۱۳۹۶/۰۴/۰۹

تێرۆریزم لە روانگەی جیاوازەوه‌/ د. عەبدوڵڕەحمان قاسملوو


تێرۆریزم، هێرش بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و ئازادیی خەڵکی بێ تاوانە کە لە شەری نێوان تێرۆریزم و دژبەرەکانیاندا بەشدار نین. لە وڵاتانی رۆژئاواییدا تەقاندنەوە یان دانانی بۆمب لە شوێنە گشتییەکان، بارمتەگرتنی خەڵک و ڕفاندنی فرۆکە ، بە کردەوەیەکی دزێوی تێرۆر ناودەبردرێن . هەرچەندە ڕواڵەتەکانی دیکەی ئەم دیاردەیە لەوانە زیاترن و دەزگا ڕاگەیاندنە گشتییەکانی رۆژئاوایی ناویان نابەن و خۆی لێدەبوێرن.
ڕێگا بدەن لەو باسەدا چەند پرسارێک بکەین.
تێرۆریست کێیە؟ دەوڵەتێک کە بەناوی پاراستنی ئەمنیەتی نەتەوەیی، خەڵکەکەی پەرێشان دەکا تێرۆریستە؟ ئاخۆ ئەم دیاردەیە تەنیا گرفتی وڵاتانی جیهانی سیهەمە کە دێکتاتۆرەکان بەسەریاندا حاکمن؟ ئایا ئەمە تەنیا تایبەت بە وڵاتی جیهانی سێهەمە؟ ئایا وشەی ” تێرۆریست” بۆ دژبەرێکی سیاسی دەبێ کە کردەوەیەکی تێروریستی دژی دەوڵەت دەکا کە ئازادییە مەدەنییە دەستەبەرکراوەکانی قانوونی بنەرەتی پێشێل دەکا؟
ئەی لەمەڕ بزوتنەوەی ئازادیی نەتەوەیی کە بە ناوی ئازادی و سەربەخۆیی ، تێرۆریزم هەڵدەبژێری چی دەگوترێ؟
ئەی ئەو وڵاتەی کە وڵاتێکی دیکە داگیر دەکا و بە زەبری تێرۆر، قانوونەکانی خۆی بەسەر خەڵکەکەدا دەسەپێنی؟
ئەی خەڵکێک لەگەڵ ترس و تۆقاندندا بەروەروو دەبن لەبەر ئەوەی کە دژی ڕاسیزم و گوشاری گرووپە قانونی و ناقانوونییەکان خەبات دەکەن؟
ئەو گروپانە کەسانێکن کە بە دوای مەبەستی خۆیانەوەن کە خوازیاری گۆرینی سیاسەت، ئازادیی جینایەتکاران و ئەستاندنی پووڵی زۆرەملین.
بەراستی کێ تێرۆریستە؟
ئایا رەشەکانی ئافریقای باشوور کە دژی هەڵاواردنی رەگەزیی” ئاپاراتاید” لە وڵاتەکەی خۆیاندا خەبات دەکەن تێرۆریستن ؟ یان رێژیمی سپییەکان کە جیاوازی رەگەزی دادەسەپێنن؟
ئایا خەڵکی کورد کە چەکی هەڵگرتووە و شەرێکی عادڵانە بۆ پاراستنی پێناسەی نەتەوەیی خۆی دەکا تێرۆریستە؟ یان خومەینی تێرۆریستە کە لە ٧ ساڵی ڕابردوودا شاروگوندەکانی کوردستانی لە ئێراندا وێران کردووە و بە کۆمەڵ خەڵکی قەڵاچۆ کردووە؟٢
ئایا حکوومەتی ئانکارا تێرۆریستە کە بە گوشاری وەحشیانەی کە لە تورکیەدا بەسەر کوردییدا سەپاندووە قانع نییە و ئێستا خەریکی بۆمبارانی حەشیمەتی بێدیفاعی کورد لە عیراقە؟
ئایا دەوڵەتی قانوونیی نیکاراگۆئە کە یارمەتی بە پێکەوە ژیان و ئاشتی لەو وڵاتە دەکا تێرۆریستە یان کۆنتراکان کە یارمەتیی بە لێشاو و پێشتیوانیی رەیگانیان لە پشتە تێرۆریستن؟
ئەگەر تێرۆریزم بە مانای هێرش بردن بۆ سەر ژیانی ئازادانەی خەڵکی بێتاوان بێ ،لەو حالەتەدا هەر کەسێ کارێکی ئەوتۆ بکا دەبێ وەکوو تیرۆریست سەرنجی بدرێتێ ، چ ئەو کەسە تاک بێت یان رێکخراوە یان دەوڵەت.
ئەو پێناسەیە دەبێ بە بنەما دابندرێ ئەوەش لەگەڵ روانگەی وڵاتانی رۆژئاوایی دا کە تەنیا لە کارتێکەرییەکانی تێرۆریزم دەکۆڵنەوە، یەک ناگرێتەوە. رۆژئاوا هەوڵ نادا لە هۆیەکانی تێرۆر بکۆڵێتەوە پێویستە ئەو هۆیانە بۆ کەسێک کە خوازیاری بنەبرکردنی تێرۆریزمە ، ڕوون بن.
گوتراوە کە تێرۆریزم چەکی بێبەشانە
دەبی ئەوەش زیاد بکرێ کە تێرۆریزم رێگەی ئەو کەسانەیە کە رەنگە بیانەوێ تەنانەت لە بەرانبەر بێعەداڵەتی، گوشار ، دیکتاتۆری و ڕاسیزمدا دژکردەوەیان هەبێ. ئەم هۆکارانە کە بنەبڕ بکرێن ، تێرۆریستەکان تەریک دەکەون و بە خێرایی مەترسییەکەیان کۆتایی پی دێ.
ئەگەر ویستە قانونییەکانی خەلک دابین بکرێن و بێعداڵەتی نەمێنێ ،هەموو کردەوەکانی تێرورۆیستان بە شێوەیەکی بەرین ، مەحکووم دەکرێن. چوونکە تێرۆریستەکان کردەوە تیرۆریستەکانی خۆیان بە ئیددیعای ویستە سیاسییە قانونییەکان دەرازێننەوە
وڵاتانی رۆژئاوا پێیان خۆشە بزوتنەوەی نەتەوەیی و خەبات چەکداری لەگەڵ کاری تێرۆریستیدا تێکەڵ بکرێ، وێدەچێ تێرۆریزم لەگەڵ کردەوەی زۆر لە دەوڵەتەکاندا رێک بکەوێ ،ئەگەر نەبێ ریک بخرێ.
نموونەی ئەو وڵاتانەی زۆرن کە لەبەر پێویستی خۆیان بە تێرۆریزم بۆ پەسند کردنی سیاسەتی تێرۆریستی، بە شێوەی ئاسایی خۆیان بە دژی تێرۆریست ناو دەبەن کە ئافریقای باشوور ، شیلی و ئێران لەو ریزەدان.
کاتێ رەشەکان داوا دەکەن ئاپارتاید نەمێنێ ، ئەوان رەشەکان بە تێرۆریست دەزانن، فەلەستینییەکان داوای وڵاتی خۆیان دەکەن .خەڵکی شیلی دژی دیکتاتۆرییە و ئێرانییەکان دیکتاتۆریی ئاخوندی رەت دەکەنەوە.حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ،ناچارکراوە لە حەوت ساڵی ڕابردوودا دژی رژێمی خومینی دەست بۆ خەباتی چەکداری بەرێ. ئەو خەباتە هەرگیز بەرەو تێرۆریزم نەکشاوە. بە پێچەوانە یارمەتیی کردووە بە ئازاد کردنی ژمارەیەک بارمتەگیراو کە حەوت کەسیان فرانسەوی بوون.
بزوتنەوە نێونەتەوەیییەکانی جێهان بەو شێویە هەڵسوکەوت دەکەن ئەو شێوە هەڵسووکەوتە ناکەوێتە نێو گێژاوی تێرۆریزمەوە.
بە پێی پرنسیپ ،ئێمە تێرۆریزم رەت دەکەینەوە.چونکە پێمان وایە ئەو بنەمایە ،ئازادی کەرامەتی مرۆڤ دەستەبەر دەکا. هەر وەها لە ڕاونگەی سیاسییەوە، لە درێژخایەندا تیرۆریزم، پرستیژی بزوتنەوە لە بەین دەبا و لە نێوخۆوە وێرانی دەکا. هەڵسەنگاندن و پێناسە کردنی نەگونجاوی وڵاتی رۆژئاوا لە تێررۆیزم ،خەبات دژی ئەو دیاردەیە ئەستەم دەکا.
کردەوە تێرۆریستییەکانی دژی وڵاتانی رۆژئاوا مەبەستی جۆراجۆری لە پشتە.تیرۆریستەکان بۆ ئامانجەکانیان پێویستیان بە پروپاگەندە هەیە. دەیانەوێ بە ناتەواوی دوژمنەکانیان روحییەی مەعنەویی هێزەکانیان پتەو بکەن.
ئەوان دەیانەوێت چالاکیە ئاساییەکانی دەوڵەتی دژبەر لە کار بخەن و هەوڵدەدن دەوڵەت پێوانەگەلی نائاسایی بەمەبەستی دنەدانی نارەزایەتیی گشتی بخاتەگەر.
راگەیاندنە گشتییەکانی رۆژئاوا دەکەونە داوێکەوە کە تێرۆریستان بۆیان دادەنێنەوە.
لەو حاڵەتەدا چالاکییە تێرۆریستییەکان بە بەربلاوی بڵاودەکرێنەوە و بە ئاگاداریی خەڵک ڕادەگەیەندرێن خەباتی بزوتنەوەی دێموکراتیک بۆ ئازادی و مافەکانی مرۆڤ لە بیر دەکرێ.
جیهادی ئیسلامی کە تەنیا نوێنەرایەتیی تاقمێکی دەسکرد دەکا ناوبانگی لە جیهان هەیە بەڵام ویست و داخوازی ٢٠ میلوێن کورد لە بازنەی سیاسییدا بە دژواری دەناسرێ. ئایا ئەو نەگونجاوییە و بێقەوارەییە، بزوتنەوە دێموکراتیکەکان هان نادا بۆ ئەوەی پەنا بۆ کردەوەی تێرۆریستی بەرن ،تاکوو دەنگیان ببیسترێ.
دێموکراسییەکانی رۆژئاوا ناتەواون و تێروریستەکان لەو ناتەواوییە کەڵک وەردەگرن.
بەڵام هەر لەو کاتەدا دێموکراسی دوژمنی ژومارەیەکی تێرۆریزمە . لەو شوێنەی کە دێموکراسی هەیە ،تێرۆریزم گەشە ناکا. تێرۆریزم بە ئاشکار لە دەرەوا ڕا دێ.
لەو وڵاتانەی کە ئازادییەکان پێشیل دەکرێن ،دیکتاتۆری هەیە ،بێ عداڵەتی هەیە، هەڵاواردنی ئایینی و ئیتنیکی هەیە ،گرفتە سیاسییەکان پەرە دەگرن. بەرتەسک کردنەوەی دێموکراسی زیاترین زیان بە دێموکراسیی رۆژئاوایییەکان دەگەنێ.
ئازاد کردنی بە بارمتەگیراوێک ئیمتیازێکە کە لە هەڵبژاردنەکاندا کەڵکی لێوەردەگیرێ.
تێرۆریستەکان لە ئیمتیازی رکەبەری سیاسی کەڵک وەردەگرن ویستەکانیان پەرە پێدەدن. دەبێ لە بیرمان بێت کە بەبارمتەگرتنی ئەمریکاییەکان لە ١٩٨٠ی زاینی لە لایان خومەینیەوە، لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئامریکا، شوینی خستە سەر سیاسەتی ئامریکاییەکان.
تێرویستەکان ئامانجیان ئەوەیە کە دێموکراسییەکان لەق بکەن ،لە ناوەوە بنکۆلیان بکەن و گرفتەکان بەرەو رۆژئاوا بنێرن بۆ ئەوەی وڵاتەکانیان وێران بکەن، بەرتەسک کردنەوەی دێموکراسی بە مانای یارمەتیدان و لاینگریکردن لە تێرۆرە.
لەو هەلومەرجەدا چۆن دەکرێ کۆتایی بە تێرۆر بێنین؟
مرۆڤ دەبێ ئاگاداری ئەو راستییە بێ کە تێرۆریزم بە شەوێک کۆتایی پێنایە و لە نێوناچێ.!
وەرێخستنی پروپاگەندەیەکی زۆر بۆ بەبارمتەگیراوان کەڵکی نییە چون ئەوە ڕاست ئەو شتەیە کە تێرۆریستان دەیانەوێ. ڕووخاندنی دەوڵەت ئەگەر نا دەوڵەت دەکەنە بارمتەی بارمتەکان.
ئاگادار کردنەوەی ڕای گشتی لە مەر بەبارمتەگیراوان ،مانای نوسینی وتارێکی سەرەکی لە چاپەمەنییەکاندا نییە” دان بەخۆ داگرتن” لەمەر بارمتەکان رەنگە زیاتر یارمەتی بە ئازادکردنیان بکا.
وتوێژ نابێ وەلابنرێ، بەڵام قەبوولی وتوێژی بەمانای چۆکدانان بۆ ویستەکانیان نییە. نابێ لە بیر بکرێت کە ملکەچ بوون بۆ ویستە ناقانونییەکانی تێرۆریستان رێگە دەکاتەوە بۆ ئەوەی داخوازییەکانیان رێکوپێکتر و زیاتر بکەن.
زۆر گرینگە کە لەگەڵ تێرۆریستی ڕاستەقینە وتوێژ بکرێ نەک ئەو کەسانەی کە بۆ چاندنی بۆمبەکان و بارمتەگرتن و رفاندن کەڵکیان لێوەردەگیرێ.
خاڵی وتوێژ لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان چییە؟ لە حالێکدا هەموو دەزانن کە ئەمانە درووستکراوی تارانن. دەبێ سەرەنجام نوێنەرایەتی راستەقیینە بۆ وتوێژ بدۆزرێتەوە.
خومەینی پارەی دەوێت بۆ ئەوەی لەگەڵ عێراق درێژە بە شەر بدات بۆ ئەوەی ئابووریی ئێران بەرەوقەیران دەچێ خاڵی سەرەکی لە وتوێژەکانی نێوان فەرانسە و کۆماری ئیسلامیدا ،پێوەندی بە میلیارد دۆلار قەرزەوە هەیە کە رەژیمی ڕابردوو بە شیرکەتی ئۆیرۆدیفی دابوو.
نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی وتووێژ لەسەر حەوت کەس لە بارمتە گیروان کە لە دەست حیزبوڵڵای لوبناندان رەت دەکەنەوە. هەموو دەزانن کە چارەنوسی ئەوان پەیوەندی بە ویستی ئایەتوڵڵاکانەوە هەیە گرووپەکانی دیکە سەر بە دەوڵەتگەلێکی ناسراوی دیکەن شەر کردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە تێرۆر دەکا پێویستە چاوپۆشی لێنەکرێ ئەو وڵاتانە دەبێ خۆیان بگلێندرێنە نێو ترس و خۆفەوە.
هەموو وڵاتان دەبێ دژی تێرۆریزم هاوکاری بکەن ئەوەش تایبەت بە ناتۆ و EEC نییە لە ماوەی ٤٤٤ رۆژدا کە بارمتە ئامریکاییەکان لە ئێران بوون چەند وڵاتێکی ئوروپایی پێوەندی باشیان لەگەڵ ئێراندا هێشتەوە.
لەنەبوونی ئامریکاییەکاندا دەوڵەتانی ئوروپایی قازانجی بازرگانی باشیان لە رێژیمی خومەینی دەست کەوت.
چەند مانگ چەند فەرانسەوی لە دەست ئێرانییەکاندا لە لوبنان بوون ،فەرانسە گوشاری پروپاگەندەی لەمەر بارمتەکان تەجرووبە کرد.
هاوکارانی ئی ئی سی فەرانسە وەکوو ئینگلیستان و ئالمان ئێستاش پێوەندی ئابووری زۆر بەهێزیان لەگەڵ ئێران هەیە ئەوان پشتیوانی لە رێژیمێک دەکەن کە تێرۆریزمی وەکوو دۆکتۆرینی دەوڵەتی هەڵبژاردووە.
هاوپەیوەندی لە دژی تێرۆر دەبێ کارامەتر بێ و ببێتە دیاردەیەکی نێونەتەوەیی نە نەتیا وڵاتانی رۆژئاوای بەڵکو وڵاتانی سوسیالیستی بەتایبەتی جیهانی سێهەمیش بگرێتەوە.
ئەو تئۆرییە کە ئیدعا دەکا جیهانی سێهەم تێرۆریزم دروست دەکا دەبێ وڵابنرێ.
خەبات دژی تیرۆر کارێکی پێویستە ،بێ جیاوازی و لە هەر جێیەکەوە کە سەرچاوە بگرێت.
ژیرانەیە کە تێرۆریزمی عەرەبەکان کە ژیانی بێتاوانەکان دەخەنە مەترسییەوە بێ ڕارایی و بەوردی مەحکووم بکرێ. هێرش بۆ سەر سێناگۆگی جوولەکەکان لە ئێستامبۆل کە تێیدا ٢٤ کەس کوژروان مەحکووم دەکرێ و دەگوترێ ئەو کردەوەیە دژی ئازادیی ئایینیە بەڵام بۆچی هێرش بۆ سەر کوردی عێراق مەحکووم ناکرێ؟ ئەم هێرشە دەبێتە هۆی مەرگی سەدان کەسی مەدەنی.
هاوکوفەکانی وڵاتانی رۆژئاوا کردەوە تێرۆریستییەکان مەحکووم دەکەن بەڵام زۆر گونجاوە کە ڕارایییەکانیان لە مەر ئەو هەنگاوانە دژی رێژیمی رەگەزپەرەستی ئەفریقای باشوور وەبەرچاوبگیرێ.
کاتی ئەوە هاتووە ئەو جیاوازی دانانە کۆتایی پێ بێت. کە لەم جیهانەدا بە شێک لە خەڵک وەکوو هاووڵاتیی دەرجە دوو و یان سێ چاویان لێ بکرێ و [وادەرکەوێت] کە ژیانیان ئەو بایەخەی نییە کە هاووڵاتییەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو هەیانە پشتیوانی ئەخلاقی و سیاسی لە بزوتنەوەی ئەو خەڵکانەی کە پەنا بردن بۆ تێرۆر رەت دەکەنەوە ، رێگەیەکی دیکە بۆ خەبات دژی تێرۆریزمە.
١: ئەو نوسراوەیە بۆ کۆنفرانسی تێرۆر و رەوشتی مرۆڤانە نوسراوە ئەو کۆنفرانسە لە ١٦ /٩/١٩٨٦ لە پاریس بەرێوەچووە.
٢: هۆکاری ئەوەی لێرەدا نوسراوە ٧ ساڵە کە خومینی کوردستان قوڵاچۆ دەکات ئەوەیە کە کاتی نوسینی ئەو وتارە ٧ ساڵ بەسەر دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی دا تێپەریوە.
وەرگێر لە فەرانسەوی بۆ کوردی: حەسەنی ئەیوبزادە

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر