۱۳۹۶/۱۰/۲۴

ئێران لە نێوان یاخیبون و دیکتاتۆرییدا – بەشی دوو – د. نیاز نەجمەدین


(2) رژێمی پاشایەتیی لەنێو ململانێکانی رۆژئاوادا
زەحمەتە وڵاتێکی رۆژهەڵات بدۆزیتەوە دەستی دەرەکیی و ململانێی وڵاتە زلهێزەکان توشی ئاژاوەی نەکردبێت و بەرەو چەقبەستن و قەیرانی نەبردبێت. وەک وڵاتێکی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی سروشتیی (لە 1908 نەوت لە خوزستان دۆزرایەوە)، بە هاوسنورییەكي دورودرێژەوە لەگەڵ یەکێتیی سۆڤێتی جاران، ئێرانیش کەوتە ناو ئاژاوەوە.
لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، رەزا شا غەزەب گرتی و وەک پرۆ-نازیی ئەڵمانیی خۆی دەرخست. لە ترسی پاڵپشتی بۆ ئەڵمانیا، بەریتانیا و روسیا لە 1941 هاتنە ئێرانەوە، تاجی پاشایەتییان لە رەزا خان وەرگرتەوە، خۆیان راونا بۆ ئەفریقا. لە نەبونی پیاوێک دەوڵەت بگرێتەدەست و دۆستانە لەگەڵ بەریتانیا و روسیا مامەڵە بکات، محەمەدی کوڕە گەورە تەمەن 22 ساڵەکەی رەزا شایان خستە جێگەی و تاجەکەی باوکیان کردە سەری و ئەويش سوك سوك قبوڵی كرد. بۆ بەدبەختیی خانەوادەی شا، ئەمریکا نەچوە پاڵ ئێران لە دژی بەریتانیا، بەڵکو چوە پاڵ بەریتانیا و روسیا لە دژی ئەڵمان و یابان. لە 1942ەوە، ئەمریکا داخڵ بە ئێران بو. ئەگەرچی بە فەرمیی لەگەڵ بەریتانیا دوای 1946 و دواتریش روسیا بە راستەوخۆ پاشەکشەیان کرد، بەڵام هەرگیز ئێرانیان جێنەهێشت.
دیمەنی شانۆی سیاسیی هێشتا رۆڵی بە خومەینیی نەبەخشی بو. سەردەمی یەک-حزبیی کۆتایی هاتبو، حزبی تودە دامەزرابو. لێرە و لەوێش گروپی ئیسلامیی توندڕەو پەیدابوبون و ئاژاوەی سیاسییان دروستدەکرد. سەرباری هەندێک بواری بەرهەمهێنان، میدیا گەشەی کردبو. نزیکەی 47 رۆژنامە هەبو لە 1943، گەیشتە 700 لە 1951دا. قازانجی ئێران لە نەوت زیادی کرد. لە دیوێکی تردا، برسێتیی، نەخۆشیی، بێکاریی، و نادادپەوەرییەکانی کۆمپانیای نەوتی ئەنگلۆ-فارسیی لە پشکی نەوتدا برەوی بە رەوتی ئەنتی-رۆژئاوایی دابو، وایکرد مەیلی ناسیۆنالیستیی لە ئێراندا بەهێزببێت. موسەدەق نوێنەرێکی بەهێزی ئەو رەوتە بوو، کرا بە سەرۆکی حکومەت. لە ژێر کاریگەریی ئەودا، کە هەندێجار مەترسیی بۆ دەستەڵاتی پاشاش دروست دەکرد، مەجلیس (پەرلەمان) و بەرەی نیشتمانیی (National front) لە 1951ا بڕیاریدا نەوت حۆماڵییی بکرێت. پێدەچێت مارکسییەکانی ئێران، سەرباری سەرکوتکردن و پەلاماردانیان، هەمیشە پاشکۆ بوبن. حزبی تودە پاڵپشتیی پرۆژەکەی موسەدەقی کرد بەو ناوەوە دژی ئیمپریالیزمە.
تەمەنی موسەدەق زۆری نەخایاند. بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی یەکسەر گەمارۆی هەناردەی نەوتیان خستە سەر ئێران و توشی قەرزارییان کرد. لە 1953 لە ئۆپەراسیۆنی ئەجاکسدا، موسەدەقیان دەستبەسەرکرد. وردە وردە، سەنگەرگرتن لە ئێراندا رونتر دەرکەوت. قەیرانەکان قوڵتربونەوە. محەمەد رەزا شا و دەستوپێوەندەکەی هاوپەیمانی رۆژئاوا بون و پالپشتی زیاتر کران. شا لە “شۆڕشی سپیی”دا لە 1963 پاکیجی چاکسازیی خۆی راگەیاند، کە زەویوزار و مافی ژن و نەهێشتنی نەخوێنەواریی گرتبوە خۆی. بەڵام قەیرانەکانی پێ چارەنەدەکرا.
دوای لابردنی رەزا شا و دوای کۆدەتا، رژێمی سیاسیی زیاتر داخرا. هێزی ئەمنیی (کە لە 1957دا ناونرا ساڤاک)، بەربونە گیانی ئەندامانی حزبی تودە و ئازاديخوازانی تر، بە هاوکاریی CIA و موساد. بەرەی نیشتمانییەکەی موسەدەق هەڵوەشایەوە. مەجلیس کۆنتڕۆڵ کرا. مەجلیس و شا حزبیان بۆ خۆیان دروست دەکرد (حزبی میللیی و حزبی خەڵک) کە بە حزبی (بەڵێ) و حزبی (بەڵی قوربان) ناسراوبون.
ئێستا نزیکبوینەتەوە لە دۆخی پێش شۆڕشی 1979. لە روی دیموگرافییەوە، دانیشتوان لە 1968 گەیشتە 27.3 میلیۆن. لە 1976 گەیشتە 33.7 میلیۆن. لە 1970دا، نیوەی دانیشتوان کەمتر بون لە 16 ساڵ و دو لەسەر سێی دانیشتوان کەمتر بو لە 30 ساڵ، کە بون بە هەوێنی شۆڕش لە 1979دا. لە روی ئابورییەوە، لە 1954 بۆ 1969، ئابوریی بە 8% گەشەی کرد. لە هەفتاکاندا بەرزبونەوەی نرخی نەوت گەشەی ئابوریی خێراتر کرد. ژمارەی قوتابیی سەرەتایی لە 1.6 میلیۆن لە 1953 گەیشتە 4 میلیۆن لە 1977. نەخۆشخانە و ژمارەی قەڕوێڵەی نەخۆش زیادیان کرد. پیشەسازیی بوژایەوە و دەرفەتی کاری نوێی دروست دەکرد. ئەگەرچی میوەکانی ئەم گەشەیە نایەکسانانە دابەشدەکرا و گوندەکانیش بێبەش بون، بەڵام چینی ناوەراست لە گەشەدا بو: پارێزەران.. ئەندازیاران..مامۆستایان..هتد.
بەڵام گەندەڵیی بەرببوە لاشەی حکومەتەکەی و دایدەڕزاند. بیناکان بە کوالتییەکی خراپەوە بەرزدەبونەوە، هێشتا نەیاندەتوانیی نایەکسانییەکان بشارنەوە. کەمینەیەک سەرسوڕهێنەرانە دەوڵەمەند بوبون و زۆرینەش گیرفانبەتاڵ، نەیاری سەرسەختی بەرامبەر حکومەت و رۆژئاوا بەرهەمدەهێنا. کێشەی پارە ئەوەیە کە خستنەڕوی زۆر بێت توشی هەڵئاوسان دەبێت و کەم بێت بێبازاریی و بێکاریی دروستدەکات. خەرجیی زەبەلاح پارەی توشی هەڵئاوسان کرد. شا ئەهلی بازاڕیی تۆمەتباردەکرد بەوەی کاڵادەشارنەوە. هەشت هەزاری لێگرتن و هەزارانی تری سزادا. دواتر حکومەت لە 1977 سیاسەتی دژە-هەَڵئاوسانی پەیڕەوکرد، پارەی لە بازاڕ کشاندەوەو بێئیشیی خستەوە.
لە دوای ئۆپەراسیۆنی ئەجاکس، ئەمریکا وەک پارێزەری رژێمی پەهلەوی شا ناسرا، ئەمەش سەرەتایەک بو ئێرانییەکان زياتر رقیان لێهەڵبگرن. لە شەستەکاندا، بە بڕیاری مەجلیس، بڕی 200 ملیۆن دۆلار لە ئەمریکا قەرزکرا بۆ کەرەستەی سەربازیی. بازاڕ غەرقی کاڵای ئەمریکیی بوبو. بە هەزاران ئەمریکیی لە ئێراندا دەژیان یان سەردانیان دەکرد. لە 1979دا 50 هەزار ئەمریکیی لەوێ دەژیان. تەنیا لە ئەسفەهان، نزیکەی 10 هەزار ئەمریکیی لە پیشەسازیی بەرگرییدا دامەزرابون. ئەمریکییەکان “ئەمریکایەکیان” بۆ خۆیان لە ئێراندا دروستکردبو، کە ئێرانییەکان نەیاندەتوانی تێکەڵیان ببن بەبێ ملکەچبونی یاساکانیان. ئەوان، وەک بەریتانییەکان، بازاڕی تایبەتی خۆیان هەبو بۆ شۆپینگکردن. قوتابخانەی ئەمریکیی تەنیا هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەمریکیی وەردەگرت. نەخۆشخانەیەکی ئەمریکیی كرابوەوە، تەنیا هاوڵاتیانی ئەمریکیی چارەسەردەکرد. جارێک منداڵێک لە شەقامی دەرەوەی نەخۆشخانەکە دەبێت بە ژێر ئوتومبێلێکەوە. باوکی بە پەلە دەیباتە نەخۆشخانە ئەمریکییەکە، بەڵام ئیزنی دەدەن و پێی دەڵێن تەنیا ئەمریکیی چارەسەردەکەن. ئەم هەواڵانە لە میدیاوە بڵاودەبونەوە و بەرەی ئەنتی-رۆژئاوایی، بەتايبەت ئەمريكیی، بەهێزدەکرد.
هەمو ئەمانە زەمینەی شۆڕشیان سازان، شۆڕشێک کە هەرگیز لەسەرەتادا ئیسلامیی نەبو، بەڵکو ناسیۆنالیست و چەپەکانیش بە گەرمیی بەشدارییان تێداکرد، بەڵام لە هەندێک ئاستدا بۆچونەکانی عەلی شەریعەتیی و کاریزمای ئایەتوڵا خومەینیی و ئیسلامیی توندڕەو توانیان بە گوتارێکی بەهێزتر گوێی زۆرینەی ئێرانییەکان کپبکەن و رژێمی ئیسلامیی بسەپێنن.
…………………
– Michael Axworthy, Empire of the Mind: A History of Iran, 2008.
– Roger Howard, Iran Oil: the new Middle East challenge to America, I. B. Tauris, 2007.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر