۱۳۹۶/۰۸/۰۳

قڕمان دەکەن، قوڕتان بەسەر؟ عەبدوڵا پەشێو


قڕمان دەکەن؟
قوڕتان بەسەر!
دوای مردنیش
لێ ناگەڕێین
نیشتمانمان بکەن بە ماڵ.
لێ ناگارێین
گۆشتمان بخۆن وەک قەل و داڵ.
گەر هیچ نەبێ
دەبینە خاڵۆزەی بێستان،
زیوانی ناو دەغڵ و دانتان.
دەبینە لم،
دەچینە ناو پارووی نانتان.
دەبینە مار،
پەپکە دەخۆین لە ناو نوێنتان.
دەبینە شێرپەنجەو میکرۆب،
گەرا دەخەین لە ناو خوێنتان.
دەبینە کوان،
هەر دەمەو لە جێیەک دەردێین.
دەبینە ژان،
لەسەد لاوە تێتان وەردێین
دەبینە زێرووی هەزار پێ،
دەم گیر دەکەین لە گەرووتان.
دەبینە تامیسکەی سەر لێو،
با پشکێوی سەر پێڵووتان.

قرمان دەکەن؟
قورتان بەسەر!
دوای مردنیش
لێ ناگەڕێین
نیشتمانمان بکەن بە ماڵ.
لێ ناگەڕێین
گۆشتمان بخۆن وەک قەل و داڵ.
گەر هیچ نەبێ
شەوان دەبین بە تارمایی و مێردەزمە،
وەکوو گەڵا دادەوەرین.
بەیانییان
دەبینە رووبەندی ئاسۆ
بەری گزنگی خۆر دەگرین.
قڕمان دەکەن؟
قورتان بەسەر!
شایی بکەن
دەیکەین بە شین.
پرسە دانێن
کاستان دەکەین بە پێکەنین.
دەبینە لەکەی زمان و
تانەی سەرچاو
دەبینە مووری ناو خۆراک و
خڵتی ناو ئاو.
“عەبدوڵا پەشێو”

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر