۱۳۹۶/۰۸/۱۶

چوار ئالنگاریی لەبەردەم داهاتوی رۆژئاڤای کوردستان- کەماڵ چۆمانی


لە ٢٠ی ئۆکتۆبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی رزگارکردنی شاری رەقە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەدا بەڕونی دەڵێت: “رێگایەکی دور ماوە تا کارەکانمان تەواودەبن، بەڵام رزگارکردنی رەقە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگە لە شەڕی جیهانیی دژ بە داعش.” وەزیری بەرگریی ئەمریکا ماتیس لە حوزەیرانی رابردو رایەگیاند “لەوانەیە دوای ئازادکردنی رەقەش یەپەگە پڕچەکبکەین.” لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا ئاماژە بە داهاتوی سووریا کراوە لەسەر بنەمای چارەسەریی ژمارە 2254ی ساڵی ٢٠١٥ی ئەنجومەنی ئاساییش نەتەوە یەکگرتوەکان. ١٨ی ئەم مانگە لە سۆچی بە سپۆنسەری روسیا “کۆنگرەی سووریا لەسەر دیالۆگی نیشتیمانیی” دەبەسترێ و کورد تێیدا بەشداردەبێت، هەرچەندە تورکیا ناڕازییە. کورد بەتەواوی بە چارەسەرییەکی ئاشتییانە، دیموکراسییانە لە سووریایەکی یەکگرتوی لامەرکەزییدا رازییە.
داهاتوی رۆئاڤای کوردستان لەبەردەم ئالنگاریی/تەحەدیChallenge/ زۆر دایە، هەروەک چۆن داهاتوی رژێمەکەی ئەسەد و ئۆپۆزسیۆنیش.
ئالنگارییە سەختەکانی بەردەم کورد:
١- کشانەوەی ئەمریکا و جێهێشتنی کورد بەتەنها.
+کورد لە سووریا ئێستا هاوپەیمانێتیی لەگەڵ هێزەکانی ناوخۆدا هەیە، عەڕەب و مەسیحیی و هتد..، لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش، لەپێش هەمویانەوە ئەمریکا. رۆژئاوا [ئەمریکا و یەکێتیی ئەوڕوپا] لە سووریا هیچ هاوپەیمانێکیان نییە جگە لە ڕۆژئاڤا، بۆیە جێهێشتنیان ئاسان نییە. ئەوانەی پێیان وایە لە عێڕاقدا ئەمریکا کوردی بەتەنیا جێهێشت هەڵەن، ئەمریکا لە چوارچێوەی دەستوری عێڕاقدا پشتیوانیی کوردە. ئەوە هەڵەی سیاسەتی سەرکردایەتیی هەندێک حیزبی کوردیی بو کوردستانیان تووشی ئەو کارەساتە کرد. جیاوازییەکی بنەڕەتییش لەنێوان عێڕاق و سووریادا ئەوەیە لە عێڕاق ئەمریکا هاوپەیمانیی سەرەکیی و ستراتیجیکی عێڕاقە نەک هەرێمی کوردستان، بە پێچەوانەی سووریا کە ئەمریکا تەنها هاوپەیمانی ڕۆژئاڤایە و سووریا نەیاری ئەمریکایە و هاوپەیمانی نەیارێکی سەرسەختی ئەمریکایە، روسیا.
٢- هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاڤا و هەوڵی لەباربردنی پڕۆژەی کورد.
+ ئەوەیان مەترسییەکی جدییە، بەڵام لە ئێستادا تورکیا هەڕەشەکانی بۆ پاراستنی سنورەکانی خۆیە نەک فراوانکردنی سنورەکانی. هاوپەیمانەکانی تورکیا لە سووریادا هاوپەیمانی دیموکراتخواز نین و ئەگەری شەڕی نوێیان لەگەڵ ئەسەد یان هاوپەیمانان بەهێزە. هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاڤا لەلایەن پەکەکەوە لە ناوخۆ و سنورەکانەوە وەڵامی دەبێت. ئەگەر تورکیا هەڵەی وا بکات، لەوانەیە خۆی تووشی ناسەقامگیریی ببێت هەروەک چۆن لە ٢٠١٥ تووشی هەوڵێکی ناسەرکوتوی کۆدێتا هات.
٣- هێرشی رژێمی سووریا بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکان، بەتایبەت ناوچەی دەوڵەمەند بە نەوت، بە پشتیوانیی ئێران.
+ کورد لە سووریا دو سیاسەتی هەن بۆ هەرێمی کوردییەکان و بۆ ناوچە عەڕەبنشینەکان. هەر هێرشێکی ئەسەد بۆ سەر ناوچە عەڕەبنشینەکان بەر لەوەی ئەرکی کورد بێت وەڵامبداتەوە ئەرکی هێزە عەڕەبەکانی ناو هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، هاوپەیمانان و تەنانەت وڵاتانی خەلیجیشە، دوا سەردانی وەزیرێکی سعودیی لەگەڵ برێت مەگکێرک ئاماژەی رون بوون کە خەلیجیش دەیەوێت لەڕێی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیکەوە بەجێنەمێنێت، بەتایبەت هاوپەیمانەکانی کورد لە سووریا سونەکانن.
٤- ئیدارەدانی هەرێمی فیدڕالیی باکوری سووریا لەڕوی ئابوریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە.
+ بە بڕوای من، ئالنگاریی هەرە گەورە بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان ئەوەیە چۆن لەڕوی ئابوریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە دوای جەنگ ڕۆژئاڤا رێکدەخاتەوە. هەر شکستێکی عەسکەریی پەیوەست دەبێت بەوەی چەندە کۆمەڵگای ڕۆژئاڤا ئامادەکراوە بۆ روبەڕوبوونەوە. شکستەکانی هەرێمی کوردستان بەر لەوەی شکستی پێشمەرگە بن، شکستی ٢٦ ساڵ حوکمڕانیی باشوور بوون.
ڕۆژئاڤای کوردستان لە ماوەی ٦ ساڵدا راستە لەڕوی ئابورییەوە نەیتوانیوە داوا و خواستی گەل بەتەواوی فەراهەمبکات، بەڵام تا رادەیەکی باشیش سەرکەوتو بوە لەناو شەڕ و گەماڕۆی هەرێم و تورکیا و داعش و سووریا باش خۆی رابگرێت، نەک نەکەوێت، بەڵکو بەباشیش هەڵسێتەوە و سەرفراز بێت. لەڕوی سیاسییەوە، توانیویەتی پڕۆژەیەکی هەمەلایەن نەک هەر بۆ ڕۆژئاڤا، بەڵکو بۆ تەواوی سووریاش پێشبخات، هەندێک کێشەی ناوخۆیی ماون کە پێویستە چارەسەربکرێن-بەتایبەت لەگەڵ ئەنەکەسە، دەبێت میدیای ئازاد لە ڕۆژئاڤا پێشبکەوێت، کۆمەڵگای مەدەنیی دەورێکی کاریگەرتر بگێڕێت.
هەرچەندە من گەشبینم بە داهاتوی ڕۆژئاڤا، بەڵام لە خراپترین سیناریۆدا، ڕۆژئاڤا لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا، چەک و ئیرادە و خیبرەی هێندە دەستکەوتوە، کە ئەگەر بۆ پاراستنی کۆبانێ تەنها بە چەند شەڕڤانێک چوار مانگ بەرخودانی کردبێت تا سەرکەوتن، ئەوا بۆ ڕۆژئاڤا دەتوانێت چوار دەیە بەرخودان بکات.
بە بڕوای من، داهاتوی ڕۆژئاڤای کوردستان لە سووریایەکی لامەرکەزییدا کە بەرەو دیموکراسیی هەنگاودەنێت، گەشاوەیە. من باسی لامەرکەزییەت دەکەم، گرنگ نییە حوکمی خۆبەڕێوەبەرییە یان فیدڕالیی، لە هەردو حالەتەکەدا، ڕۆژئاڤا خاوەنی پڕۆژەیەکە کە دەتوانێت لە هەر بارێکەدا لەگەڵ دۆخی نوێی سووریادا هەڵبکات و پێشبکەوێت.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر