۱۳۹۶/۰۸/۰۴

تراجیدیای کوردان، فەسڵێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانی ھێنری کیسینجر، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا/ بەشی ١


وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە، ئەنوەر سوڵتانی
ساڵی ١٩٩٩ھێنری کیسنجر وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا بیرەوەرییەکانی خۆی لە سێ بەرگی چڕدا بڵاوکردۆتەوە، بەرگی سێھەمی کتێبەکە، ناوی ‘ساڵانی نوێکردنەوە’ بوو.
فەسڵی ١٩ ، لاپەڕەی ٥٧٦ تا ٥٩٦ ی ئەم بەرگەی تەرخانی “تراجیدیای کوردان” کرابوو و تێیدا کیسنجر پەیوەندی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوولی لە نێوان ساڵانی ١٩٧٢ و ١٩٧٥دا خستبووە بەرباس.
دەوری کیسینجر و بەگشتی حکوومەتی ئەمریکا لە ھەرەسێ ساڵی ١٩٧٥ی شۆڕشی کورد و ئەو کارەساتەی دوای پەیمانی جەزائیر بە سەر کورد و شۆڕشەکەی ھات گەلێک جار قسەی لە سەر کراوە و بەڵگەی زۆریشی لە سەر بڵاوکراوەتەوە. کیسینجر داکۆکی لە خۆی دەکات و تاوانی ھەرەسی ٧٥ دەداتە پال مێژوو و جوغرافیای کورد و ئوروپاییەکان و قارەمانیەتی بارزانی کە دەلێ “انعطاف” ی سیاسی نەبوو، هەروەها شای ئێران کە کوردی کردە قوربانی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی و کۆنگرێسی ئەمریکی کە لە کوردستان و ھیندۆچینی ئەو ساڵانە خەمی ھاوپەیمانەکانی خۆی نەدەخوارد و داکۆکی لێ نەکردن. لە بەرانبەردا خۆی بە کەسێکی واقیع بین دادەنێت کە هەرچییەکی کردوویەتی بە گوێرەی بارودۆخی جیهانی و دەرەتانە گونجاوەکانی ناوخۆیی ئەمریکاوە بووە.
من ھەڵسەنگاندنی نووسینەکانی کیسنجر بۆ خوێنەر دادەنێم و تەنیا دەڵێم دەرسێک کە واھەیە لە قسەکانی ئەو وەربگیرێت ئەوەیە: وڵاتانی جیھان- تەنانەت دۆستەکانی کوردیش تا ڕادەیەکی دیاریکراو و کاتێکی دیاریکراو ھاوڕێی کورد دەکەن. پشت بەستنی ھەمیشەیی بە ھیچ دۆستێک لە بەرژەوەندی کورددا نییە مەگەر تاکتیکی و کاتی بێت. ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان تەنیا کەڵک لە “کارتی کورد” وەردەگرن و ئەگەر کورد بەو ڕاستییە نەزانێت و کەڵک لە کارتی ئەوان وەرنەگرێت،ھەڵەی گەورەی کردووە. کێسنجر بە ڕاشکاوی دەڵێ دام و دەزگای فۆرد، نیکسن، بووش یاکلینتن نەیانویستووە کورد سەربەخۆیی ھەبێت و لەو وڵاتانەی تێیدا دەژی جیابێتەوە.
لە بارودۆخی ئێستای باشووری کوردستان و هەرەسی مانگی ڕابردووی سیاسەتەکانی حکوومەتی هەرێم لەمەڕ سەربەخۆیی، بابەتی ناو ئەم وتارەی کیسنجر، وەک گەورە ستراتیجیستی سیاسەتی ئەمریکا، گرنگایەتییەکی زۆر پەیدا دەکات بە تایبەت کە دەڵێ “ھیچکام لە دامودەزگاکانی نیکسن، فۆرد، بووش یا کلینتن ھەرگیز پشتگیریی سەربەخۆبوونی کوردی عێراق و لەویش کەمتر، ھی کوردی وڵاتانی دراوسێی عێراقیان نەکردووە” و دەزانین کە سیاسەتی ئۆباماش لەو بارەیەوە لەوان باشتر نەبوو، ئەی چۆن بوو ئێمە لامان وابوو دام و دەزگای وەزارەتی دەرەوەی ترامپ ١٨٠ پلە لەوان جیاوازە و وەزیری دەرەوەیان، کە سەرۆکی پێشووی یەک لە گەورەترین کۆمپانیا نەوتییەکانی جیهانە، نازانێت عیراق دوای سعوودیا، خاوەنی گەورەترین پاشەکەوتی نەوتی جیهانە و ئەوان ئەو گەنجینەیە بە کورد نابەخشن؟
کیسنجر لەم و تارەدا ناوێک لە “کوردستان” ناھێنێت و تەنیا بە “ناوچەی کوردنشین” ناوی دەبات.
سەرجەم نووسینەکانی کیسنجر لێرەدا دەکەوێتە بەرچاوی خوێنەر. من بابەتەکەم لە ساڵی ٢٠٠١ دا وەرگێڕایە سەر کوردی و بە دووبەشی جیاواز لە ژمارە ٣١ ی گۆڤاری گزینگ چاپی بەهاری ساڵی ٢٠٠١ی سوێد دا بڵاوم کردەوە. یادی بەخێر بێت کاک سولەیمان چیرە (هێرش) هەموو بابەتە دەستنووسەکەی منی تایپ کرد و بڵاوی کردەوە. ئەوە بەشی یەکەمی تەرجەمەکەیە.
بابەتەکە لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە کە لەبەر هۆکاری تکنیکی بە ئینگلیزی ناینووسم:
هێنڕی کیسنجر، “ساڵانی نوێکردنەوە”، بەرگی سێهەم، چاپی سایمن ئەند شۆستر، نیویۆرک، ١٩٩٩ فەسڵی ١٩، لاپەڕە ٥٧٦ تا ٥٩٦.
بنەماکانی بەرنامە
لە بەھاری ١٩٧٥دا، خوداکان پێکەنینیان نەھێنایە سەر لێوی دۆستانی ئەمریکا. ڕاست لەوکاتەدا کە کۆنگرە ]ی ئەمریکی[ لێگەرا گەلانی ھیندۆچین بکەونە ژێر کەڵەوەی کۆمۆنیزمەوە، شای ئێرانیش کوردی عێراقی لە بەرانبەر ڕژێمی ڕادیکاڵی بەغدا دا، بێ دیفاع ھێشتەوە- ئەو ڕژێمەی کە تەنانەت ئەودەم، بە ڕسمیش نەبوایە ھەر لەلایەن سەددام حوسێنەوە کۆنترۆڵ دەکرا.
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧٢ەوە یارمەتی کوردانی دەدا، گەرچی لە بەراوردکردن لەگەڵ ئەو ھەوڵانەی وا لە ھیندۆچین دەماندا، تێکەڵاویمان لەگەڵ ئەمیان ھیچی وانەبوو. بەڵام لە کاتێکدا کە- لایکەم لە ماوەی ساڵی ١٩٧٥دا، ھاوپەیمانەکانمان ھەموو ھۆیەکان بۆ چاوەڕوان بوون لە ئێمە ھەبوو بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پەرەپێدانی یارمەتییەوە نەھێڵن ھیندۆچین لە دەست بچێت، پارێزگاری کردنی کوردان پێویستی بە کردنەوەی پەڕەیەکی نوێ لەو چیا سەرکێشانە دەکرد کە کەوتبوونە نزیک سنووری سۆڤیەتەوە.
لە کاتێکدا کە ھیندۆچین لە گرێژنە دەچوو، پەیوندی ڕۆژھەڵات-ڕۆژئاوا بەرەو لاوازی دەڕۆیشت و وتووێژی ئاشتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە بێ ئەنجامیدا وەستابوو، دەبوایە [لەوێ] بەرپرسایەتییەکی ئاشکرا بۆ ئەنجامێکی گەلێک گرنگی چاوەڕواننەکراو بگیرێتە ئەستۆ.
ھەرچۆنێک بێت، دەبوایە لە ماوەی چەند مانگێکدا چارەنووسی کورد ببێتە شانۆیەکی تر لە خۆبەزاندن و تێیدا خۆپەرستی حەفتاکان تاوانی گەشبینی لەڕادەبەدەری سەرەتای شەستەکان بداتەوە. کۆمیتەکانی کۆنگرێس ھێرشیان کردە سەر دەزگای بەڕێوەبەرایەتی “نیکسن” بۆ ئەو دەورەی وا دەیویست لەمەڕ یارمەتیدانی کوردان لە پێناوی گەیشتنیان بە خۆدموختاریدا بیبینێت، ھەروەھا ھێرشیان کردە سەر بەڕێوەبەرایەتی “فۆرد” بۆ ئەوەی بەرگری لە شای ئێران نەکردبوو ئەم ھەوڵە ھاوبەشە بوەستێنێ. ئەوەش مەسەلەیەک بوو، کە ھەندێ لەوانەی وا زیاترین بەرپرسایەتییان لە تەسلیم کردنی ھیندۆچیندا ھەبوو، ویژدانی خۆیان پێ تیمار دەکرد.
تراجیدیای کورد زیاتر بە ھۆی مێژوو و جوغرافیاوە سەری ھەڵدا، بەڵام دابەشبوونی ئێمەش پرۆسەکەی خێراتر کرد. گەلی کورد کە ئێستا ژمارەیان دەگاتە ٣٥ ملیۆن، بوونەتە قوربانی ھەندێ ڕووداو، کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە پێش ئێستا. کورد لە کاتی پێکھاتنی دەوڵەتە نەتەوایەتییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی یەکەمی جیھانی، خۆی بە دابەشکراوی لە نێوان ئێران، عێراق، سووریا، تورکیا و سۆڤیەتی پێشوودا بینییەوە، بەڵێنی وڵاتێکی سەربەخۆیان پێدرا. بەڵام کاتێ نەتەوە ئەوڕوپییەکان دوای شەڕ سنوورەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستییان دیاری کرد، ئیتر داواکاریی ئەوان لەمەڕ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی خرایە پشت گوێ.
لەو کاتەوە تا ئێستا تاوانی خەباتی نەتەوایەتی کوردان کەوتۆتە بەر دژایەتی نواندنی ھاودەنگ لە لایەن وڵاتانی خانەخوێیانەوە کە گونجاوترین پەیوەندییان لە گەل وڵاتە یەکگرتووەکاندا ھەیە. ھەندێکیان وەک تورکیا ھاوپەیمانی ئەمریکان و ھەندێکیان وەک عێراق، مەیلیان بە دوژمنایەتی ھەیە. ئێران لە چەندین دەرفەتی جیاوازدا، ھەردووکیان بووە. سووریاش خۆی بە لایەن دانانێت نەتەوەکانی تر- وەک ئیسرائیل و ئوردەنیش- بە ھۆی ھەلومەرجی جیۆپۆلیتیکەوە یاخود بە ئامانجی لاوازکردنی دوژمنیان- بەگشتی عێراق، جارەوبارە دەکەونە نێوانەوە (بڕوانە نەقشەکە).
تێکەڵاویی ئەمریکا لە دوو ڕوانگەی ئیدیۆلۆجیک و ستراتیجیکەوە بوو. “نەریتی ویلسن” بەرەو ئاقاری پشتگیری کردن لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوایەتیمان دەبات، بەڵام لە عەینی کاتدا دەبێتە ھۆی وەدیھاتنی کێشەی دایمی سیاسەتی ئەمریکا کە ئەویش بریتی یە لە دۆزینەوەی ڕادەیەک بۆ ئیجباری ئەخڵاقیی ئەمریکا لە ناوچەیەکی گەلێک دوری دەست پێنەگەیشتوو وەک شۆێنی شاخاویی کورد کە کەوتۆتە نێوان وڵاتانێکەوە ھەر ھەموویان شۆێن لە سەر بەرژەوەندیی نەتەوایەتی ئەمریکا دادەنێن. چۆن دەکرێ خاڵێکی بە ڕێ و جێ بۆ وەستان لە نێوان پشتگیری کردنی ھەمەلایەنەی ئاواتی کوردان لەلایەک و بەجێھێشتنیان لە ناوچەیەکدا بدۆزرێتەوە کە پیشانگەی پەیوەندییەکی ستراتیجیکە لە ھیلالی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و خەلیجی فارسی پڕ لە نەوتدا؟
فاکتەری ئاڵۆز ئەوە بوو یارمەتی ئەمریکا تەنیا دەکرا لە ڕێگەی وڵاتانێکەوە ئاراستە بکرێت کە ھاوپەیمانی ئەمریکا بن- وەک ئێرانی سەردەمی “فورد” یا تورکیای سەردەمی “کلینتن” بەڵام ئەو وڵاتانە تەنیا تا ڕادەیەکی دیاریکراو ھاوبەشیی ڕوانگەی ئەمریکایان لە سیاسەتێکدا دەکرد کە دژ بەوە دەوەستا ناوچە کوردنشینەکان بکەونە ژێر کۆنترۆڵی کۆمۆنیست و سوورەکانەوە.
نە ئێرانی حەفتاکان و نە تورکیای نەوەدەکان کەمترین بەرژەوەندییان لەوەدا  نەدەبینی کە ناسیۆنالیسمی کورد بگاتە ڕادەیەکی ئەوتۆ لە ھەڵچوون، کە کوردی خۆشیان بگرێتەوە، وەک چۆن ئامادە نەدەبوون کەمایەتییە [کورد] ەکەی خۆیان بگەیینە ڕادەی دەوڵەتێکی کوردی. لە عەینی کاتدا، ھەر دوو وڵاتەکە وەک ناوەندێک بۆ سیاسەتی گشتی ئەمریکا سەیر دەکران.

دەوڵەتانی دراوسێ وەک تورکیا و ئێران یارمەتی کوردانیان بۆیە دەدا، کە گوشاری عێراق لە سەر خۆیان چەواشە بکەن بەڵام ھیچ لایەکیان لە ھیچ بارودۆخێکدا ئامادە نەبوون باوەش بۆ دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی کورد بکەنەوە. بە ھەمان شێوە، ھیچکام لە دامودەزگاکانی نیکسن، فۆرد، بووش یا کلینتن ھەرگیز پشتگیریی سەربەخۆبوونی کوردی عێراق و لەویش کەمتر، ھی کوردی وڵاتانی دراوسێی عێراقیان نەکردووە. ئەوەی دەخوازرا، تەنیا بریتی بوو لەوەی خودموختاریی کورد لەگەل پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقدا لێک گرێ بدرێن لە ترسی ئەوەی کە پارچەپارچەبوونی عێراق دەبووە ھۆی سەرھەڵدانی دەیان سال ئاژاوە و دراوسێکانی عێراق لە سەر پارچەکانی ئەو وڵاتە بەردەبوونە گیانی یەکتر- بەتایبەت دوای ئەوەی کە ئێران لە ژێر حوکمی ئایەتوڵڵا خومەینی دا، وەرچەرخایە سەر دەوڵەتێکی دژبەری فاندەمنتالیست ئیتر یەکپارچەیی خاکی عێراق وەک تای تەرازوو بۆ پارسەنگی بەرزەفڕیی ئێرانییەکان سەیردەکرا.
کارتێکەرییەکانی ئەم دیاردە ئاڵۆزانە لە سەر یەکتر، دەشبوایە دڵساردی و تەنانەت تراجیدیا بۆ کورد بخوڵقێنن، ئەوە ڕاست ئەو شتە بوو کە لە مانگی مارچی ١٩٧٥دا قەوما، کاتێ کە ئێران و عێراق گەیشتنە پێکھاتنێک و بە گوێرەی ئەو، بەرژەوەندیی نەتەوایەتی ئەو دوو وڵاتە، خودموختاریی کوردی پێ شێل کرد.
مەسەلەکە، لە ساڵی ١٩٩٦یشدا کاتێ دووپات بووەوە کە ئەو خودموختارییەی کورد وا دوای شەڕی ساڵی ١٩٩١ی خەلیج لە ژێر سەیتەرەی ئەمریکادا ھاتبوە دی، لەلایەن سەددام حوسێنەوە ڕادەی بە تەواوەتی نزم بووەوە و گەیشتە ئەوەی تاقمێکی کورد بۆ تێکشکاندنی دژبەرە کوردەکەی خۆی وا لەڵایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرا، لایەنی ئەو [واتە سەددام]ی گرت.
بەڕێوەبەرایەتی “فۆرد” زەمینەیەکی باشتر لە “کلینتن”ی ھەبوو بۆ ئەوەی بەرپرسیایەتی خۆی پەرە پێ بدات. بەڵام ھەردوو دەرەتانەکە بەرتەنگ بوون و ڕوون نەبوونی بەرژەوەندییەکانی ئێمەی لە خاکی دوورەدەستی کورداندا دەخستەبەرچاو.
بەپێچەوانەی ئەوەی وا باوە و دەگوترێت، بەرێوەبەرایەتی “نیکسن” و “فۆرد” ھەرگیز پشتیوانیی دەرەوەییان بۆ ئاواتی خودموختاری کورد دروست نەکرد، بەڵام ئەوانە یەکەم بوون لەوەدا کە یارمەتی ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی کوردان بکەن.خۆی مەسەلەکە ئەوەبوو کە ئێمە پشتگیریی کەمایەتییەکی نەتەوەییمان دژ بە دەوڵەتی قانوونییان دەکرد و لە بەرئەوەی وڵاتانی دیکەش بەتایبەت ئێران و ئیسرائیل تێکەڵاوی مەسەلەکە بوون، عەمەلیاتەکە دەبوایە لە نوقتەیەکی خۆڵەمێش ڕەنگی نێوان ھێزی ئاشکرا و سیاسەتدا، بە “نھێنی” بمێنێتەوە.
بنەڕەتی تێکەڵاویی ڕاستەوخۆی ئێمە لەگەل کوردان. دەگەڕێتەوە بۆ سەردانی “نیکسن” لە شا، لە تاران لە مانگی مایسی ١٩٧٢ و دوای ئەوەی لە وتووێژ لەگەل “بریژنیڤ” لە مۆسکۆ دەگەڕاینەوە، ھەفتەیەک میوانداریی “کرێملین” بۆ ڕێزگرتن لە سیاسەتی کەمکردنەوەی ئاڵۆزیی. نیکسن لە سیاسەتی کەمکردنەوەی ئاڵۆزیی نێوان دوو وڵاتدا ھەرگیز خواستی خۆی لەمەڕ دەرەتانی زیاتری مانۆر کردن لە کێ بەرکێی سیاسەتی جیھانی لەگەل یەکیەتی سوڤیەت لە بیرنەبردەوە.
یەک لەو کێ بەرکێیانە، لە عێراق و لە ئاستی دەرگای شای ئێراندا ھاتە کایەوە. کێشەی داھاتوو، ڕوو لە کاملا کردنی سیاسیی وڵاتێک بوو کە زەخیرەی نەوتی دوای عەرەبستانی سعوودی، لە جیھاندا دووھەمە و لەم ڕووەوە دەرەتانی ھەڕەشەکردن بۆ تێکدانی ھاوسەنگی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت خەلیجی بۆ ھەیە. لە ساڵی ١٩٦٨دا، حیزبی بەعس کە لە ناوخۆی وڵاتدا بەرپرسیایەتی بەرنامەیەکی ڕادیکاڵی سۆسیالیستی گرتبوە ئەستۆ و بڕیاری دژایەتی کردنی سوپایی لەگەل ڕۆژتاوای دابوو، لە بەغدا ھاتەوە سەر حوکم. جێگەی سەرسووڕمان نەبوو کە عێراقی ژێر حوکمی سەددام حوسێن بەرەو ئەوە دەچوو کە لە یەکیەتی سۆڤیەتی نزیک ببێتەوە، ئەویش ڕاست لەو کاتەدا کە ١٥ ھەزار سوپای سۆڤێتی لە میسر بوون و مەترسی ئەوە لە بن گوێدا بوو کە دوورنەبێت ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوەتی بکەوێتە ژێر نفووزی ستراتیجی سۆڤیەتەوە. جا سیاسەتی کەمکردنەوەی ئاڵۆزی لە ھەر بارودۆخێکدا بوایە، کەمکردنەوەی نفووزی سۆڤێت یەک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ستراتیجی ئێمە بوو. لە ڕاستیدا ئێمە سیاسەتی کەمکردنەوەی ئاڵۆزیمان وا سەیر دەکرد کە ببێتە کەرەسەی لەناوبردنی مەترسی لە سەر ئەو ستراتیجییە.
وڵاتانێک کە زیاتر خۆیان لە ژێر مەترسی ئەم لایەنگرییەی عێراقدا دەدیت بریتی بوون لە ئوردەن و ئێران کە ھەرددوکیان سنووری دوور و درێژیان لە گەڵیدا ھەبوو. ھەروەھا ئیسرائیلیش کە بەردەوام نیگەرانی ڕژیمێکی نوێی ڕادیکاڵی عەرەب بوو وا چەکی سۆڤیەتی پارێزگاریی لێ بکات. ھەر سێ ئەم وڵاتانە دۆستی وڵاتە یەکگرتووەکان بوون، ھەرسێش درێژەیان بە یارمەتیدانی نھێنی کوردان دەدا و ھەوڵی کوردانیان بۆ خودموختاری لە ناوچە ئەستەم و شاخاوییەکانی باکووری عێراق وەک کارتێک گرتبوە دەست کە لە ڕێگەی ئەوانەوە دەرەتان و توانای ڕژێمی بەعسی عێراق لە سنووری خۆیان دووربخەنەوە.
ئێمە، گەرچی لە ڕاستیدا بەشداریی ئەو ھەوڵە نھێنییانەمان نەدەکرد، بەڵام دەزگا جاسووسییەکانمان، کە بە ھۆی ھاوکارەکانیانەوە لە ھەرکام لەو وڵاتانە تێکەڵاوی مەسەلەکە بوون، لە ڕووداوەکان ئاگادار دەکرانەوە. ھەروەھا دیارە ھەریەک لەو وڵاتانەش یارمەتی ئابووری و سوپاییان لە وڵاتە یەکگرتووەکان وەردەگرت.
بۆ ماوەیەکی کورت، وا دەردەکەوت کە وا وێ بچێت عێراق و کوردان جیاوازییەکانی نێوان خۆیان چارەسەردەکەن. لە ١١ی مارچی ١٩٧٠دا، بەغدا و ڕێبەری کوردان مستەفا بارزانی گەیشتنە پێکھاتنێک. حکوومەتی بەعس رەزامەند بوو بەوەی عێراق بکاتە دەوڵەتێکی چەند ڕەگەزیی کە لە دوو نەتەوەی سەرەکی عەرەب و کورد پێک بێت، یارمەتیدەری سەروک کۆمار کورد بێت، کوردی ببێتە زمانی ڕەسمی ونوێنەرانی کورد بەشداریی لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا بکەن. وەک عادەت، ھەرکاتێ دەسەڵات لە نێوان دوو تاقمی ڕەگەزیی دژ بە یەکدا دابەش بکرێت مەسەلەی ئەوتۆ دێتە گۆڕێ. لە مانگەکانی دواتردا ئەم پەیمانە بە ھۆی کێشەی واتاکردنەوەی “خودموختاری” یەوە ھاتە لاواز بوون. خودموختاری بۆ بارزانی ئاماژەیەک بوو بۆ سەربەخۆیی بە کردەوە، لە کاتێکدا سەددام حوسەین پێکھاتنەکەی وەک ھەنگاوێکی تاکتیکی لەپێناو بەدیھێنانی ئاواتەکانی بەعس بۆ دەوڵەتێکی یەکپارچە سەیردەکرد.
تا پایزی ١٩٧١، پەیوەندی نێوان کورد و بەغدا گەیشتە قۆناغی پچڕان، کورد تاوانی مەسەلەکەی خستە ئەستۆی سەددام حوسێن کە ھەوڵی کوشتنی بارزانی داوە و ئەوەش نیشاندەری گومانیان بوو لە وەی عێراق بەرەو حکوومەتێکی یەکگرتووی نەتەوایەتی بە بەشداریی کردنی حیزبی شیوعی دەئاژوێت. ئەوە خۆی، کوردی خستە قوژبنەوە و شەڕی چریکییان دەست پێکردەوە کە ئیسرائیل و ئێران پشتگیرییان دەکردن، لە مانگی نومبری ١٩٧١ و جارێکیش لە مارچی ١٩٧٢دا، شای ئێران داوای لە نیکسن کرد لە مەسەلەی یارمەتیدانی بارزانیدا ھاوکاریی بکات. لە ٢٨ی مارچدا مەلیک حوسێنی ئوردەن ئەرکی مەسڵەتکاری بەڕێوەبرد و داواکاریی ڕاستەوخۆی بارزانی ئاراستەی نیکسن کرد. ئیسرائیل گەرچی ھەرگیز ڕاستەوخۆ یارمەتی دارایی لێ نەخواستین، بەڵام نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە ڕێبازێک کە عێراق گرتبوویەبەر، ھەروەھا بەرژەوەندییەکانی خۆی لە مەسەلەی خودموختاریی ناوچەکوردییەکان بە ئێمە ڕاگەیاند.
ئێمە داواکاریی یارمەتی ڕاستەوخۆمان دایە دواوە لەبەر ئەوەی نەماندەویست ببێتە ھۆی دابارینی زیاتری چەکی سۆڤیەتی و لە زیاددانی نفووزەکەی. “جۆزێف فەیرلەند” باڵوێزی ئەمریکا لە ئێران چاوەترسێی ئەوەی کردین کە ئەگەر عەمەلیاتێکی نھێنی کورد [لە لایەن ئەمریکاوە] بەڕێوەببرێت، مەترسی ئاشکرابوونی لێ دەکرێت، خۆ ئەگەریش بوەستێنرێت ئەوا ڕێگە بە “تەفسیرێکی ھەڵەی جێگەی داخ” دەدات.
سەفەری سەرەک وەزیری سۆڤیەتی ئەلێکسی گاسێگین بۆ بەغدا لە مانگی ئەپریلی ١٩٧٢دا، بووە ھۆی ئەوەی ئێمە بە “سیاسەتی دەستکێشانەوەی خۆماندا بچینەوە”. لە ڕۆژی ٩ی ئاپریل، ناوبراو بەیمانێکی دۆستانەی لەگەل عێراقدا مۆرکرد، کە تەنانەت بە بێ دست تێوەردانی ئەمریکا بە قازانجی کوردیش، ئامادەیی بۆ ناردنی ڕادەیەکی بەرچاوی چەکی سۆڤیەتی [بۆ عێراق] دەگرتەبەر. لەوە بەدواوە، عێراق خۆی دەخستە کێشەیەکی جیۆپۆلیتیکەوە و بە ڕێگای ئەوەوە دەبوو کە ببێتە ھاوپەیمانی سەرەکی یەکیەتی سۆڤیەت لە ناوچەکەدا. ھێزی سوپایی عێراق کە بە چەکی زێدە تەیارکرابوون، ھێرشیان  بۆ سەر کورد پەرەپێدا و لەو ڕادەیە دەرچوو کە بکرێت ھاوسەنگییەکەی بە ھۆی یارمەتی نھێنی ئێران و ئیسرائیلەوە ڕابگیرێت. پێکدادانی ھێزەکانی عێراق و ئێران لە سەر سنوورە گشتییەکانیشی بە شوێندا ھات.
ئەوە، ئەو باروودۆخەبوو کە تێیدا نیکسن لە ڕۆژانی ٣٠ و ٣١ی مایسی ١٩٧٢دا چووە چاوپێکەوتنی شا لە تاران، ئێمە بە ھۆی ھەردوو لایەنی ئیحساسی و فیزیکی دەنگدانەوەی سەرکەوتنی نیکسن لە وتووێژەکانی مۆسکۆدا حەپەسابووبن کە سەرەڕای بۆمباردمان و ئابلۆقەی ڤیەتنامی باکووریی ھاوپەیمانی سۆڤیەت لە ماوەی دوو حەوتوو پێش بەرنامەی داڕژاوی چاوپێکەوتنەکەی نیکسن و شەش مانگ پێش مەسەلەی ھەڵبژاردنی سەرەک کۆمار [ی ئەمریکا] دا، ھاتبوە دەست.
میونداریەتی ھەمەلایەنەی ئێرانییەکان ناڕەحەتی کاروان و ھەروەھا تاقمی ڕۆژنامەنووسانی ھاوڕێی دەرخست، یەک لە پێشھاتەکانی ئەو ناڕەحەتییە، سەرلێشێوانی نیکسن بوو لە کاتی نانی شێوی بەخێرھاتنی شادا، کە بەوپەڕی ڕازاوەییەوە ئامادەکرابوو. چرای [فیلم ھەڵگرانی] تەلەڤیزێونی لە کاتی خوێندنەوەی وتاری ئامادەکراوی سەرەک کۆماردا شەوقی زۆریان ھەبوو، بە تایبەت کە نیکسن پێی خۆش نەبوو لە سەر تەلەڤیزیۆن بە عەینەکی چاویەوە ببینرێت، لە بەر ئەم ھۆیە بڕیاری دا وتارێک لە بەر ئاراستە بکات و ئەم کارەی بە تواناوە گەیاندە ئەنجام، تەنیا ئەوە نەبێت کە وا دەردەکەوت ڕادەی کورت و درێژیی وتارەکەی نەگرتبێتە بەرچاو. چەند جارێک بە دەوری بابەتەکەدا ھات ئینجا گەیشتە خاڵێکی گرنگ، ڕاستەوخۆ چاوی بڕیە شا و ئەو بۆچوونەی پرێزیدێنت “ئایزینھاوێر” ی وەبیر شای شاھان ھێنایەوە کە گوتبووی “ھەموو ئەو سیناتۆرانەی دەیانناسم ژنی باڵاتر لە خۆیان ھیناوە”. بەم ورەیەوە نیکسن سەرکەوتووانە کۆتایی بە قسەکانی ھێنا و گوتی با بیخۆینەوە بە سڵامەتی ئەعلاحەزرەت و عولیا حەزرەتی پەنادەستی! چەپڵەی لایەنی ئێرانییەکان گەیشتە ئەوپەڕی خۆی.
ھەرچۆنیک بێت، کاتێ نیکسن و شا دەستیان بە ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی نێونەتەوەیی کرد، ئیتر ھیچ سەرلێشێواوییەک نەما، نیکسن، کە لەگەل لایەنەکەی تردا لە کریملین خواردنەوەی زۆریان بە سەڵامەتی یەکتر خواردبووەوە و بەوە گەشابووەوە، نیشانی دا کە سەرەک کۆماری ئەمریکا کەمتر وا ھەیە بە ھۆی پەیوەندی شەخسی لەگەل ڕێبەری زلھێزی کۆمۆنیستەوە ڕێگە چەواشە بکات. لە وتاری کاتی گەرانەوەی وتووێژەکاندا، جارێکی تر ڕوونی کردەوە کە دەیەوێت شان بەشانی دۆستانی ئەمریکا بوەستێت و بەرگری لە کردەوەی توندوتیژی سۆڤیەت لە ڕوّژھەڵاتی ناوەراست بکات. گەرچی ئێمە دەمانویست پێش بە ھەڵچوونی تەنگوچەڵەمە ناوچەییەکان بگرین و ئیجازە نەدەین ببنە ڕووبەڕبوونەوەیەکی نێونەتەوەیی، لە عەینی کاتدا نەماندەھێشت ھاوسەنگی ھێزی جیھانی یاخود ھاوسەنگی ھێزەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست تووشی گۆران ببن.
لە ڕاستیدا ئێمە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەوڵی ئەوەمان بوو ھاوسەنگییەکە بە قازانجی خۆمان بپارێزین بەوەی کە پیشانی بدەین نە ڕادیکالیسمی عەڕبی و نە چەکی سۆڤیەتی ھیچکامیان عەڕەب ناگەیێننە ئامانجەکانی. من چوومە ناو قسەکانەوە و گوتم ئێمە “ھەڵبژاردەیەک” لە سیاسەتی کەمکردنەوەی ئاڵۆزی قەبوڵ ناکەین کە بۆ من واتای ئەوە بوو “ھەندێ مەسەلە لەگەل ھەندێ دوژمندا چارەسەربکەین بۆ ئەوەی ھەندێ دوژمنی تر بخەینە قوژبنەوە، ئەم مەسەلەیەمان بە گوێی سۆڤیەتییەکانیشدا دا”. ساڵێک دواتر، لە مانگی جولای ١٩٧٣یشدا، کاتێ شا بۆ وەڵامی سەردانەکە ھاتەوە واشەنگتن، جەوھەری تەرح و بەرنامەی داڕژاوی خۆمانم بەم شێوەیە پێ ڕاگەیاند:
ئێمە دەمانەوەێ نفوزی سۆڤیەت لە ھەر کوێیەک سەرھەڵبدات، کڕی بکەین و لە ھەر توندوتیژی نواندنێکدا کە ئەوان ھاندەری بن بێ ھیوایان بکەین. ئێمە دەمانەوێ لە هەیئەتی سیاسی [سۆڤیەتی] دا تێگەیشتنێک بھێنینەدی کە چاڵاکی نواندنی پڕخەرجیان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بێ ئەنجام دەبێت.
ھەر بۆیەش بوو کە شا، نیکسنی وەک کەسێک ھاتە پێش چاو کە گوێگرێکی باشە و باسی ئەوەی بۆ کرد کە “سوڤیەتییەکان وا خەریکی پێکھێنانی ھاوکارییەکن لە نێوان کورد و بەعسی و شیوعییەکاندا و مەسەلەی کورد لە جیاتی ئەوەی ببێتە دڕکێک و بە گەروویاندا بچێت، واھەیە ببێتە یاریدەدەری کۆمۆنیستەکان”.
وەک ئاکامی وتووێژ لەگەل شا، نیکسن دوو بڕیاری دەرکرد بۆ بەربەرەکانی کردنی مامەڵەی چەکی کاسیگین- سەددام، پەسندی فرۆشتنی ئەو فڕۆکە پێشکەوتووانەی کرد کە شا داوای کڕینیانی کردبوو بەڵام بەھۆی چەلەحانێی بۆرۆکراتیکی نێو وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە وەستێنرابوو. ئەوان لەوە دەدوان کە ئایا فڕۆکەی ئێف ١٥ی ھێزی ھەوایی پێ بفرۆشن یا ئێف ١٤ی ھێزی دەریایی؟ نیکسن مەسەلەکەی بەم شێوەیە چارەسەرکرد کە ئیجازەی فرۆشتنی ھەردوو فڕۆکەکانی دا و گوتی دوابڕیار لەمەڕ ھەلبژاردنی ئەوەی کامیان بکڕێت، بدرێتە شا (ئەوە بنەمای ئەو چاو و ڕاوە بوو کە گوایە پێنتاگۆن ھەرچییەک شا بیەوێت بیداتێ؛ لە کاتێکدا فەرمانەکە تەنیا ئەوەی تێدا بوو ئیجازەی پێ بدرێت لە نێوان فڕۆکەیئێف ١٤ و ئێف ١٥ دا، یەکیان ھەڵبژێرێت).
لە عەینی کاتدا نیکسن گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ڕاپەڕینی ئەودەمی کوردان دژ بە حکوومەتی بەغدا، بە بێ پشتگیریکردنی ئەمریکا تێکدەشکێت و بۆ پاراستنی ورەی ھاوپەیمانانی وەک ئێران و ئوردەن پێویست بوو ئەمریکا بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشداریی مەسەلەکە بکات. ئەم بەشداریکردنە ھەم بۆ ئەو دوو وڵاتە وئامانجەکانیان و ھەم بۆ پاراستنی ھاوسەنگیی ھێز لە ناوچەکەدا، گەلێک جیددی بوو. نیازمان ئەوەبوو مەسرەفی عێراق بۆ ڕاگرتنی ڕژێمەکەی زیاد بکەین، وزەی کورد لە وتووێژی سەندنی دەسەڵاتدا بەرینە سەرەوە و لەو ڕێگایەوە بەغدا مەجبور بکەین سیاسەتێک بەڕێوەبەرێت کە ڕێزی زیاتر لە ئاسایشی دراوسێکانی عێراق  ھەروەھا خودموختاریی کەمایەتی کورد بگرێت.
وا دەردەکەوت کە بەشداریکردنەکە دەبوە ھۆی پەیوەندیدانی ھەندێ ئامانجی ئاڵۆزی ئەو وڵاتانەی وا یارمەتی داراییان [بە کورد] دەدا و ھەر ئەو وڵاتانە لە عەینی کاتدا گرنگایەتی زۆریان بە پەیوەندییەکانیان لە گەل ئەمریکا دەدا. ھەروەھا دەبوە ھۆی ئەوەی کە بەرگریی لەوە بکەین ئەو وڵاتانە پشتی کورد بەربدەن- داوەرییەک کە، وەک دواتر دەببنن، دەرکەوت زۆر گەشبینانە بووبێت.
گێرە و کێشەی ناوخۆیی
لەو کاتەوە کە لێکۆڵینەوە ئاسایشییەکانی کۆمیتەی Church and Pike لە ڕێگەی تەلەڤیزیۆن و فیلم و چاپەمەنییەوە، مەسەلەکەی کردە بابەتێکی دڵخوازی خەڵک، وێنەی دەزگا جاسووسییەکانی ئەمریکا وەک دەزگای دواکەوتووی سەردەمی شەڕی سارد کێشراوەتەوە کە لە بەرانبەر کۆنتڕۆڵی سیاسیدا وەڵامدەر نین و زیاتر دەیانەوێت دارایی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەردەوام بخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی بەرنامە و پڕۆژەی شێتانەی خۆیان بەڕێوەبەرن. ئەگەر “سیا”یەکی ئەوتۆ بوونی بووبێت، ئەوا لە سەردەمی فۆرد و نیکسن دا شاراوە بووە. فەرمانی ھەموو عەمەلیاتێکی مەزنی سەردەم- وەک شیلی، کوردان و ئەنگۆلا، لە لایەن کاخی سپییەوە دەرچوو و بە شێوەی نھێنی بەڕێوەبران لەبەر ئەو ھۆ سەرەکییەی کە ھیچ بۆنەیەکی سیاسی ئاشکرا و بە ڕێ و جێیان نەبوو.
ڕاپەڕینی کوردان لە خاکی ژێردەسەڵاتی حکوومەتێکی بە ڕەسمی ناسراودا ھاتە کایەوە کە ھاوپەیمانی سۆڤیەت بوو و لە ماوەیەک پێشترەوە چەند دەوڵەتێک یارمەتی نھێنییان پێدەدا کە ھەموویان ھاوپەیمانی وڵاتەبەکگرتووەکان بوون و ئێمە لەباری داراییەوە پشتگیریمان دەکردن. مەترسی ھەڵچوون لە ئارادا بوو، بەڵام یەک لەو شتانەی وا ئیجازەی بە سەددام دەدا بتوانێت حوکمی خۆی پێ قایمتر بکات ئەوەبوو لە ناوچە کوردنشینەکانی وڵاتانی دراوسێی خۆی لەوسەردەمەدا، ئەم گیرەشێوێنییە، کە بە ھۆی چەکداری زۆر زوو پەرەسەندووی عێراقەوە پشتگیری دەکرا، دەیتوانی ببێتە چەکێک دژ بە دەوڵەتانی خەلیج و ئێران تەنانەت تورکیاش.
لە پێداچوونەوەی ڕووداوەکانی ڕابوردوودا، لایەنی چاک و خراپی بریارمان لەمەڕ پشتگیری کردنی ڕاپەڕینی کوردان زیاتر ھاوسەنگ دەنوێنێت وا ھەیە پێویست بووبێت ئەنگیزەی بەھێزی ھاوپەیمانانی دژ بەعێراقمان تاوتوێ بکردایە و ئەنجامی خۆکشانەوەی یەک لە لایەنەکانمان بگرتایەتە بەرچاو و لە ژوور ھەموو ئەوانەشەوە ئەوەمان بزانیایە کە کوردان وا ھەیە لە ھاوپەیمانییەکەدا گێرەشێوێنی بکەن و ئەستەم بتوانن لە ستراتیجی گشتیدا بگونجێن، دان پێدانی ڕێبەرەکانیان ھەرچی بوایە، ئاسۆی ئامانجی سەرەکییان سەربەخۆبوون یان بەلای کەمەوە خودموختاریەکی تەواو بوو و بەردەوام دژ بەو ھەنگاوانە دەوەستان کە ئەرکە سەرەکییەکانی خۆیان لە پەیوەندیی چەمکی ھاوسەنگیی جیۆپۆلیتیکی ھێزەکانی دەرەوەییدا بەربەست تر بکەن. ئێمە تێگەیشتین کە گەلێک خۆشترە بابەت لە سەر قارەمانان بخۆێنیەوە تا ئەوەی ھەڵسوکەوتیان لە گەڵدا بکەی، ھەر ئەو توانایەی کە دەبێتە ئیلھامدەری ئازایەتییان، شنە و “انعطاف”یشیان لەناو دەبات.
تەنانەت لەوەش زیاتر، سوودی تێگەیشتنی ڕووداوەکان خستبوونیە “بارودۆخی ھۆبسن” ]واتە مەجبووری[یەوە،  کە لە چارەکە سەدەیەکی ڕابردووشدا نەگۆراوە لەبەر ئەوەی ئەگەر ھیچمان ھەر نەکردایە، بۆی ھەبوو یەکگرتووییە مەوجودەکەی دژی عێراق لەبەر یەک بترازایە، کوردان بکەوتاینەتە بەر دەستی بەزەیی سەددام حوسێن و ورەی [حکوومەتەکانی] خەلیج لەناوبچوایە، لە کاتێکدا بەڕێوەبردنی ئەرک و کاریش وا ھەبوو تووشی ھەمان موشکیلەی پڕ ئازارمان بکات ئەگەر بگەیشتایەتە ئەنجامی ئەوەی سۆڤیەتەکان ناردنی چەکیان لە ڕادەی ئەودەم زێتر بکردایە. لە ھەڵبژاردنی نێوان مەترسییەکی دڵنیا و مەترسییەکی گوماناویدا، خۆ لەو مەترسییە ھاویشتن کە دوورتری دەنواند، سەرنج ڕاکیشر تر بوو. ھەر ئەوەش بوو بە دوابڕیاری ئێمە لە ساڵی ١٩٧٢دا.
ڕۆژی ١ی مانگی ھەشتی ١٩٧٢، نیکسن بە ئیمزاکردنی فەرمانێک حوکمی بەڕێوەچوونی “بەرنامەی نھێنی” (Covert Program)ی دەرکرد.(١)
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی دارایی ١٩٧٢دا، مانگانە ٢٥٠ھەزار دۆڵاری بۆ پشتگیری ڕاستەوخۆی کوردان تەرخان کرد و دوو ملیۆن دۆڵاریش بۆ تەقەمەنی، کە سەرجەم دەبووە دەوروبەری ساڵانە پێنج میلیون دۆڵار. شای ئێران بڕێکی زیاتری تەرخان کردبوو. یارمەتی کوردان لە لایەن ئێمە و ئیسرائیل و بریتانیا و ئیرانەوە دەگەیشتە نزیکەی مانگانە یەک ملیۆن دۆڵار. ئەم بڕە پارەیە، بە پێی پێوانەکانی سەردەمی شەڕی سارد، ڕادەیەکی زۆر نەبوو.
لە کاتێکدا ئێمە بیرمان لە بەشداریی کردنی عاقڵانەی ئەمریکا دەکردەوە، ھێزەکانی سۆڤیەت و ڕاویژکارەکانیان لە مانگی جولای ١٩٧٢دا لە میسر دەرکران. ئەم مەسەلەیە گرنگایەتی عێراقی بۆ سیاسەتی سۆڤیەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست زیاتر کرد و بوو بە ھاندەرێک بۆ مۆسکۆ کە پەیوەندەکانی لەگەل ڕژێمی بەغدادا پتەوتر بکات، لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆگۆستدا میخائیل سۆسلۆڤ ئەندامی دەفتەری سیاسی، گوشاری خستە سەر بارزانی بۆ ئەوەی بچێتە ناو ئەو حکوومەتە ھاوبەشەوە کە سەددام حوسێن پێشنیاری دەکرد. بە گوێرەی قسەی بارزانی، سۆسلۆف پێی ڕاگەیاندبوو کە یەکیەتی سۆڤیەت دوای دەرکران لە میسر، گرنگایەتییەکی تەنانەت زیاتر لە جاران بە پەیوەندییەکانی لەگەل عێراق دەدات و یارمەتی خۆی بۆ حکوومەت زێدە دەکات. کێبەرکێ بە ئاشکرا سەری ھەڵدابوو، لە بەشی سەر بە ئێمەدا، شا و مەلیک حوسێن لە ٣١ی جولای ھەتا ٢ی ئۆگوستی ١٩٧٢، لە کاخی شا لە لێواری دەریای قەزوێن چاویان بە یەکتر کەوت و بەخێرھاتنی یارمەتییەکانی ئەمریکایان کرد. ھەروەھا لەلایەن ئەوانەوە پێشنیار کرا کە ھەندێک یاسای گشتی بۆ کاری ھاوبەشی ھەموولایەک دابنرێت و زیاتر لە سەر بەھێزکردنی دەرەتانی دیفاعی کوردان پێیان داگرت بۆ ئەوەی کوردان بتوانن ڕادەیەکی زیاتری خودموختاری وەدەست بھێنن.
بە درێژایی ساڵی ١٩٧٣، شەڕ لە توندیی دا و بە ھەمان نیسبەت، ڕادەی داواکاریی دارایی کوردان چووە سەڕێ. من لە ٢٩ی مانگی مارچی ١٩٧٢دا پشتگیری داواکارییەکی “سیا”م بۆ یارمەتی زیاتر کرد کە “جیم چلێزینگر” لە ماوەی کورتی بەرپرسایەتی خۆی لە “سیا”دا ئیمزای کردبوو و نیکسنیش دەست بە جێ پەسەندی کرد.
من لە یادداشتێکدا باسی ئەوەم کرد کە عێراق کڕیاری سەرەکی [کالای] سۆڤیەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و حکوومەتی بەعسی عێراق بە ڕێبەرایەتی سەددام حوسێن درێژە بە یارمەتیدانی دارایی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان ھەتا پاکستانیش دەدات. ھەروەھا عێراق ھێزیکی ئەسڵییە لە “بەرەی رەفز” و دەیەوێت بەر بە دەستپیشخەری لە مەسەلەی ئاشتی عەرەب- ئیسرائیلیش بگرێت لە بەر ھەموو ئەم ھۆیانە، من پێشنیارم کرد یارمەتی داراییمان لە رادەی ساڵانە ٥میلیۆن تێپەر بکات. شا ڕادەیەکی گەلێک مەزنتری لە یارمەتییە داراییەکانی خۆی زیادکرد کە لە ڕادەی ٣٠ میلیۆن دۆڵار نزیک دەبووەوە، سەرباقی ئەوەش دڕێژەی دەدا بە یارمەتیدانی لۆجستیک و تۆپخانە، کە تۆپبارانی دوورەمەودا لە نێو خاکی ئێرانەوەشی دەگرتەبەر. ھاوکات، من مەترسی ئەوەشم خستە بەرچاوی نیکسن کە وای لێ بێت کوردان لە ڕادەی بەرگری تێپەڕ بکەن:
وا ھەیە بمانەوێت خۆ لەو ھەستە[ی کوردان] دووربخەینەوە کە ڕادەی ئیلتیزاممان بۆ ماوەی درێژخایەن ڕوو لە زیادبوون دەبێت، ئەوەش لە ڕێگەی ئاگادارکردنەوەی بارزانییەوە دەبێت کە ئێمە ئەم زێدە یارمەتییە داراییە تەنیا بۆ ئەمساڵ و لە سەر بنەمای مانگانە ئاراستە دەکەین.
تێبینی:
(1)  چاوچێکەوتنى رەسمیى 40 ئەندامى کۆمیتە لە ئارادا نەبوو. لەبەر هۆى ئاسایشى، فەرمانێک بەدەست برا بۆ ڕوسەکان و بۆ یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوە، یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى و هەر دوو سەرۆکى ستادى سوپا و جگە لەوانە، بۆ بەڕێوەبەریی رێکخراوى “سیا”. هەرکام لەو کەسانە دەرفەتى ئەوەیان هەبوو ناحەزیی خۆیان لە پەیوەندیی بەرنامەکەدا دەرببڕن بەڵام هیچیان ئەو کارەیان نەکرد. کۆمیتەى Pike دەیویست لەو مەسەلەیەى کە دانیشتنى ڕەسمى لە ئارادا نەبووە سوودى زۆر وەربگرێت گەرچى (دانیشتنەکە) ئەنجامێکى جیاوازى نەدەبوو.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر