۱۳۹۶/۱۰/۱۳

گۆڕانی دینامیزمی بزووتنەوەی دژە حکومەتی – سالار پاشایی


جەماوەری وەزاڵە هاتوو بە رزگاریی یەکجاری ناگەن، مەگەر ئەوەی بنەڕەتی ستەمگەریی هەڵتەکێنن، سیاسەت ناتوانێ سیاسەتی رزگاریبەخش بێت، مەگەر ئەوەی بنەڕەتی سوڵتەی ئایین و حکومەتی ئایینی لە خشتە ببات. ئەمانە ناوەرۆکی هەندێ لە ئایدیا گرینگەکانی عەقڵ و تیۆرییە رەخنەگرەکانی سەدەی نۆزدەهەم بوون لە سەر بزاوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە هەمبەر رزگاریی و گۆڕانکاریی رادیکال. واتە رزگاریی بە قووڵی گرێی خواردووە بە ریشەی ئەو دیاردانەی کە لە جیهانی سیاسەت و کۆمەڵگادا، لە لایەن هەموو فۆرمەکانی سوڵتەی هێمایین و راستەقینەوە دووبارە خۆیان بەرهەم دەهێننەوە. گێنیالۆژی یان ره‌چه‌ڵه‌كناسی هەموو نەریتەکانی بزاوتە بەرەنگارییخوازەکانیش لە سەرەتای مێژووی کۆنەوە هەتا ئێستا، ئەم ماف و شەرعییەتە بە خەڵک دەدەن کە بڕیاردەر و ئەکتەری سەرەکی پانتای ئەم بەرەوڕوو بوونەوەو بڕیاردانه‌ نیهاییه‌ بن.
تایبەتمەندییە فرەچەشنەکانی بزووتنەوەی نوێی دژە حکومەتی ئەخیر لە شارەکانی ئێران و هەندێ لە شارەکانی کوردستان، ئاماژە بۆ فەسڵێکی نوێ لە سەرهەڵدانی رادیکاڵی جەماوەریی دەکەن کە پێش هەمووشتێک، سەرەنجام پاش نزیک چوار دەیە لە سوڵتەی حکومەتی ئیسلامی سیاسی شیعەتەوەر لە ئێران، خەریکە بەشێنەیی گوتاریی رێفۆرمخوازیی نەزۆکی دەوڵەتی لە گۆڕ دەنێت و پاتنای بەرتەسکی سیاسەتی نوخبەگەرای چینی مامناوەند بەرەو چینی فراوان و زۆرینەی خوارەوی کۆمەڵگە، واتە لەشکری هەژاران و ستەمدیتوان و چەوساوەکانی کۆمەڵگا بەرینتر دەکاتەوە. بەستێنی ئەم تەقینەوە جەماوەرییە لە ناوەرۆکی بەشێکی زۆر لە دروشمەکانی جەماوەری راپەڕیو، دەرخەری پێگەی چینایەتی زۆرینەی ئەکتەرانی ئەم بزاوتەیە کە لە ئەنجامی سیاسەتی رانتخۆر و مافیای نەوتیی زاڵ هاتۆتە ئاراوە. دیارە جوگرافیای ئاخێزە جەماوەرییەکەش جیا لە چەند شاری دیاریکراوی گەورەی ئێران، کە لەم چواردەیە ناوەندی چڕ بوونەوەی زۆرینەی سەرمایەو ئابووری ئێرانە، زۆربەی شارە پچووکە پەڕاوێز خراوەکانیشی گرتۆتەوە. واتە بەرفراوان بوونەوە یان سەراسەریی بوونەوەی ئەم ئاخێزە جەماوەرییە، چەشنێک راپەڕێنی پەڕواێزخراوانی کۆمەڵگا بە دژی ناوەندی مۆنۆپوڵ کردنی دەسەڵات و سەرمایەو هاوکات تێپەڕاندنی سنوورەکانی سیاسەتوەرزیی نوخبەگەرای مشەخۆرە کە لە بیست ساڵی ڕابوردوو، واتە لە سەردەمی سەرهەڵدانی ریفۆرمخوازیی دەوڵەتی و پاشان بزووتنەوەی سەوز، هەتا ئێستە ببو بە گوتاری زاڵ لە بەرەنگارییە کۆمەڵایەتییەکان. چی دیکە پاشماوەی دروشمەکانی سەردەمی سەوزەکان، رەمەقی خۆدەرخستنیان نەماوەو بەرەو کووژانەوەو فەرامۆشی دەرۆن.
ناوەندی سەرەکی دەسەڵات لە ئێران، واتە خامنەیی و خەرمانەی دەوری دەسەڵاتەکەی کە بەردەوام پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی بە حەساب لە نێو موستەزعەفینی کۆمەڵگا یان هەمان چینی خوارەوە دەبینێتەوە، خۆی مات کردووەو هەوڵ دەدات لە رێگەی میدیاکانیەوە بڵێت ئەوە تەنیا حەرەکەتێکی ئابووری تەوەرە کە لەبەر هۆکاری گرانی، بێکاریی، گەندەڵی و هەڵاواردن لە دژی دەوڵەتی رۆحانی هاتۆتە ئاراوە. کەواتە بە پێی لۆژیکی ئەوان، درۆشمە سیاسییەکانی جەماوەر بۆ رووخانی حکومەت و دژ بە شەخسی خامنەیی، هاندەری دەرەکی هەیە و گوایە دەستی پیلاگێرانەو بێگانە، هانی ئاژاوەگێران دەدەن. ئەمەش رێک ئەو ترسەیە کە خامنەیی و سپا لە پەرەسەندنی ئاخێزە جەماوەرییەکەو ئەگەری هەستانی یەکجارەکی لافاوی رووخانخوازی خەڵک هەیانە. ئەوان تەنیا بە شێواندنی راستییە سیاسییەکانی هەناوی ئەم ئاخێزەی خەڵک، بە تەمای کەڵک وەرگرتن لێی وەک کەرەسەیەک یان حەربەیەک لە دژی هەر ئاستێک لە پێگەی کۆمەڵایەتی دەوڵەتەکەی رووحانیە کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا خۆی پیشان داوە. دیارە ئینکاری واقعییەتی رادیکاڵ بوونەوەوەی ئاخێزەکە دژ بە ناوەندی ویلایەتی فەقیه ناتوانێت بە ئاسانی ببێتە لەمپەری بەرەو پێش چوون و پەرەسەندنی زیاتری ئەم هەستانە جەماوەرییەی خەڵک. ئاخێزی خەڵک چووەتە قۆناغێک کە بۆ خامنەیی و سپا وەک رابوردوو تەنیا بژاردەی سەرکوتی سیستێماتیک و خوێناوی، دەتوانێت دوایین کەرەستەی بەرەوروو بوونەوەیان بێت. رۆحانیش بەشێک لەم دروشمە رادیکاڵە سیاسییانەی جەماوەر دەبەستێتەوە بە هاندەری دەرەکی و گویا تۆڵەی دوژمنانە لە زنجیرەی سەرکەوتنەکانی دەوڵەتەکەی و ئەمەش پیشانی ئەدات لەم بوارەدا ئوسولگەرایان و ئیعتیدالگەرایان هاوهەڵوێستن. بێگومان گوتاری ئیعتیدالگەرایان و ریفۆرمخوازانی لایەنگری هێندەی تر کەوتوونەتە پارادۆکسی قەیرانێکی قووڵتر کە لە باڵ یەک دەرهێنانی خواستی ئابووری و گەندەڵی نێو سیستم لە داواکارییە سیاسییەکانی جەماوەر بۆیان کارێکی ئەستەمە. ئەم دۆشدامانە بە تایبەت لە نێو ریفۆرمخوازانی دوێکە و ئیعتەدالگەرایانی ئەمرۆ لە کوردستان زۆر زەقترو بەرچاوترە.
بەشداریی و پەیوەست بوونی هەندێ لە شارەکانی کوردستان بەم ئاخێزە سەراسەرییە، خاڵێکی گرینگی سیاسییە کە سەرەڕای هەبوونی مەترسی سەرکوتی خوێناوی و هەستیاریی کوردستان بۆ دەسەڵات و شەپۆلی دەستبەسەر کردنە فراوانەکەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە دوای بەرێوەچوونی رێفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان لە لایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانەوە، خەساری بەرچاوی داوە لە بەشێک لە ڕێکخەرانی ئەکتیفی ئەم چەشنە ئاخێزانە لە کوردستان. قەرەبوو کردنەوەی ئەم بۆشاییە، پێویستی بە رێکخستنی سەرلەنوێی ئاخێزی جەماوەریی ناوخۆیی لە هەموو شارەکانی کوردستان لە لایەن باقی چالاکانی خاوەن ئەزموون و پالپشتی کردەکی چالاکانی سیاسی دەرەوە و حیزبە سیاسییەکان هەیە. بەداخەوە هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات، دروست لە هەستیارترین دەورەی مێژوویی بزاوتی بەرەنگاریی لە ئێران و کوردستان، لە نایەکگرتووترین و پڕشوبڵاوترین حاڵەتی خۆیاندان، ئەمەش دەرەنجامی دژایەتی بێ مەنتیقی یەکتری و نەبوونی بڕوا بە سەرکردایەتی یەکتر و هەنێ فاکتەری دیکەیە کە دواهاتەکەی، قەیرانی پڕخەساری نەبوونی مەرجەعییەتی سیاسی یەکگرتووی نەتەوییە لە کوردستانی رۆژهەڵات. کەواتە ئەم دۆخە گرفتێکی گەورەیە کە گەر چارەسەر نەکرێت، مەترسی سەرهەڵدانی خەساری گەورەتر و کوژانەوەی ئەستێرەی بەختی داهاتووی سیاسییان دەتوانێت بهێنێتە ئاراوە. ئاشکرایە کە هەموو بزووتنەوەی کوردستان تووشی خەسار دەبێت لە وەها هەلومەرجێکی سیاسیدا.
پشتیوانی دەرەکی لەم ئاخێزەی خەڵک، بە شێنەیی و بە مەرجی بەردەوام بوونی بزووتنەوەکە و رژانی هەرچی زیاتری ترسی جەماوەر لە سەرکوت و هەڕەشەو هه‌روه‌ها ئامادەیی بەردەوامیان، دەتوانێت زیاتر لە ئێستە خۆی بسەپێنێت. تەنانەت وڵاتانی ئوروپایی کە هەمێشە لایەنگری سازان و سات و سەودای ئابووری لەگەڵ حکومەتێ کۆماری ئیسلامین، خەریکە وردە وردە دێنە دەنگ و پشتیوانی لە خواستەکانی خەڵکی راپەڕیو دەکەن. هەر چەشنە پشتیوانییەکی راشکاوانەو بەرچاوی دەوڵەتانی بەهێزی رۆژئاواو رەنگدانەوەی لە میدیا کاریگەرەکانیان، دەسکەوتێکی گەوەرەیە بۆ خەڵکی راپەڕیو و دەتوانێت لە داهاتووی گۆرانکاریی سیاسی بە ئاراستەی هاتنە ئارای حکومەتێکی دێمۆکراتیک و خەڵکی رۆڵی خۆی بگێرێت.
راستە کە ئاخێزی جەماوەریی و سەرانسەریی ئەم رۆژانەی شارەکانی ئێران لە نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی بە هێز و خاوەن شەرعییەت، بزاوتێکی بێ سەرو پەرتەوازەیە، بەڵام لەرزینی پایەکانی حکومەتی ئایینی و خۆ رزگار کردن لە دەست گوتاری ئیسلامی سیاسیی لە هەناوی ئەم ئاخیزە جەماوەرییە نوییە، بە خێرایی خەریکە دەبێت بە گوتاری زاڵی نێو دروشمەکانی بزووتنەوەکەو ئاسۆگەیەکی گەشتر بۆ گۆرانکاریی سیاسی وێنا دەکات. دیارە گەیشتن بە دادپەروەریی راستەقینە و دێمۆکراسی راستەوخۆ لە ئێران، تەنیا بە رووخان و نەمانی سوڵتەی کۆماری ئیسلامی مسۆگەر دەبێت. چۆنیەتی گەیشتن بەم ئامانجەش، خودی هێزی جەماوەر، رێبەرانی نوێی دڵی بزوتنەوەکە، مانگرتنی بەرینی کرێکاران و مامۆستایان، خەباتی ژنانی یەکسانیخواز و سەرجەم فۆرمەکانی خەباتی مەدەنی و جەماوەرییە کە لە پانتا و پرۆسەی پێگەیشتنی کردەکی و دینامیکی خۆی، چارەنووسی یەکلایی دەکاتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر