌رهه‌ڵدان و شۆڕشی نه‌ته‌وه‌کانە (عه‌زیزی، 1385: 3ـ5). لێره‌دا پرسیار ئەوەیە، بۆچی بابه‌تێک له هه‌موو جێهاندا نوێیه و هاڵاوی لێ هه‌ڵده‌ستێ، که ده‌گاته کوردستان ماوه‌به‌سه‌رچووه؟
ته‌وه‌ری دووه‌م بۆ خۆی له دوو به‌ش پێکهاتووه، یه‌که‌م، ئایا ناسیۆنالیزمی سه‌ره‌تایی (ئیتنیکی) تووشی قه‌یرانی مانا و کارکرد بووه‌ته‌وه؟ دووهه‌م، ئایا ناسیۆنالیزمی کورد هۆکاری سه‌ره‌ڕۆییه له ئێران‌دا یان هۆکردی سه‌ره‌ڕۆییه؟
هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌مان پێدا، هه‌ندێ له شاره‌زایان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن تا هه‌نووکه ناسیۆنالیزم وه‌کوو بزاڤ و ئایدۆلۆژی له کوردستان بوونی نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به پارێزه‌وه ئه‌م گریمانه قه‌بووڵ بکه‌ین، به‌پێی تیۆرییه‌کانی کارکردخوازی و به تایبه‌ت که‌سێکی وه‌کوو مالینۆڤسکی، تا کاتێک توخمێکی کو‌لتووریی کارکرد و فۆنکسیۆنی هه‌بێت، ده‌مێنێته‌وه. پێموایه ئه‌م بابه‌ته‌ش له بواری سیاسه‌تدا راسته و ئه‌گه‌ر ناسیۆنالیزمی ئیتنیکیی کورد فۆنکسۆنی نه‌بووایه بێ‌گومان تا ئێستا له‌ناو چوو بوو. سه‌ره‌ڕای هه‌موو که‌م‌وکووڕییه‌کانی ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی، له‌وه دڵنیام تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت، ئه‌گه‌ر که‌ش‌وهه‌وایه‌کی ئازاد بڕه‌خسێ هیچ هێزێکی دیکە لە کوردستان ناتوانێ به راده‌ی ناسیۆنالیزم خه‌ڵک له ده‌وری خۆی کۆ بکاته‌وه (بسیج)، له هه‌مانکاتدا هیچ هێزێک تا ئه‌و راده شه‌رعیه‌تی سیاسی نییه.
به هه‌مان شێوه گیدێنـز لە سەر ئەو باوەڕەیە، له دوو ده‌یه‌ی رابردوودا به پێچه‌وانه‌ی که‌سانێکی وه‌کوو گلنێر که پێیوایه، هه‌رچی شه‌پۆله‌کانی مودێرنیزاسیۆن له کۆمه‌ڵگادا زیاتر گه‌شه بکات، ده‌ره‌تان بۆ ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی نامێنێته‌وه و هه‌ل‌ومه‌رج زیاتر بۆ ناسیۆنالیزمی مه‌ده‌نی ده‌ڕه‌خسێت. ناوبراو به خستنه به‌رباسی سێ هۆکاری سەرەکی، هه‌ڵه‌بوونی ئه‌م بۆچوونه ره‌ت ده‌کاته‌وه. یه‌که‌م، پێی وایه ئه‌گه‌رچی دیارده‌ی به‌جیهانیبوون بووه‌ته هۆی خێرایی، راده و ئاستی گۆڕانکارییه‌کانی کۆمه‌ڵگای مودێرن، له هه‌مانکاتدا به هۆی په‌ره‌سه‌ندنی له راده‌بەده‌ری تێکنۆلۆژیای زانیاری و پێوه‌ندیی، به‌رده‌وام له لایه‌ن دامه‌زراوه دیمۆکراتییه‌کانه‌وه پاڵپشتیی له ناسیۆنالیزمی مه‌ده‌نی ده‌کرێ، به‌ڵام له وڵاتانی رۆژئاوادا تا ئەم ساتە وەختەش ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی ـ کولتووری بوونی هه‌یه. بۆ وێنه ناسیۆنالیزمی دژ بە په‌نابه‌رانی بیانی له وڵاتانی رۆژئاوایی، ناسیۆنالیزمی ئیرله‌ندی له بریتانیا و باسکی لە ئسپانیا. دووه‌م، دوای حه‌فتا ساڵ په‌ره‌سه‌ندنی پیشه‌سازیی وڵاتانی به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵات، نه ته‌نیا ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی له نێو نه‌چوو، به‌ڵکوو دوای رووخانی وڵاتانی کۆمۆنیست، سه‌رله‌نوێ ئه‌م پرسه سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه. سێهه‌م، له جیهانێکدا رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ تاکخوازی په‌ره ده‌ستێنێت و روو له زیادبوونه، تاکه‌کان زیاتر له رابردوو هه‌ست به پێداویستیی ناسنامه ده‌که‌ن و له‌م پێوه‌ندییه‌دا بۆ سه‌رچاوه ئیتنیکی و کولتوورییەکان ده‌گه‌ڕێنه‌وه (گیدێنـز، 2000: 121ـ124؛ به گێڕانه‌وه له جه‌لایی‌پوور، 1385: 33ـ34).
به خستنه به‌رباسی ئه‌م دوو نموونه سه‌باره‌ت به به‌شی یه‌که‌می پرسیاره‌که، هه‌ڵه‌بوونی لێکدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی کاک فه‌رهاد سه‌باره‌ت به قه‌یرانی مانا و کارکردی ناسیۆنالیزمی سه‌ره‌تایی زیاتر ده‌رده‌که‌وێت.
سه‌باره‌ت به به‌شی دووه‌می پرسیاره‌که، زۆربه‌ی شاره‌زایانی بواری ئیتنیسیته و ناسیۆنالیزم له ئێران له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن، پرسی ئیتنیکی له ئێران‌دا وه‌کوو کاردانەوە و دژکرده‌وه له هه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئیتنیکی باڵاده‌ستدا سه‌ری هه‌ڵداوه. بۆ وێنه جه‌لایی‌پور له کتێبی «کۆمه‌ڵناسیی بزووتنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان»دا باس له‌وه ده‌کات که «ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی» له وڵاتانی جیهانی سێهه‌مدا به‌گشتی وه‌کوو دژکرده‌وه له هه‌مبه‌ر ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی باڵاده‌ستدا سه‌ری هه‌ڵداوه و به دیاریکراوی ئاماژه به ناسیۆنالیزمی کورد ده‌کات. (جه‌لایی‌پور، 1381: 146).
خستنه به‌رباسی ئه‌م به‌ڵگانه، ئه‌و راستییه حاشاهه‌ڵنه‌گره ده‌سه‌لمێنن که ناسیۆنالیزمی کورد، هۆکردی سه‌ره‌ڕۆیی ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی باڵاده‌سته. جۆرێک له ناسیۆنالیزم کە هیچ کات کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئیرانیی بە ئەویتری خۆی نەناسیوە و بەردەوام نکۆڵی لێکردوون و هه‌رجۆره داخوازێکی ره‌وای ئه‌م نه‌ته‌وانه‌ی به توندترین شێواز وه‌ڵام داوه‌ته‌وه و له مێژووی هاوچه‌رخدا به‌رده‌وام په‌راوێزی خستوون و له هه‌موو پشکێکی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و کولتووری بێبه‌شی کردوون. که‌وابوو پرسیار ئه‌وه‌یه، به چ شێوه‌یه‌ک کورد پاڵنەری سه‌ره‌ڕۆییە له ئێران‌دا، لە حاڵێکدا بۆخۆی قوربانیی سەرەڕۆییە.
ته‌وه‌ری سێهه‌م ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌ویتری ناسیۆنالیزمی کورد یان باڵی ریفۆرمخوازی ده‌سه‌ڵات، باوه‌ڕی به چاره‌سه‌ری سیاسی و یاسایی کێشه‌ی کورد هه‌یه؟
هه‌روه‌ها که پێشتر باسمان کرد، هاوکات له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له ئێران، زاڵبوونی ئیتنیکی فارس وه‌کوو ئیتنیکی باڵادەست، پێناسه‌ی ناسنامه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هێنانه‌ئارای پرەنسیپی حاکمییەتی نه‌ته‌وه‌یی و ره‌نگڕێژ و بارگاوییکردنی یاسای بنه‌ڕه‌تی به ناسنامه‌ی ئیتنیکی، زمانی و ئایینی و دیاریکردنی پرۆسه‌ی سیاسی به‌پێی یاسای بنه‌ڕه‌تی، هه‌موو ئیتنیک و زمان و ئایینه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێران به‌گشتی و نه‌ته‌وه‌ی کوردیش وه‌کوو یه‌کێک له‌م نه‌ته‌وانه تووڕ دەدرێنە ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی وڵاته‌وه و له ئاکامدا دەکرێنە پرسێکی ئه‌منیه‌تی. ئه‌وه‌ی که کاک فه‌رهاد پێی وایه، بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه پێویسته له‌گه‌ڵ باڵی رێفۆرمخوازی ده‌سه‌ڵات دانوستان بکرێ. وادیاره ناوبراو بە ئەنقەست لە ئەزموونە تاڵەکانی دیالۆگ خۆی گێل دەکات، لە هەمانکاتدا به هۆی خوێندنه‌وه‌یه‌کی رووکه‌ش و هاکەزایی له‌و راستییه نه‌گه‌یشتووه که هه‌موو لایه‌نه‌کان و ته‌نانه‌ت باڵی ریفۆرمخوازی ده‌سه‌ڵات له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی‌دا که یاسا دیاری کردوه هه‌ڵس‌وکه‌وت ده‌که‌ن. ئەمە لە کاتێکدایە کە یاسای بنەڕەتی دەرەتانێکی بۆ ئەم باسانە نەهێشتووەتەوە. ئه‌گه‌رچی یاسای بنه‌ڕه‌تی کۆماری ئیسلامی به به‌راورد له‌گه‌ڵ یاساکانی پێش خۆی تا راده‌یه‌ک پێشکه‌وتووتره و له هه‌ندێ خاڵی یاساییدا بە دیاریکراوی ئاماژه‌ی به جیاوازییه ئیتنیکی و ئایینییه‌کان کردووه، به‌ڵام له کرده‌وه‌دا به هۆی کاریگه‌ری ناسنامه‌ی ئیتنیکی باڵاده‌ست تا ئەم کاتەش نه‌زۆک بووه و له ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی رابردوودا هیچ ده‌سکه‌وتێکی به‌رچاو و دیاری نه‌بووه. وه‌ک پێشینیان ده‌ڵێن: تا ئه‌م با له‌م کونه‌وه بێت تا چوار سه‌ده‌ی دیکه‌ش هه‌ر وا ده‌بێت و بێجگه له خۆخڵافاندن و خەڵک فریودان هیچ قازانجێکی بۆ خەڵک نابێت، ئەگەرچی رەنگە هەندێ کەس و لایەن بە مەرجێک سمێڵیان بێت، سمێڵ‌چەورانەیەک وەربگرن، شێوازێک کە سەردەمانێک لە یەکێەتی سۆڤیەتدا باو بوو.
هه‌روه‌ک عه‌باس وه‌لی ئاماژه‌ی پێداوه، له وه‌ها هه‌ل‌ومه‌رجێکدا گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه و ئایینه په‌راوێزخراوه‌کان بۆ ناو پرۆسه‌ی سیاسی دوو رێگه‌ی هه‌یه، یه‌که‌م ده‌س‌هه‌ڵگرتن له ناسنامه‌ی ئیتنیکی، زمانی و ئایینی و قه‌بووڵکردنی ناسنامه‌ی باڵاده‌ست، واته چۆکدادان و ئاسیمیله‌بوون و توانه‌وه له ناسنامه‌ی باڵاده‌ستدا. دووه‌م رووبه‌ڕووبوونه‌وه لەگەڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی. به‌ڵام وادیاره ریفۆرمخوازان و هه‌ندێ له چالاکانی بواری کولتووری و مه‌ده‌نی چۆکدادان و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانیان وه‌کوو که‌م‌تێچووترین و که‌م‌ده‌سکه‌وتترین رێگه‌چاره هه‌ڵبژاردووه، لەوەش سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە سه‌رکۆنه‌ی ئه‌و کەس و لایه‌نانه ده‌که‌ن که زۆرترین تێچوو و زه‌ره‌ر و زیانیان بینیوه.
ته‌وه‌ری چواره‌م، نووسه‌ری ئه‌م یادداشته جۆرێکی نوێ لە ناسیۆنالیزم وه‌کوو ئه‌ڵترناتیڤی ناسیۆنالیزم پێشنیار ده‌کات، چونکه پێی وایه ناسیۆنالیزمی سه‌ره‌تایی له‌سه‌ر بنه‌مای ئیتنیک و کو‌لتوور، رووخێنه‌ری کو‌لتوور و سیاسه‌ته و سیاسه‌ت له چه‌قبه‌ستووییدا ده‌هێڵێته‌وه و ئاکامێکی نابێت. بەڵام ناوبراو باسی لە پێناسە و تایبەتمەندیی ناسیۆنالیزمی نوێ نەکردوە، ئەگەرچی ناڕاستەخۆ مەبەستی ناسیۆنالیزمی مه‌ده‌نییە. به‌ڵام لێره‌دا چه‌ندین پرسیار دێته ئاراوه، که پێویسته نووسه‌ری ئه‌م یادداشته پێش نووسینی ئه‌م بابه‌ته رەچاوی بکردایە، پرسیاری یه‌که‌م ئه‌وه‌یه، ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی یان سه‌ره‌تایی بۆ خۆی له ئاکامی نه‌بوونی ناسیۆنالیزمی مه‌ده‌نیدا سه‌ریهه‌ڵداوه. بۆ وێنە جه‌لایی‌پوور له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه، تا کاتێک ده‌وڵه‌ت هه‌ڵگری گوتاری ناسیۆنالیزمی مه‌ده‌نی نه‌بێت، ده‌بێ چاوه‌ڕوانی به‌رخۆدانی ئیتنیکی بین (جه‌لایی‌پوور، 1385: 142). پرسیاری دووه‌م ئه‌وه‌یه، ئایا له وڵاتێک‌دا که له‌سه‌ر بنه‌مای ئیتنیکی دامه‌زراوه و ئیتنیکی تایبه‌ت زاڵه، قسه‌کردن له ناسیۆنالیزمی مه‌ده‌نی مانایه‌کی هه‌یه؟ ئایا پرسی شارۆمه‌ندی له وه‌ها هه‌ل‌ومه‌رجێکدا ناکه‌وێته ژێر رکێف و کاریگه‌ریی ئیتنیکی باڵاده‌سته‌وه، بۆ وێنه له وڵاتێکی دیمۆکراتیکی وه‌کوو فه‌ڕه‌نسا که له‌سه‌ر بنه‌مای مافی شارۆمه‌ندی دامه‌زراوه، تا هەنووکەش هه‌ندێ له که‌مایه‌تییه ئایینی و زمانییه‌کان و به تایبه‌ت موسوڵمان ده‌که‌ونه په‌راوێزه‌وه، وڵاتێک که ئاماده‌یه هه‌موو که‌سێک وه‌کوو شارۆمه‌ند له باوه‌ش بگرێت و هه‌موو ماف و ئازادییەکی بۆ دابین بکات، به‌ڵام له وڵاتێکی وه‌کوو ئێران که تا ئێستاش ئاماده نییه سه‌ره‌تاییترین مافی شارۆمه‌ندانی سه‌ر به ئیتنیکی باڵاده‌ست دابین بکات، ئایا بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌کوو کورد بەدواداچوونی ماف و ئازادییه‌کان له چوارچێوه‌ی شارۆمه‌ندیی دیمۆکراتیک‌دا بێ‌مانا نییه. بەڵام وادیارە نووسه‌ر له‌وه نه‌گه‌یشتووه تا ئێستاش له وڵاتی ئێران‌دا به جێگه‌ی شارۆمه‌ند، ره‌عیه‌ت و ئێماندارمان هه‌یه.
ته‌وه‌ری پێنجه‌م ئه‌وه‌یه، ئایا روانگه‌ی کارکردخوازی ده‌توانێ سه‌رکه‌وتووانه پرسی نه‌ته‌وه و ناسیۆنالیزم شرۆڤه بکات. هه‌روه‌ک ئاماژه‌مان پێدا، روانگه‌ی کارکردخوازی به هۆی ئەو که‌م‌وکووڕییانه‌وه کە باسمان کرد، له‌م بواره‌دا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه. بۆ وێنه له‌م یادداشته‌دا به روونی ئه‌م که‌مایه‌سییانه ده‌بیندرێ. که‌مایه‌سیی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه، کاک فه‌رهاد ئه‌م بابه‌ته‌ی له ره‌وتێکی مێژوویی‌دا لێک نه‌داوه‌ته‌وه و سه‌باره‌ت به چییه‌تی و چۆنیه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م پرسه زۆر کۆڵ و لاوازه. بۆ وێنە کاتێک باس لە ناسیۆنالیزمی کورد دەکات، خوێنەر وادەزانێ ئەم پرسە لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران سەری هەڵداوە، لەوەس سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە، مرۆڤ وادەزانێ ناسیۆنالیزمی کورد بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی فارس. بابه‌تێک که با ئاشکرا له کتێبه‌که‌ی جه‌لایی‌پووردا به‌رچاو ده‌که‌وێت و بۆ خۆیشی ئاماژه‌ی پێ داوە. ناوبراو بۆ چاره‌سه‌رکردن و تێگه‌یشتن له دیارده‌ی ناسیۆنالیزم، باس له دوو روانگه‌ی روونکردنەوەیی (تبیینی) و روانگه‌ی ساڕیژکەرەوە (سازنده) ده‌کات. بۆ خۆیشی ئاماژه به‌وه ده‌کات روانگه‌ی ناوبراو له بۆچوونی دووه‌مه‌وه نزیکتره (جه‌لایی‌پوور، 1385: 36ـ37). که‌مایه‌سی دووهه‌م ئه‌وه‌یه، به‌پێی کارکرد لێکدانه‌وه بۆ ناسیۆنالیزم ده‌کات. یه‌کێک له به‌ڵگه‌کانی ناوبراو بۆ نیشاندانی قه‌یرانی مانا و کارکردی ناسیۆنالیزمی کورد، پرسی هەڵبژاردنە، واتە ئۆپۆزیسیۆنی کورد وه‌کوو نوێنه‌ر و هه‌ڵگری ناسیۆنالیزمی کوردی له‌م پێوه‌ندییه‌دا نه‌یانتوانیوه ئه‌رکی خۆیان به باشی راپه‌ڕێنن.
ته‌وه‌ری شه‌شه‌م ئه‌وه‌یه، له‌م یادداشته‌دا بێجگه له‌وه‌ی که چه‌مکه سه‌ره‌کییه‌کان پێناسه نه‌کراون، له هیچ شوێنێکدا ئاماژه به سه‌رچاوه‌کان نه‌کراوه. له حاڵێکدا یه‌کێک له پره‌نسیپه سه‌ره‌کییه‌کانی بواری زانستی، رەچاوکردنی ئەم بابەتەیە. سه‌رنجڕاکێشتر ئه‌وه‌یه زۆربه‌ی ئه‌م نووسراوه وه‌کوو کۆپی قسه‌کانی جه‌لایی‌پوور وایه، به‌ڵام نووسه‌ر ته‌نیا یه‌ک جاریش ئاماژه‌ی به‌م کتێبه یان کتێبی که‌سانی دیکه نه‌داوه.
ته‌وه‌ری حه‌وته‌م ئه‌وه‌یه، له کۆی ئه‌م یادداشته به‌و ئاکامه ده‌گه‌ین، ئه‌م نووسراوه زیاتر له‌وه‌ی که به‌ڵگاندنێکی زانستی بێت، جۆرێک نیمچه‌به‌ڵگاندن (شبە استدلال)، هەڵە بێژی و سه‌فسه‌ته‌کردنه. نووسه‌ر ویستوویه‌تی له هه‌ندێ پێشگوتە و سوغرا و کوبرا چنینی هه‌ڵه به ده‌رئه‌نجامێکی راست بگات. وەکوو ئاکامی کۆتایی پێموایه ئه‌م جۆره هه‌ڵسه‌نگاندن و تاوتوێکردنه سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی کورد زۆرتر له‌وه‌ی که بچێته خانه‌ی داکۆکی له که‌سانی په‌راوێزخراو و قوربانییه‌وه، ده‌چێته خانه‌ی سه‌رکۆنه‌کردنی قوربانی و داکۆکی له داگیرکه‌ره‌وه.
سەرچاوەکان:
1. آرون، ریمون (1377)، مراحل اساسی سیر اندیشه در جامعه‌شناسی، ترجمه: باقر پرهام، تهران، شرکت انتشارات علمی و فرهنگی.
2. اوزکریملی، اوموت (1383)، نظریه‌های ناسیونالیسم، ترجمه: محمدعلی قاسمی، تهران، انتشارات چاپ ایرانی، چاپ اول.
3. اسمیت، آنتونی دی (1391)، ناسیونالیسم و مدرنیسم، ترجمه: کاظم فیروزمند، تهران، نشر ثالث، چاپ اول.
4. جلایی‌پور، حمیدرضا (1381)، جامعه‌شناسی جنبش‌های اجتماعی، تهران، انتشارات طرح ن‌و، چاپ اول.
5. جلایی‌پور، حمیدرضا (1385)، فراز و فرود جنبش کردی (67ـ1357)، تهران، نشر لوح فکر، چاپ اول.
6. رابرتسون، یان (1374)، درآمدی بر جامعه، ترجمه: حسین بهروان، تهران.
7. رُنان و دیگران، ارنست (1383)، ملت، حس ملی، ناسیونالیسم، ترجمه: عبدالوهاب احمدی، تهران، نشر آگه، چاپ اول.
8. عزیزی، ستار (1385)، حمایت از حقوق اقلیت‌ها در حقوق بین‌الملل، همدان، نشر دانشجو، چاپ اول.
9. لیپست، سیمور مارتین (1385)، دایره‌المعارف دموکراسی، سرپرستان ترجمه: کامران فانی، نورالله مرادی، تهران، چاپخانه وزارت امور خارجه، چاپ سوم.
10. ماتیل، الکساندر (1384)، دایره‌المعارف ناسیونالیسم، سرپرستان ترجمه: کامران فانی، نورالله مرادی، تهران، چاپخانه وزارت امور خارجه.
11. والزر، مایکل (1383)، در باب مدارا، ترجمه: صالح نجفی، تهران، نشر شیرازه، چاپ اول.
12. ولی، عباس ( 2005 )، سخنرانی در کانون جمهوری خواهان، فرانسه.
13. ولی، عباس ( 2001)،کوردەکان و” ئەوانی” تریان:هەویەت و سیاسەتی پارچە پارچە بوو، وەرگێڕان: نەزەند بەگیخانی و هاشم ئەحمەدزادە،سوێد، لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی رەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی
14. ولی، عباس (2005)، مۆدێرنێتە، پۆست مۆدێرنیتە، ناسیۆنالیزم، وتووێژ، توێژینەوەی ژمارە(٢)

ئەو وتارە لە فەیسبووکی نووسەرەوە کۆپی کراوە
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر