۱۳۹۶/۱۲/۲۹

شەڕی عەفرین کۆتایی نەهاتووە/ ئارام برایم خاس


تەڤگەری کورد وەحشیگەری و بەربەرییەتی سوپای تورکی لە شەڕەکانی نێو شارەکانی باکور زۆر باش دیتبوو. سووتاندنی پێنج هەزار گوندی کورد لە نەوەدەکان و تەفر و توونا کردنی لانیکەم پێنج شاری کوردستان لە ساڵەکانی ۲۰۱۵ بۆ ۲۰۱‎٦ و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەبەرانبەر کۆمەڵکوژکرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی چەند میلیۆن کەس تەجروبەیەکی گەورە بوو کە نەهێڵێ ئەو کارەساتە مرۆییە لە عەفرین دووپات ببێتەوە.
ئەوەی لە کەیسی عەفریندا کەمێک هیوابەخش بوو و هەموومان پێمان وابوو بە بەرخوەدانی شەرڤانان دەکرێت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بێتە سەر خەت، دەگەڕایەوە بۆ پرسی یاسای نێونەتەوەیی، چون تورکیا وڵاتێکی هێرشکار بوو و سنووری وڵاتێکی‌تری بەزاندبوو و ئەگەر بەگوێرەی یاسا و میساقە نێودەوڵەتییەکان بێت، بەپێی بڕگەی حەوتی جارنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان، تورکیا وڵاتێکی داگیرکەرە لە عەفرین کە سنووری وڵاتێکی دیکەی بەزاندووە و بەو پێیەش دەبێ مادەکانی ۴۱ و ۴۲ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەسەر جێبەجێ بکرێت کە بریتین لە: گەمارۆی ئابووری و قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک و چۆل و لۆجێستیک بە وڵاتی داگیرکار و ئەگەر ئەو کردەوانە کاریگەر نەبوون، داخستنی رێگە ئاسمانی، زەمینی و دەریاییەکان بە رووی وڵاتی هێرشبەردا و لە قۆناغی کۆتاییشدا هێرشی سەربازی بۆ سەر وڵاتی هێرشبەر.
بەڵام دوای نزیک بە دوو مانگ شەڕێکی نابەرانبەر و مقاومەتێکی لەبن نەهاتوو و هەوڵدانێکی چڕی دیپلۆماتیک لە دەرەوەی وڵات، دەرکەوت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتانی ئەندام لەنێو یەکێتی ئەورووپا هیچ کامیان لەبەرانبەر گەلی کورددا حازر نین بەو بڕگە و مادە یاساییانە پابەند بن و لەراستیدا دەرکەوت ئەوەی ئێستا لە عەفرین روودەدات، درێژەی هەمان رێککەوتنی نێوان زلهێزەکان، ناتۆ و تورکیایە کە رێگەی دابوو تورکیا جرابلۆس، باب، مارع و عەزاز داگیر بکات.
بە روونبوونەوەی ئەو گەلەکۆمەیە لەسەر رۆژئاوا و تەجروبەی پێشووتری دڕندەیی سوپای تورکیا و ناتۆ لە رەوتی راپەڕینی بۆتان(۱۹۹۰.ز) و شەڕەکانی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی (۲۰۱۵ ـ ۱٦.ز) هەڵنەبژاردنی بژێرەی شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەنێو شاری عەفرین، باشترین بژێرەی ئارایی بوو. هەڵوێستێک کە تا ڕادەیەکیش لەسەروبەندی ساڵڤەگەری نەورۆزی خوێناوی سنە، بۆ ئێمەی رۆژهەڵاتی زیندووکەرەوەی شەڕەکانی ۲۴ رۆژە و ۳ مانگەی رۆژهەڵاتە و لەهەمان کاتدا لەسەر ئەساسی بەرپرسیارەتی هێزە شۆڕشگێڕەکانی ئەو کات شەڕیان لە شارەکان دوور خستەوە.
ئەوەی روون و زەلالە، ئەوەیە کە سوپای تورک و پرۆکسییەکانی خۆیان بۆ دووبارەکردنەوەی سوور، جزیر، نسێبین، شڕنەخ، لیجە، سیلڤان و هتد … ئامادە کردبوو بەڵام هەر وەک یەپەگە وتبووی: شتێک دەکەین کە کەس چاوەڕوانی نەکردبێت.
ئێستا ئەوان بەپێچەوانەی چاوەڕوانی و بەندەواریی هەموومان وازیان لە بە کۆبانێ‌کردنی عەفرین هێنا، چون لە هەموو حیساباتە سەربازییەکەدا ساڵی ۲۰۱۴.ز ئەوە هێزی شەرڤانان بوو کە پشتیوانی هەوایی کوالیسیۆنی نێودەوڵەتی دژی داعشی هەبوو بەڵام لەنێو عەفرین شتەکە تەواو بەپێچەوانە دەبوویەوە.
بۆ ئەوەی بزانین سورپرایزەکانی یەپەگە بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەنێو عەفرین چۆن دەبێت و لە چ فۆڕمێکی شەڕدا خۆ دەردەخات، دەبێت کەمێک چاوەڕوان بکەین هەر چەند کە یەکەم چالاکی گەریلایی لە گوندی عەلەمداری گرێدراوی ناوچەی بلبلێ لە عەفرین، لە حاڵێکدا چەتەکانی ئەلقاعیدە و عەسکەرەکانی سوپای داگیرکەری تورک لەنێو شار خەریکی تێکشکاندنی پەیکەرەی کاوەی ئاسنگەر بوون، بەڵێندەری ئەوەیە کە شەڕ لە عەفرین پێی ناوەتە قۆناغێکی تازەترەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر