۱۳۹۶/۱۲/۱۳

لە پەرواێزی تێچنێکی مەریوان قانع لە فەیسبووکدا/ سیاوەش گۆدەرزی


مەریوان قانع لە تێچنێکدا لە ژێر ناوی “ئازادکردنی ساڵح موسلیم و سیستمی داوەریی وڵاتە ئەوروپییەکان” ڕەخنە لە تووڕەیی بیروڕای کوردی بەرانبەر بە گیرانی ساڵح موسلیم دەگرێ. بەو پەڕی خوشباوەڕییەوە پێیوایە کە کێشە کەمجیقلدانی کوردە نەک سیستەمی دادی ئەوروپا. یانێ ئەگەر باوەڕمان بە عەدالەت و سیستەمی دادی ئەوروپا هەبوا ئەوە حەوجێ بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، تووڕەیی و هەڵچوون نەدەکرد و دوای چەند ڕۆژ لە ژێر سێبەری ماف و دادپەروەری چێکدا ئاخرەکەی ساڵح موسلیم هەر ئازاد دەکرا.
مەریوان قانع لە سەرەتای تێچنەکەیدا دەنووسێ: “یەک لەشکر لە خوێندەوار و ڕۆشنبیر و سیاسیی و ڕۆژنامەنووس و چاوێری ھەمەجۆر، کەوتنە قسەوتنێکی بەردەوام بە ئەوروپا، بە سیستمە سیاسیی و داوەرییەکەی و بە حکومەتەکانیشی. ھەندێکیان تا ئەو شوێنە ڕۆیشتن کە بڵێن زۆرێک لە وڵاتەکانی ئەورپا ئەڵقەلەگوێی ئەردۆگانن.”
لێرەدا حەوجێیە چەند تشتێک وەبیربێنمەوە: یەکەم، کاک مەریوان بۆ لە پاشخانی دژکردەوەی گۆیا ئەم “لەشکەر”ە تێنافکرێ؟ مەگەر ئێمە کەم کەیسی تیرۆر و ڕادەستکردنمان هەیە کە ئەوروپا هەمان سیستەمی دادی خۆی نەکردبێتە قوربانی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی؟ سیستەمی دادی ئەوروپا و نەمسا لە بەرانبەر کەیسی تیرۆری دوکتۆر قاسلموو، نەدانی مافی پەنابەری سیاسی بە ڕێزدار ئۆجالان لە ئیتالیا و لە یۆنان کە سەرەنجام بوو بە هۆی ڕادەستکردنەوەی بە تورکیا، کەیسی تیرۆری سەکینە جانسز لە فەرانسا و ڕادەستکردنەوەی دەیان کادێری پەکەکە لە هەشتاکاندا لە ئاڵمانیا بە حکوومەتی توکیا تەنیا چەند نموونەیەکن لە “سیستەمی دادپەروەری ئەوروپا”.
دووەم، لە دوای گرتنی ساڵح موسیلم ئەوە تەنیا بەقەول لەشکری نەزان و نەخوێندەواری کورد نەبوون کە هەڵوێستی توند دژبە ئەوروپا دەرببڕن بەڵکوو ئەروپییەکان بۆ خۆیان لە چەپ، لیبرال وفیمینیستەوە بگرە هەتا ئەکتیڤیستەکان بە ڕەقترین وشە سیستەمی دادی خۆیان ڕەخنە باران کرد، تەنانەت ترسی زۆریان هەبوو کە چێک ساڵح موسیلم تەسلیم بە تورکیا بکا. لێرەدا سەرەنجی مەریوان قانع تەنیا بۆ دوو دەربڕین لە سوید ڕادەکێشم:
یوناس خوێستێد، سەرۆکی پارتی چەپی سویدی:
”ساڵح موسلیم، سیمای ناسراوی پەیەدە لە پراگ گیراوە. ئەو وڵاتانەی ئەندام لە یەکیەتی ئەوروپا [ڕووڕەش] بن کە مل بۆ داخوازی تورکیا ڕادەکێش لە باتی ئەوە پشتگیری ئەو کوردانە بکەن کە داعشیان تێکشکان.” بودیل ڤالێرۆ، پەرلەمانتەری ئەوروپا لە پارتی ژینگەی سوید: “مەترسی تەسلیمکردنەوەی ساڵح موسلیم هەیە لەو ڕوانگەوە کە دیمۆکراسی لە ئەوروپا زۆر خەراپ لاوازە، هیچ تشتێک نامومکین نییە. ” ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەوروپییەکان بۆ خۆیان سیستەمی نادادپەروەری خۆیان باش دەناسن یان مەریوان قانع؟
دواتر مەریوان دەنووسێ: “ئێستا کە داوەرێکی چیکیی ساڵح موسلیمی ئازادکرد، ئەم لەشکرە لە خوێندەواری لای ئێمە چۆن پینەی بۆچوون و شیکردنەوە و ڕاکانیان دەکەن.”
بە پێی لێکدانەوەی مەریوان و باوەڕی بتەوی ئەو بە سیستەمی دادی چكی بێ، حەوجێ بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان نەبوو، دەبوو کورد دەست لە سەر دەست دابنیشتبا و بە تەمای بەرەکەتی دادوەرێکی چێکی بێ و ساڵح موسلیم ئازاد بکا. لێرەش ئاماژەکردن بە چەند خاڵ پێویستە.
یەکەم، ئەو شێوازی کەلەپچەکردنە و بردنی موسلیم بە هۆی پۆلیسی دەمامکدار و سەروچاو داپۆشراوی چێک لە پێشدا ئەو پەڕی نادادپەروەری دادی چێکی دەگەیەنێ. ئەوە هەمان مامەڵەکردنێکە لە بەرانبەر ئەو جۆرە تیرۆریستانە کە ساڵح موسلیم لە دژیان خەباتی کردووە. دووەم ئێمە بە تەما بووین ئەگەر سیستەمێکی داد لە چێکدا هەبوایە داوای لێبووردنی لە موسلیم بکردایە نەک ئەوە مەریوان ئاوێکی پاک بەدەستیاندا بکا و ئەمەیان وەک بەرەقەڵایی بۆ بحەسبێنێ. سێهەم بێجگە لەمانە مەریوان هاتووەو دژ بەو کەسانەی دژ بە دادی نادادی ئەوروپی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، داوای ڕوونکردنەوەیان لێ دەکا یان بە زمانێکیتر دەڵێ پینەوەپەڕۆکردنی ناوێ داوای لێبووردن لە دادی چێک بکەن!.
دواتر مەریوان خۆی زۆر عەزییەت دەدا و دەنووسێ: “منیش وەک ھەموو ئازایدخوازێکی تری ئەم جیھانە گرتنی ساڵح موسلیمم پێناخۆش و کارێکی تەواو ناڕەوابوو، بەڵام باوەڕم بە دادگاکانی ئەوروپا و بە پیادەکردنێکی تایبەتی مافەکانی مرۆڤ و بە ھێزی ئەو بەشە لە کۆمەڵگا ئەوروپییەکان لەدەستنەدا کە دەتوانن ڕێزی مێژو و یاساکانی خۆیان بگرن.”
زۆر سەیرە کاک مەریوان وەک ئازادیخوازێک نەک وەک ئازادیخوازێکی کورد کە دەرد و ئازارەکانی کورد بە ڕەگ و پێستەوە هەست پێدەکا لە گرتنی ساڵح موسلیدا یەک وشەی نەگوتووە یان نەنووسیووە. لانیکەم لە فەیسبووکەکەی بێدەنگ بووە. بەڵام هەر کە موسلیم ئازاد دەبێ لە باتی ئەوە سەرکۆنەی بێدەنگی و بێ هەڵوێستی خۆی بکا هاتووە ڕەخنە لە ڕەخنەگرانی گرتنی ساڵح موسلیم دەگرێ.
لە سەر ئەو سۆزەش مەریوان بۆ ئەوروپا و مافەکانی مرۆڤ و دیمۆکراسی و بە تایبەت دادی ئەوروپا هەیەتی پێویستە بڵێم لەوەتی ڕۆژئاوا بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی وەک لانکە و ڕووگەی ئازادی و دیمۆکراسی و دادەپەروەری ناسراوە لە لۆژیکی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان لای نەداوەو هیچ کاتێک تاقە دولارێکی نەکردۆتە قوربانی دیمۆکراسی لە دەرەوەی سنوورە نەتەوەییەکانی خۆیدا. ڕۆژئاوا و ئەوروپا هەمیشە دوو ڕوویان هەیە: ڕووی ناوەوەی بە ئازادی، دیمۆکراسی، دادەپەروەری و چاکبژی ڕازاوەتەوە. ڕووی دەرەوەی، دیپڵۆماسی هەتا بڵێی پیس و قڕێژە و بە مامەڵەی نەوتی هەرزان، فرۆشتنی چەک و بگرە چەکی کیمیایی، و سات و سەودا لەگەڵ فاشیزم و دیکتاتۆریدا و تاڵانچییەتی ڕەش داگەڕاوە. کەیسی ساڵح موسلیمیش لە سەر مێزی دیپلۆماسی و ئەنتەرپۆلی ئەوروپا بوو نەک دەزگای گۆیا دادی سەربەخۆ. ئەمەش ڕاستییەکە هیچ کامە ڕووناکبیری ئەوروپی بۆخۆیان حاشای لێناکەن.
دواتر ئەوەی بە لای منەوە لە ئەوروپا جوانە ڕەخنەی بێسنوور و خۆپیشاندانە. بەشداری ڕووناکبیران لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندانە نەک خۆ شاردنەوە لە کاری بەکردەوە لە پشتەوەی کتێب و تایتڵی ڕووناکبیری. ئەوەی لە ئەوروپا جوانە هەڵوێستی توندو قایمی ڕەخنەگرانە نەک سیستەمی داد کە بۆخۆی بەشێکە لە کۆی سیستەمی دەوڵەتی و پارێزەری بەرژەوەندی دەوڵەت.
ماوە ئەوە بڵێم بەکارهێنانی دەستەواژەی لەشکەر لەخۆیدا جۆرێک ژێستی ڕووناکبیرانە و خۆبەزلزانینە کە زۆر جار لە بواری دیکەشدا بۆ گاڵتەکردن گۆیا بە عەوام و نەخوێندەواری کورد بەکاربردراوە. یانێ ئەم کە بۆ خۆی دەنووسێ، کاری تەنیا فکری و نووسینە و ئەوانەش کە ناڕازین و بە کردەوەو بە نووسین توڕەیی خۆیان دەردەبڕن، یان دەچنە خۆپیشاندان لەشکری عەوام و ڕەشۆکین. کە لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی ڕاستە. هەمان لەشکەر دەچن بۆ خۆپیشاندان، لە حەڤدەی شوباتدا دەکوژرێن یان لە شەقامەکانی ئەوروپادا سەگیان تێبەردەدرێ و دەکەونە بن سمی ئەسپی پۆلیسەکانی پارێزەری سیستەمی دادی ئەوروپا و کاک مەریوان و مەریوانەکانیش پارەی ستوونوسینەکانیان لە ئاوێنە و باس وەردەگرن و بە قەول گۆیا ئەوان ڕووناکبیرن.
کەوابوو ئەم لێکدانەوەی کاک مەریوان بێجگە لە خوێندنەوەیەکی ئۆریانتالیستی و جۆرێک لیبرالیزمی خۆشباوەڕی ڕووناکبیریی کورد بۆ من هیچ بایەخێکی دیکەی نییە.
تێبینی: نازانم مەبەستی کاک مەریوان لە “سیستمی داوەری” چییە؟ دیارە ئەم دەستەواژەشە بە هەڵە بەکار نەهاتووە چونکە لە شوێنی دیکە وشەی “داوەر”ی بەکارهێناوە. ئەگەر ئەمەی لە زمانی فارسی وەرگرتبێ ئەوە مانای دادوەری و دادوەر نادا و ئەم وشانە لە کێبەرکێی وەرزشیدا بەکار دەبرێن.

ئازادکردنی ساڵح موسلیم و سیستمی داوەریی وڵاتە ئەوروپییەکان
لە ساتەوەختی دەستبەسەرکردنی ساڵح موسلیمەوە تا ئازادکردنەکەی یەک لەشکر لە خوێندەوار و ڕۆشنبیر و سیاسیی و ڕۆژنامەنووس و چاوێری ھەمەجۆر، کەوتنە قسەوتنێکی بەردەوام بە ئەوروپا، بە سیستمە سیاسیی و داوەرییەکەی و بە حکومەتەکانیشی. ھەندێکیان تا ئەو شوێنە ڕۆیشتن کە بڵێن زۆرێک لە وڵاتەکانی ئەورپا ئەڵقەلەگوێی ئەردۆگانن. ھەندێکی دیکە ھەموو گوتاری مافەکانی مرۆڤ و مافە تاکەکەسیەکانیان بە درۆیەکی گەورە ناوبرد. ھەندێکی دیکە فشەیان بە سیستمی داوەریی ئەم وڵاتانە دەھات و لەسەر مۆدێلی داوەرەکانی لای خۆمان داوەرانی ئەم وڵاتەیان وەک فەرمانبەرێکی گوێڕایەڵی حیزب و حکومەت دەبینیی. ئێستا کە داوەرێکی چیکیی ساڵح موسلیمی ئازادکرد، ئەم لەشکرە لە خوێندەواری لای ئێمە چۆن پینەی بۆچوون و شیکردنەوە و ڕاکانیان دەکەن.
یەکێک لە نەخۆشییە فیکریی و سیاسیی و ئەخلاقییە گەورەکانی ناو دونیای ئێمە بریتییە لە گشتگیرییکردن. گشتگیرییەک ھەموو جیھان لەناو یەک دۆخی سایکۆلۆژیی و یەک حوکمی سەرپێیی و یەک ڕقیی گەورەدا کۆدەکاتەوە. توانای بینینی بەش و ڕەھەندە جیاواز و ناکۆکەکانی ناو کۆمەڵگا ئەوروپییەکان و ھیچ کۆمەڵگایەکی تریشی، نییە. لە دوو دێڕدا مێژووی چەندان سەدەی بەرگریکردن لە مافە تاکەکەسیی و مەدەنییەکانی مرۆڤ دەسڕێتەوە و بە سفری یەکساندەکات. بێگومان منیش وەک ھەموو ئازایدخوازێکی تری ئەم جیھانە گرتنی ساڵح موسلیمم پێناخۆش و کارێکی تەواو ناڕەوابوو، بەڵام باوەڕم بە دادگاکانی ئەوروپا و بە پیادەکردنێکی تایبەتی مافەکانی مرۆڤ و بە ھێزی ئەو بەشە لە کۆمەڵگا ئەوروپییەکان لەدەستنەدا کە دەتوانن ڕێزی مێژو و یاساکانی خۆیان بگرن. ئەوروپا بە ھەموو نووقسانیی و ناشیرینییەکانییەوە ھێشتاکو ئەو بەشەی دونیایە کە تیایدا مرۆڤ خاوەنی کۆمەڵێک مافی گرنگە و ئەو مافانە دەتوانن مرۆڤ لەزۆر مەترسیی بیپارێزێن.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر