۱۳۹۶/۱۰/۱۳

چەند سەرنجێکێکی زۆر کورت لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران – ئەمین سورخابی


هەرچەند نەبوونی زانیاری ورد، نەبوونی ئۆپوزسیۆن یان رێکخراوەیەکی جیدی، نەبوونی پلان یان گوتارێکی دیاریکراو وهەروەها هەبوونی گومان لەسەر چۆنییەتی دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان و هاندانیان لەلایەن پاوانخوازان لەپيناو لاوازکردنی حکومەتەکەی روحانی وکۆمەڵێک پرسیاری جیدی تر لەسەر ئەم ناڕەازایەتییانە، جێگەی تێڕامان و بەدواداچوونە بەڵام جیاواز لەم پرسیارانە سەرنجدان بە چەند خاڵ جێگەی بایەخە.
بکەری سەرەکی ئەم رووداو ناڕەزایەتیانە چینی خوارو هەژاری کۆمەڵگایە. قەوارەی کۆمەلایەتی کۆمەڵگای ئێرانی و ریزبەندی چیینە کۆمەڵایەتییەکان پاش شکستی رێفۆرمخوازان و هاتنەسەرکاری ‌حکومەتی ئە‌حمەدینژاد بەرەبەرە تووشی ئاڵوگۆڕی جیدی بوو. بە جۆرێکە چینی مامناوەند قەبەیی و بەرفراوانی جارانی نەماوە، قوڵ بوونەوەی قەیرانی ئابووری وایکرد کە چینی خوارو هەژارو بێدەرەتانی کۆمەڵگای ئێرانی روو لە زیادبوون و بەرفراوانتربوون، کردوە. 
بەشێکی زۆرلە خوێندکاران و لاوانی بێکار و ژنان بکەری تری ئەم ناڕەزایەتیانەن کە وەکوو تويژێکی کۆمەڵایەتی لەم دوایانەدا دەرکەوتوون، ئەم توێژانە بەرژەوەندییەکانیان تەنیا لەگەڵ چینی خواری کۆمەڵگا یەک دەگرێتەوە.
کەوتنە پەراوێزی هەموو گوتارو هێماکانی ريفۆرمخوازان لەم خۆپیشاندانانە و هاتنە ئارا و دەرکەوتن و زەق بوونەوەی جۆرێک لە گوتاری دژە سیستەم و رووخانخواز کە چیدی بڕوای بە گوتارو هێمای رێفۆرمخوازان نەماوەو تەنانەت سیما هۆنەری و وەرزشییەکان و سلێبریتییەکانیش کەوتونەتە پەراوێز.
هەرلەسەر ئەو بنەمایە دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانیش بۆ یەکەمجار لە شارو ناوچە پەراوێزەکانەوە بوو پاشانیش تارانی تەنیوەتەوە. هەروەها بۆ یەکەمجاریشە ناڕەزایەتی لە کوردستان هەموو ئێرانی بە هەموو نەتەوەکانییەوە گرتوەتەوە لەوانەیە بکرێت ئاستی بەرفراوانییەکەی بە شۆڕشی ١٩٧٩بشوبهێندريت.
لەئەگەری سەرکوت کردنی ئەم ناڕەزایەتیەش خاڵی گرنگ قووڵبوونەوەی قەیرانی شەرعیەتی کۆماری ئیسلامییە لە لای چینی خواری کۆمەڵگاوە کە جاران بنکەی سەرەکی شەرعیەتی بوو. ئەم خۆپیشاندانانە دەبيتە خاڵی وەرچەرخان لە ميژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران و کارئەکاتەسەر بەشێکی زۆر لە ریزبەندییە سیاسییەکانی داهاتوی ئێران.
بە نیسبەت کوردستانیشەوە جیاواز لە پێویستی دەورگێڕانی حیزبە سیاسییەکان لە وەها رووداوێکی گرنگ و چارەنووساز، دەکريت بابەتێکی جیاواز بيت. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە و لەم قۆناخەدا گرنگترە بێ هەڵوێستی و بێدەنگی ئەو کەسانەیە کە بە چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەیانناسین. بێگومان ئەو چاوەڕوانییەی کەلەم کەسانە هەیە لە رێفۆرمخوازانی کورد بە هۆی گرێدراوییان بە تارانەوە نییەو بۆ هەموومان دەرکەوتوە کە چەندە لەهەمبەر کۆمەڵگا بي وەفاو بێ دەربەستن. بەڵام بێدەنگی ئەو چالاکانە بەرپرسایەتی مێژوویی دەخاتە ئەستۆیان. پێموایە بەشداری کوردستان لەم خۆپیشاندانانە بە هەبوونی پلانی تایبەت و تۆکمە پێویستەو دەکرێت ببێتە دەروازەیەک بۆ ئاڵوگۆڕلە چۆنییەتی هەڵسوکەوتی کوردو قەوارە سیاسییەکانی تر لە ئێران. هەروەها پێموایە کاڵفامانەیە کە ئەگەر وا بیر بکەینەوەکە ئەم رووداوانە پەیوەندی بە کوردەوە نییە. هەر چەشنە پاساوهێنانەوەیەک لەم پيناوەدا دووپات کردنەوەی شکستەکانی ترە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر