۱۳۹۶/۱۰/۲۴

ئێران لە نێوان یاخیبون و دیکتاتۆرییدا – بەشی یەک – د. نیاز نەجمەدین


(1) دامەزراندنی رژێمی پاشایەتیی
ئینسان مەخلوقێکی داماو و کڵۆڵە لەوەدا بەشێک لە هاوچەشنەکانی دەگەیەنێتە پلەی خودا، پەیکەریان بۆ دروستدەکات، و دواتر ناچاردەبێت بیانروخێنێت. سەرەتای سەدەی بیست، لەناو جەنگ و قەیراندا، رەزا خان(شا)، پیاوێکی بێکەلتور، قسەنەزان و روشکێن، سەربازێک کە دواتر دەبێت بە سەرداری سوپا و پاشان سەرۆکی حکومەت لە 1923دا، لەناو 12 میلیۆن ئێرانییدا (کە زۆربەیان نەخوێنەواربون و لە دەرەوەی شارەکاندا نیشتەجێ بون)، کۆتایی بە دەستوری قاجاریی دەهێنێت و لە 1926دا تاجی شاهەنشایی لەسەر دەکات، کۆشک و تەلارەکانی پێدەبەخشرێت. لەگەڵ کوڕەکەیدا، کە نزیکەی نیو سەدە لەسەر شانۆی روداوەکانی ئێران دەمێننەوە، نهێنی بەشێک لە درزەکانی حکومڕانیی و یاخیبونەکانی ئەمڕۆی ئێرانمان بۆ دەگێڕنەوە.
بۆ ئەوەی بە پەیژەی هەڕەمی دەستەڵاتدا سەربکەوێت، رەزا شا تەنیا ئازایەتیی، چاونەترسیی و زەبروزەنگی پیشان نەدەدا، بەڵکو مژدەی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن، ئارام و سەقامگیر، بە حکومەتێکی بەهێزەوە، بە گوێی ئێرانییەکاندا دەچپاند. بە چەشنی جێگاکانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئێراندا زەحمەتە لە دونیای سیاسەتدا سەردەربهێنیت و بمێنیتەوە ئەگەر لینکێکت بە ناسیۆنالیزمەوە نەبێت. پیاوانی چواردەوری سەرۆک ئێستا پێویستیان بە بەخشینی نازناوێکە. پەهلەوي باشترین بو، چونکە هێمای قەومیبونی دەردەخست بەو پێیەی ناوێک بو بۆ زمانی فارسیی بەر لە ئیسلام دەگەڕایەوە. بەشێکی گوتارە ناسیۆنالیستییەکە دژی بەریتانیا بو کە 16%ی قازانجی نەوتیان بە ئێران دەبەخشی (هەتا 1933یش، تەنیا بە رێژەی 20% قازانجی ئێران لە نەوت بەرزبوەوە). لەگەڵ هەڵکشانی دەستەڵاتیدا، ئەو ئێرانێکی وێنادەکرد بەریتانیا و روسیای تێدا نەماوە و سەربەخۆ دەژی. بەشێک لە ئێرانییەکان وایاندەزانی ئیدی رزگاریان بو، وا ئێران دەکەوێتەوە دەست خۆیان.
لە کاتی سەرکەوتن بەسەر پەیژەی هەڕەمی دەستەڵاتدا، بەکارهێنانی چەند تەکنیکێکی سیاسیی بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤی برسیی و نەخوێنەواری گەمارۆدراو بە مەزهەب و پڕکراو بە رەگەزپەرستیی، سەرسام و بێدەنگ بکەیت، ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بێت. بە سەردانێکی بۆ نەجەف لە 1925دا، رەزا خان ترسی شیعەکانی بەرامبەر خۆی ڕەواندەوە.
لەناخەوە، رەزا شا تەلیسمی سێکولاریزمەکەی ئەتاتورک، بە کۆپیی کەلتوری رۆژئاواییەوە، کوێری کردبو. دوای سەردانیکردنی لە 1934دا، لە زۆر شتدا مۆدێلەکەی کۆپیی کرد، لەوانە دەوڵەت بو بە باوکی گەشەسەندنی ئابوریی، پەچەی قەدەغەکرد، و هانی خەڵکی دەدا وەک رۆژئاواییەکان بژين. پارادۆکسێک ئەوە بو کە دەبو لە جلپۆشینیشدا کەلتوری رۆژئاوایی پەیڕەوبکەن، کەچی بانگەشەی دەرنانی دەستەڵاتی بیانییشیان دەکرد. گوتارە رۆژئاواییەکە بۆ گێژکردنی بەشێکی تری خەَڵک (بەکاربەران) بو.
هەنگاوی دواتر چییە جگە لە کۆنتڕۆڵکردنی سوپا و خۆگونجاندن لەگەڵ هەیئەی باڵادەست، کە لە ئێراندا بە “مەجلیس” ناسراوە؟ لەگەڵ ئەندامانی مەجلیس خۆی گونجاند و خەرجیی سەربازییشی لە 1920ەکاندا گەیاندە 40%ی خەرجییەکانی حکومەت. وەک پیشەی بەردەوامیان، دیکتاتۆرەکان پارە لەسەر سوپا خەرجدەکەن بەناوی پاراستنی وڵات لە داگیرکاریی، کەچی بەشێکی لە دژی ژێردەستەکانیان بەکاردەهێننەوە. بەڵام هەرەسی رژێمی پاشایەتیی ئێران ئەوەی دوپاتکردەوە کە رۆژێک دادێت دیکتاتۆرەکان هێندە تەنیا دەکەون کەس ئامادە نابێت فیشەکێکیان بۆ بتەقێنێت.
رەزا شا لە دیکتاتۆرەکانی سەردەمی خۆیەوە فێربوبو کە بەبێ درێژکردنەوەی رێگەکان کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگە ئەستەمە. بە گەیشتن بە 1938دا، پانزە هەزار مایل جادە دروستکرابو، لەگەڵ نزیکەی هەزار مایلێک سکەی شەمەنەفەر. لە 1924دا، نزیکەی 3300 قوتابیی لە قوتابخانەکانی ئامادەییدا هەبون، لە 1940 گەیشتە 28200 قوتابیی. لە 1935 زانکۆ لە تاران دەمەزرا. مایکل ئۆکسۆرسی رونیکردوەتەوە کە کردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکانیش جوڵەیەکی سیاسیی بو بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆژەی بیناکردنی سوپایەکی بەهێز و موخابەراتێکی چاوکراوە. ئەو دەیویست هێندە خوێنەواریی بنێرێتە مێشکی خەڵکەوە کە سەربازێک/موخابەراتێکی وریاتر و تێگەیشتوتریان لێدەرچێت. سیستمی تۆتالیتاریی پێویستی بە ئابورییە، دیسانەوە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردن. ئابورییەکی بەهێزی سەربەخۆ ئەوە بوو جێگای هاوردە بگرێتەوە. لێرەوە گەشەی بە توتن، رستن و چنین، هتد، دەدا.
کاتێک رەزا شا پەرژایە سەر دەستکارییکردنی دەستوری وڵات وەک تەواوکاری سیستمە شمولییەکەی، محەمەد موسەدەق ( رابەرێکی گەورەی ناسیۆنالیزمی ئێرانیی سەدەی بیستەم و سەرۆکی یەکێک لە حکومەتەکان) و سەید حەسەن مودەڕیس (پێشەنگێکی مەجلیس) هۆشدارییان لە فراوانبونی دەستەڵاتیدا. لە سیستمی دیکتاتۆرییدا تەنیا هەژاران لەناوناچن، بەڵکو سەرکردە و کەسی باڵادەست و ئەندامانی چینی دەستەڵاتداریش (وەزیر.. ئەندام پەرلەمان..مەکتەب سیاسیی.. هتد) دەهاڕدرێن. دەبێت شوکور بیت بە زیندانییکردن، یان دورخستنەوە لێت ببورن. دەمودەست، موسەدەق زیندانیی کرا و مودەڕیس دورخرایەوە بۆ خوراسان و لە مزگەوتێکدا کوشتیان. تەیمورتاش(وەزیری داد کە بە دەستی شا خۆی کێشەی قازانجی نەوتی وروژاند)، فەیروز، و دەوار کە وەزیری دڵسۆزی بون، دانە دانە یان گیران یان ناچارکران خۆیان بکوژن. حەسەن تەقێزادەش بەختی هەبو بەدورخستنەوەی وازیان لێهێنا.
ئێران هەرچی لێببڕێت، نوسەر و هونەرمەند و ئەدیبی گەورەی لێنابڕێت. سانسۆر گەیشتە نوسین، بیرکردنەوەی ئازادی دەوەستان و قەڵەمی بەرگريكاراني ئازادیی لەکاردەخست، يەك لە دوای يەك دەردەکران. محەمەد تەقێ بەهاری شاعیر يەكێك بو لەوانە. دەبێت ژانی غوربەت و ئازارەکانی تەنیایی لەسەر دیکتاتۆرەکان حساب بکرێن. زۆر لە نوسەران تەنیایی و ئازارەکانی غوربەت خنکاندنی. سادقی هیدایەت 1951 لە فەڕەنسا خۆی کوشت. دەستەڵاتداران وەک کارگە سەیری نوسەران دەکەن، ئەگەر کاڵاکەیان لە خزمەتیاندا نەبو، دەبێت دابخرێت. ئەوان بیر لەوە ناکەنەوە تەنیا یەک تێکستیان(بەرهەمیان) بەختی گەیشتن بە بازاڕی هەبێت، دەشێت دەیان جار زیاتر لە تەمەنی نوسەرەکانیان بژین و بە دەیان سەرزەمیندا ئازادانە بسوڕێنەوە. نوسینەکانی سادق کاریگەریی گەورەی لەسەر نەوەی نوێی ئێرانیی هەبو، دوای نیوسەدەش هێشتا سەری ئەحمەدی نەژاد و هاوەڵەکانی دەئێشان، تا لە 2006 قەدەغەکران.
زانایانی ئاینیی دەیانبینیی کە لە شۆڕشی دەستورییدا -بەتایبەت خوێندن و یاسا- رۆڵی ئەوان بچوکدەکرێتەوە. بەڵام هیچیان پێنەدەکرا. لە 1930کاندا تەواو پەراوێزخرابون. لە 1935، لە مەشهەد سەدانیان گولەباران کرا دوای دەربڕینی ناڕەزاییەکانیان لە خۆپیشانداندا.
گروپ لە دوای گروپ سەرکوت و زویر دەکران: نوسەران، بەشێک لە پیاوانی ئایین، لیبراڵیستەکان، کاسبكاران دوای ئەوەی حکومەت ئیحتیکاری بازاڕی دەکرد، میدیاکاران بە سانسۆرکردنی رۆژنامەکانیان، سیاسییە نەیارەکان.. تەنانەت بەشێک لە ئەفسەرانی سوپاش.
لە سایەی رەزا شا و محەمەدی کوڕیدا (کە لە بەشی داهاتو لەسەری دەدوێم)، رۆژ بە رۆژ رق و کینەی ئەو ئێرانیانەی دەمانەوە و سوێی مەرگ و ونکردنی ئازیزانیان دەچو بە دڵياندا، ئەستور دەبو، دوعایان دەکرد هەرچی زوترە کۆشکەکانی شا بەسەریاندا بڕوخێن و لەژێر پێیان بێنەدەرەوە. دوعاکانی ئەوان گیرابو، بەڵام لەبیریان کرد، لە ئاووئاوەڕۆی شارەکاندا چەندین دیکتاتۆری تر گەرایان دانابو.
………………..
(*) پەراوێز:
دەبێت بڵێم بە کۆلکەشارەزاییەکەوە، لە سێ تەوەردا تیشکێک دەخەمە سەر مێژوی سیاسیی-ئابوریی ئێران لە سەدەی بیستدا. تەوەری یەکەم دەربارەی سەرهەڵدانی عەلمانیەتەکەی رەزا شایە. دووەم، کاریگەریی ململانێ نێودەوڵەتییەکانە لە هەرەسی ئێران و و ئاوابونی سیستمی پاشایەتیی. سێیەم، سەرهەڵدانی خومەینیی و چەقبەستنی رژێمی ئیسلامییە. ئامانجی من شیکردنەوەی دروستبونی سیستمی دیکتاتۆرییە لەژێر ناوی جیاوازدا. تارگێتەکەم ئەو کەسانەن کەم تا زۆر ئاگاداری مێژوی ئێران نین و دەرفەتی خۆفێرکردنیان نەبوە.
سەرچاوە:
– Michael Axworthy، Empire of the Mind: A History of Iran، 2008.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر